کۆچی پێچەوانە!

کۆچی پێچەوانە!


Xدوا بە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی خولی یەکەمی قوتابیانی پۆلی ١٢، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بۆ گشت بەشە جیاجیاکان، زانستی، وێژەیی، پیشەسازی و بازرگانی، کە بە پێی ئەو ژمارانەی بەڕێز وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی خستییە ڕوو ( ١٢٤٥٩٣) قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکانیان کردوە، هەر لە کۆنفرانسەکە سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی هەموو بەشەکان خرانە ڕوو، کە چەندین کوڕ و کچی لاوی زیرەک بەرهەمی ئەو ڕەنجەی خۆیان بینی کە چەندین ساڵە وە بەتایبەتی لە پۆلی ١٢ کێشاویانە، ئەوەی لێرە جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردن و دڵخۆشی بوو وە بەڕێز وەزیری پەروەردە زۆر بە ڕاشکاوی و بە شانازییەوە باسی کرد، سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی هەموو بەشەکان بەشی هەرە زۆریان لە قوتابخانە حکومیەکان بوون، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشیە ، چونکە، سەرەڕایی هەموو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هەرێم و بەتایبەت کەرتی پەروەردەی گرتبوەوە بەڵام مامۆستا بەڕێزەکان هەموو گرفت و قەیرانەکانیان وەلانا تەرکیزی خۆیان خستەسەر ئەو ئەمانەتەی (قوتابیانەی) لەبەر دەستیان بوو چونکەی داهاتووی ئەوان ئامانجی مامۆستایان بوو، وە بە باشترین شێوە ئامادەکاریان کرد بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی قوتابیان ( کە بەڕێژەیەکی زۆر ئەم قۆناغە بڕیار لەسەر هەموو ژیانی قوتابی دەدات، کە ئەمەش جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە), وە خۆشبەختانە مامۆستا و قوتابیە بەڕێزەکان بەرهەمەکەیان بینی کە ئەو ڕێژە زۆرە لە نمرە هەرە بەرزەکان لە قوتابخانە حکومیەکان بوون. چونکە بە داخەوە چەند ساڵێک بوو تەوژمێکی یەکجار بەهێز هەبوو ئاراستەی هزری هاووڵاتیانی کوردستانی بەرەو قوتابخانەی تایبەت ئاراستە دەکرد و دەیگۆڕی! هەول و کۆششێکی یەکجار زۆر درا بۆ بێ بەهاکردنی خوێندی حکومی! بۆیە هاووڵاتیان لە سۆنگەی خەمخۆریان بۆ داهاتووی ڕۆڵەکانیان مناڵەکانیان لە خوێندگە حکومیەکان دەگواستەوە بۆ خوێندگە ناحکومیەکان (تایبەتەکان) تا دەهات ئەم پڕۆسەیە زەقتر و بەربڵاوتر دەبوو، لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر کەسێک یان خانەوادەیەک منداڵەکانیان لە خوێندگە حکومیەکان دەوامی بکردبا هەستیان بە شەرمەزاری و کێماسی دەکرد! بەڵام دەرئەنجامەکانی ئەمسال سەڵماندیان ئەم تەوژم و بیرکرنەوەیە نەک تەنها هەلەبوو بەڵکو خەڵکێکی زۆرییشی بەهەڵەدابرد! ئەوەی مەبەستی سەرکی بابەتەکەیە بە هیچ شێویەک دژی ئەو ڕەوتە نیە کە بڕوایان بەوە هەیە کەرتی تایبەت شانبەشانی کەرتی حکومی خزمەتی بواری پەروەردەی کردوە، هەر لە ڕەخساندنی چەندین هەلی کار وە سوککردنی باری قورسی سەر قوتابخانە حکومیەکان ، بەڵام ڕەنگە نەبوونی چاودێرییەکی بەهێز لەسەر قوتابخانە ناحکومیەکان ئەم دەرئەنجامانەی لێکەوتبێتەوە. لە کۆتایدا پرسیار ئەوەیە دوای ئەم ئەنجامانە کۆچی پێچەوانە دەست پێدەکات, لە قوتابخانە تایبەتەکان بەرەو قوتابخانە حکومییەکان؟

 

 


کامران ابراهیم شێروانی

Top