شرۆڤە بۆ پەیامی سەۆک بارزانی نە هەولێر کابوولە ونە کوردستانیش ئەفغانستان

شرۆڤە بۆ پەیامی سەۆک بارزانی  نە هەولێر کابوولە ونە کوردستانیش ئەفغانستان

 

پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ئێوارەی رۆژی 22-8-2021  یەکێکە  لە پەیامی گرنگ وبەهاداری ئەمرۆی رووداوە گەرمەکانی ناوچە گرگڕتووەکەی رۆژهەڵاتی ناوین . ناوەرۆک و بابەتی پەیامەکە ، هەڵقوڵاوی نێو رووداوەکانی ئەفغانستان وکارەساتی فرۆکەخانەی کابوولە وئاراستەکەی ڕووی لە خەڵکی کوردستان ومیللەتە تێکۆشەرەکەیەتی وناراستەخۆیش رووی لە دۆست ونەیارانی دۆزو پرسی کوردستانیشە .

ئەم پەیامە ، لە ستراتیژیەتی هەستکردن  بە بەرپرسیاریەتی سەرۆک بارزانی و پێگە وهێزی ئیرادە ورەوایی مافی نیشتیمانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە. مەبەست لە گەیاندنیدا لەم کات و ساتەدا تەنیا  هەر بەرپەچ دانەوە و ڕەواندنەوەی نیگەرانی ومەترسی ودڵە ڕاوکێیی ونا ئومێدیی نییە لەلایەن کەسانێکەوە  بە مەبەستەوە ئاراستەی خەڵکی کوردستان کراون وەک لەدێری یەکەمی پەیامەکەدا هاتووە ( ماوەی چەند رۆژێکە تەوژمێکی سیاسی ومیدیایی ) بەوئاراستەیە کاردەکەن، بەڵکومەبەستی  تری پەیامەکە  پێشان دانەوەو خستنە بە چاوو هێنانەوە وئامادەگی نێوهزری میللەت وخەڵکی کوردستان وجیهان و دەورو بەرە بۆ ڕەوایەتی ماف و دۆزێک کە لە کوردستاندا میللەتە تێکۆشەرو پێشمەرگە قارەمانەکانی بە ئیرادەی پۆڵاینەوەخاوەنداریەتی دۆز وپرسە مێژوویە دەکەن .

کەوتنی حکوومەتی ئەفغانستان وگرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هەر چۆنێک بووبێ، هاتنەوەی تالیبان بۆسەر شانۆی رووداوەکان  وکشانەوەی ئەمریکا لەوێ و بەخۆ نەکەوتنی هەزاران بەر هەزاری ئەفغانییان بۆگەیشتنە نێوفرۆکەی ئەمریکی  تاڵترین دیمەنی گەلێکی زوڵملێکراوی بێ فریاد رەسی غەفڵەتگیری فریودراوە ،

لەو دیمەنە گشتییە کارەسات بارەدا، چەندە ئەمریکییەکان ویارییە سیاسیەکەیان  بەرپرسیارییەتییان  دەکەوێتە ئەوەستۆ ئەوەندەش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ولاتانی زلهێز وناوەندەکانی مافی مرۆڤ تێیدا زمان کورت ولچ شۆڕن  بەرامبەر خەڵکە ڕەش و ڕووتە لێقەماوەکەی ئەفغان  .

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەی دا وێرای ئەوەی دڵنیایی وئارامی دەبەخشێتەوە ، تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانیش بە کۆمەڵگای بەهێزی خاوەن باوەروگەل و

 میللەتی هوشیارو خۆراگری ئازاو جەربەزە و ئازارچەشتەی رۆژگارە سەختەکان پێشان دەداتەوە ، نەک پێچەوانەکەی  پێشاندانی گەلێکی بێ خاوەنی وەک ( مێگەلی دەم رووداوەکانی پەرتکە وزاڵ ) ی ( تەوژمە سیاسی و میدیاکان) لەپەنای کابوول و تاڵیبانەوە وا وێنای گەلی کوردستان بە ناشیرینی وکرێتی نیشان بدەن .

هەروا لەناوەرۆکی پەیامەکەدا ئەوە دەخوێنینەوە کە گەلی کوردستان لەدەرەوەی سنووری پارت و حزبەکانیشەوە خاوەنی سەرۆک و رابەر فریادرەس وکاریزمای مێژوویی و مێژووکردەی خۆیەتی و لەژێر چەتری ئارام و دڵنیایی پێشمەرگە قارەمانەکانیدا ژیانی سەرفرازی و شکۆمەندی خۆی بەسەر دەبات ، نەک ژیانی مێگەلی نێو گاڕانی حوشترەوان و گامێشەوانی ئەوم ئەو .

گەلی کوردستان ومیللەتە تێکۆشەرەکەی چەتری دڵنیایی وپارێزراوی قارەمانیەتی وگیانفیدای وەک پێشمەرگەی هەیە . ئەو پێشمەرگەیەی ناوی پیرۆزی چۆتە نێو فەرهەنگی  دونیای بە ئاگا و وەک سومبوڵی بەرگری تێکۆشانی گەلانیش بۆتە هێماو ئاماژە .

سەیری ئەم چەند رستەیەی پەیامەکەی سەرۆک  بارزانی بکەن ودواترلایەنە  بەراوردکارییەکە دەخەینە بەرهزرو شرۆڤەکاری :

(جیاوەزییەکی زۆرلە نێوان ئەفغانستان و کوردستاندا هەیە ، جیاوازیەکی زۆریش لە نێوان پێشمەرگەو سوپای ئەفغانستان هەیە . پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسکی گەلی کوردستانە ، خاوەنی سەدان داستانی مێژووی و قارەمانێتییە ، نموونەیان داستانی کۆڕێ و تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەکانی پردێ و سحێلان .)

ئەم بڕگەیەی  نێو ئەو پەیامە کە یەکێکە لە کڕۆکی مەبەستی پەیام دوای چەند کاتژمێرێک کەمتر لە 24  کاتژمێر دوای گەیشتنی تالیبان بە کابوول ، لێرە لە کوردستان ئەو تەوژمە سیاسی ومیدیایی لە شێوەی هەڵمەتی میدیایی ئاراستەکراو شرۆڤەو بۆچوونی وایان هێنا گۆڕێ کە هەڵقووڵاوی نێونیگا وهزری(بە کابوول بوونی هەولێروبە ئەفغانستان کردنی کوردستان) ەوە سەرچاوەیان گرتبوومەرام و مەبەستیش لێیی نانەوەی ترس و تۆقاندن و پشێوی و ئاژاوەی سیاسی و تێکدانی ئارامی و ئاشتەوایی کۆمەڵگای کوردستانی بوو .

خاوەنی ئەم دیدگاو نیگا بینینانە ، هەڵگری هەر ناوو نازناوێک بن و،  سەر بە پاشخانی هزری هەرلایەن و پارت و رێکخراو کۆمەڵەێک بن ئەم هاوکێشە و پێکگرتن و بەبەراوردکردنە (بە کابوولبوونی هەولێر، بە ئەفغانستان کردنی کوردستان)، نەک هەردەچێتە نێو خانەی زڕە خەون وخەونی حوشتر، بەڵکو  بەراوردکارییەکەی لەنێوان ( هەولێر- کابوول ، کوردستان – ئەفغانستان ) هیچ ئەگەر ومەگەرێک هەڵناگڕێ جگە لە خەیاڵی سەقەتی نێو هزری سەقەت .

ئەو بەراودکاری و پێکگرتنەی ئەوان لە کاتێکدایە جیاوازییەکانی نێوان ئەفغانستان و کوردستان ، پێشمەگە و سوپای ئەفغان ئاسمان ورێسمانە وەک سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێداوە .

ئاماژەکانی نێو پەیامەکە مانا دار واتا  بەخشن ئەو رەهەندانە لەخۆ دەگرێ :

داستانی کۆڕێ ، تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش ، داستانی پردێ و سحێلا .

ڕەهەندەکانی ئەم سێ داستانە مێژوویە ،هاوچەرخی و سەردەمییەی بوونە ، مێژوو وتەمەنیان لە ماوەی نێوان  سی (30 )ساڵ  دایە ، هەرسێکیان بۆ بزاڤی رزگاریی نیشتیمانی کوردستان وەرچەرخان وخاڵی درەوشاوە و شکۆمەندی مێژووین .

لە دەربەندی کۆڕێ بە قارەمانیەتی پێشمەرگە وهێزی ئیرادەی  بەرخودان و بەرگری  سەرکەوتنی داستانەکە لە مانگی نیسانی ساڵی 1991  هاتە دی . لەکاتێکدا کۆچی ملیۆنی خەڵک و گەلی کوردستان سنوورەکانی ئێران وتورکیایان بڕیبووبە لێشاو لەترسی پەلاماروهێرشی دیکتاتۆریەتی بەغدا شاریان جێ هێشتبوو ئەوە تەنیا و تەنیا ئیرادەی  پێشمەرگەی گیانفیدا بووبێ هاریکاری هاوپەیمانان و

یارمەتییەکی سەربازی وڵاتانی دەرەکی لە دەربەندی کۆڕێ سەنگەری خۆنەچەماندنەوەو بەرخودانیان هەڵبژارد ، ئەم بەرگرییە لەکاتێکیش دا بوو رێگا بە فڕینی فرۆکە جەنگییەکانی بەغداش درابوو ، بەڵام  چەند ساتێ لە ساتەکانی بەرخودانی دەربەندی کۆڕێ سەرۆک مەسعود بارزانی لەگوتارە ناودارە گرنگە شۆڕشگێرییە جەماوەرییەکەیدا بەڕووی هەزاران لە جەماوەری گەلی کوردستاندا لە  شارۆچکەی سۆران  ڕوون وڕەوان و ڕاشکاو وبوێرانە گوتی :

(ئێمە کوردستان جێ ناهێڵین ،مەگەر تانک وزریپۆشەکانی رژێم بەسەرجەستەی ئێمەدا تێبپەڕن)  .

ئەم گوتارەی سەرۆک بارزانی لە ئەوساوە لە نیسانی ساڵی 1991 وە  بۆئێستا و ئایندە ، سەرباری ڕەهەندە سیاسیی و شۆرشگیرییەکەی لەمێژووی سیاسی بزاڤی رزگاری خوازیی گەلی کوردستاندا بە یەکەمین گوتاری شۆڕشگیڕی بەرگری نیشتمانی دادەنرێیت،هەڵقوڵاوی ناخ وهزروبەرنامەی کاری سەرۆک و رابەرێکە بەرپرسیارەتی مێژوویی گەلێکی لە سەرشانە وپێگەو ڕۆڵ وپایەی ئەوەی لێ قبووڵ ناکات خۆی شەرمەزاری میللەت و خەڵک و خوا و مێژوو بکا ،  بۆیە ڕاشکاو و بوێرو ئازاو جەسوورو لێبراوانە بریاری بەرگری و بەرخودان و خۆنەچەماندنەوە هەڵدەبژێرێ .

لە مێژووی گەلانی دونیاشدا ، گەلانی تێکۆشەر و خەباتکار لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی ئەو جۆرە  بریارانە هەر تەنیا  بە سەرۆک و رابەرانی مێژووکردە دەدرێن و جێ بەجێ دەکرێن  نەک سەرۆک و رابەرانی بە بریارکردە . جا ئەوەیە خاڵی جیاوازو جیاکاری لە نێوان ( سەرۆک و رابەری مێژوو کردە ) و( سەرۆک ورابەری بریار کردە ) .

شانازییە بۆگەلی کوردستان کە بەخت و شەنس یاریەتی مەسعود بارزانی هەیە

سەرۆک وڕابەرێکی مێژوویی خۆی هەیە ، نەک سەرۆک و ڕابەرێک بە بریارو رێککەوتن سەرۆک و ڕابەر بێ  خۆشبەختی و شانازی و بەختەوەری گەلی کوردستانیش لەوەدایە ئەوسەرۆک و ڕابەرە، ئەوەندە شانازی بە ناسناوو نازناوی ( پێشمەرگە) بوونی خۆی دەکات ئەوەندە لەخەمی ناسناوی تردانییە.ناحەزانیش با لەداخا یەخەی خۆیان هەردادڕن.

رۆژگارو مێژوو، مێژووی نزیکیش  هەر ئەو راستییەی  سەلماندن ، بە بوون و ئامادەبوونی  مەسعود بارزانی سەرۆک وڕابەرو پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ و ئیرادەی قارەمانانەی پێشمەرگە گیان فیدایی  خۆراگری خەڵکی کوردستان ئەو  تەلیسمەی  داعش تێکشکا و گۆڕەوشار بوویەوە .

ئاخر بەرێز بارزانی لە باگڕاوەندەی یارییەکە تێگەیشت بوو وپەی بە ماهیەتی داعش و داعشیەت بردبوو. بۆیە هەر زوو ئەوسا و ئێستایش  هەر دەستەواژە و واژەی ( ئەفسانەی داعش ) ی بۆ بەکاردەهێنان .

لە قارەمانیەتی گوتارو کردەوەی شۆڕشگێری ( سۆران و کۆڕێ )وە بۆ تێکشاندنی ( ئەفسانەی داعش ) پاشان تێکشکانی گەلەکۆمەکی دوای 16ی ئۆکتۆبەرلەداستانی

پردێ  20ی ئۆکتۆبەر ولە داستانی سحێلا 26 ی ئۆکتۆبەر تۆ بڵێیی کەسانێ هەبن غەفڵەتگیر بن و خەیاڵی ئەوەیان هەبێ ئازاری خەڵکی کوردستان بدەن ..؟

ئەی  ئەوسا سەرۆک بارزانی گوتەنی ( بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر)  .

ئەی ئەوە غەفڵەتگیرییە یا نەزانی و تێنەگەیشتنی کەسانێکە :

هێشتا نەیانتوانییوە لە ئیرادەو خۆڕاگری گەلەکەیان ، گەلی کوردستان  تێبگەن و بەراورکاری سەیرو سەمەرەش دەکەن ..؟

 

Top