ئامادەکارییە لۆجیستییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواوكراون

ئامادەکارییە لۆجیستییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواوكراون

 

بەرپرسێكی باڵای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوە کردۆتەوە، كە کۆمسیۆنی باڵا هەموو ئامادەکارییە لۆجیستییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا تەواوكردووە وتوانایان هەیە كە  لەکاتی خۆیدا واتا لە 10ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەم ساڵدا پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ کێشە بەڕێوە ببەن.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە لیژنەیەکی باڵا پێكهاتووە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانەی کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەنجامدەدرێن. ئاماژەی بەوەش كرد كە هەماهەنگیی تەواو لەنێوان کۆمسیۆن و دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە بە مەبەستی پاراستنی گیانی چاودێرە ناوخۆیی و بیانییەکان.

 

لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە کشانەوەی چەند حزبێک لە هەڵبژاردنەکان، بەرپرسەكە ڕوونی كردەوە كە ژمارەی کاندیدان گەیشتووەتە سێ هەزار و ٢٤٩ کەس، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاندیدێک داوای کشانەوەی نەکردووە و کۆمسیۆنیش دەرگای پاشەکشەکردنی لە مانگی رابردووەوە داخستووە.

 

شایانی باسە بڕیارە لە رۆژى ١٠ى مانگى تشرینی یەكەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردن لە عێراق بەرێوەبچێت، نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و یەکێتیى ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانى جیهان، نوێنەرى تایبەتى خۆیان دەنێرنە عێراق بۆ چاودێریکردنى پرۆسەکە.

Top