برنج و قەلیە و دۆندرمەی كوردەواری

برنج و قەلیە و دۆندرمەی كوردەواری

 

لە كوردەواریدا چەندین خواردنی بە جێژ و بە لەزەت هەن، تەنانەت لە شوێنە گشتییەكانیشدا بوونەتە مایەی داواكاریی زۆربەی خەڵك، ئەگەر برنجی كوردی وەك نموونە وەربگرین، یەكێكە لەو خواردنانەی كە لە زۆربەی خواردنگە و رێستۆرانتە كاندا خەڵكی خۆمان و گەشتیارانیش داوای دەكەن. شارۆچكەی ئاكرێ، سەرچاوەی برنجی كوردییە، ساڵانە لەو دەڤەرە هەزاران تەن برنجی كوردیی دەنك ورد و خڕ دەچێنرێت و، پاشان بۆ زۆربەی كوردستان و تەنانەت دەرەوەش دەنێردرێت، ئەوانەی سەردانی ئاكرێ بكەن، بەبێ خواردنی برنجی كوردی و قەلیە و دۆندرمەی ئاكرێ ناگەڕێنەوە، خۆشی و تامی برنجی كوردی، لەگەڵ قەلیە بە گۆشت، بۆتە جێگەی سەرنجی خەڵكی خۆمان و گەشتیاران، لە چێشتخانەیەكی ئاكرێدا، خاوەن چێشتخانەكە دەڵێ: زۆربەی گەشتیاران و تەنانەت خەڵكی شارەكانی دیكەی كوردستانیش تەنیا بۆ برنجی كوردی و قەلیە دێنە ئاكرێ، ئەمە سەرەڕای جوانی و درەوشانەوەی ئاكرێی قەشەنگ، دۆندرمەی ئاكرێش یەكێكە لەو شیرنییانەی كە بە شیری خۆماڵی دروست دەكرێت. دۆندرمەی ئاكرێ مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1958) كە بۆ یەكەم جار لە بازاڕی (مقیم) نزیك مزگەوتی گەورەی ئاكرێ دانرابوو، پاشان گواسترایەوە بۆ نزیك قشڵەی ئاكرێ، دۆندرمەی ئاكرێ بە شیری خۆماڵی دروست دەكرێت، تا ئێستا بەهۆی زۆریی داواكاری خەڵكەوە سێ لقی لە ئاكرێ و لقێكیش لە هەولێر كراوەتەوە، دۆندرمەی ئاكرێ ڕۆژانە دروست دەكرێت و بۆ تەواوی شارەكانی دیكەی كوردستان دەنێردرێت.

 

 

Top