ئاوات زەردەشتی نوێنەری زەردەشتیانی كوردستان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان: بۆ پتەوكردنی دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و یاسایی باشترە ئایین لە دەوڵەت جیا بكرێتەوە
ئایین پەروەردەكردنی مرۆڤە، بۆ چاكە و خوداناسی و بنەماكانی پێكەوەژیان و بۆ خۆشەویستی و لێبووردەیی و ئاشتی دامەزراوە
ئاوات حوسامەدین تەیب كە بە ئاوات زەردەشتی ناسراوە و نوێنەری زەردەشتیانی كوردستانە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ گۆڤاری گوڵاندا، وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە كە پەیوەست بوون بە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان و بۆچوونی زەردەشتییەكان لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان، جەختیش لەوەدەكاتەوە كە ئەو ئامانجە ئیستراتیژییە بە سیاسەت و پلانی گونجاوی گەلی كوردستان دێتەدی، هەروەها یەكڕیزی و تەبایی هێزە سیاسییەكانی كوردستان فاكتەری زامنی گەیشتنە بەوئامانجە، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.
* ژمارەی زەردەشتییەكان لە كوردستان نزیكەی چەند دەبێت و چڕیی نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی كوردستان زیاتر لەكوێیە؟
- ژمارەی زەردەشتییەكان پانزە هەزار كەس دەبن، كە بە فۆڕم تۆمار كرابن، كە لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و شارۆچكەكانی كۆیە و كەلار و هەڵەبجە و دەربەندیخان، هەروەها لە بەغدا و شوێنی دیكەش نیشتەجێن.
* زەردەشتییەكان چۆن دەڕواننە بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئەو یاسایانەی تایبەتن بەمافی پێكهاتەكان؟
- زەردەشتییەكان سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ هەموو ئەو یاسایانەی كە مافی پێكهاتەكان لە كوردستان دەستەبەر دەكات، بە ڕاستی لەم بارەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەر و بێ وێنەیە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە لەبەر ئەو ئازادییەی لە كوردستان هەیە، زۆر لە ئایینەكان لە خوارووی عێراق، وەك كریستیان و سابیئەی مەندائی و بەهائییەكان ڕوویان كردووەتە كوردستان، كە لە كەش و بارودۆخێكی ئازادانە ڕێوڕەسمی ئایینیی خۆیان بەبێ ترس جێبەجێ دەكەن، بەتایبەتی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠١٥ كە بە یاسای ئازادیی ئایینی و بیروباوەڕ ناسراوە، یاسایەكی گرنگ و كەم وێنەیە لە ناوچەكەدا، زەردەشتیانی كوردستان ئەم یاسایە بە یاسایەكی گرنگ دەزانن، چونكە دوای ١٤٠٠ ساڵ بۆ یەكەم جار لە كوردستان، بەم یاسایە زەردەشتییەكان بە فەرمی و بە یاسا وەك ئایینێكی كۆنی كوردی یەكتاپەرستی ناسێنراون، هەر بۆیە زەردەشتییەكان ئەم یاسایە بەتایبەتی و هەموو یاساكانی مافی مرۆڤ كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچوون، بەرز دەنرخێنن.
بەڵام یاسای ژمارە پێنج پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی بە كردار ئەم یاسایە جێبەجێ بكرێت، لە ڕووی بەرجەستەكردنی بڕگەكانی لە بەخشینی ئاسانكاری و پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی لە ئەرزی واقع، یەكەم ناساندنی ئەم یاسایە بە هەموو دەزگانی حكومەت پەیوەندیدار بە جێبەجێكردنی، چونكە تا ئێستا ئەم یاسایە لە لایەن زۆربەی كارمەندان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ناسراو نییە، بۆ ئەوەی بڕگەكانی جێبەجێ بكەن، هەروەها تا ئێستا هەموو چالاكییەكانمان كە بەشداریمان تێدا كردووە، خۆبەخش بوون، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف ئەو چالاكییانەی كە دەیكات بۆ پێكەوەژیانی ئایینی لە كوردستان و داوادەكات كە نوێنەری ئایینەكان بەشداری بكەن، باشترە كە تێچوویی ئەم چالاكییانە بگرێتە ئەستۆ.
لە هەمان كات پێویستە وەزارەتی ئەوقاف كارئاسانی بكات بۆ پێكهاتە ئایینەكان سەبارەت بە داواكاریەكانیان بە ئەندازەی قەبارە و ژمارەی پەیڕەوانیان لە كۆمەڵگەی كوردستان.
* یاساكانی پەرلەمان و هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لە پەرەپێدانی پێكەوەژیانی ئایینی و دەستەبەركردنی مافی پێكهاتەكان چۆن دەبینیت؟
- یاساكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەركردنی پێكەوەژیانی ئایینی بەرز دەنرخێنین، بەڵام ئەم یاسایانە تەنیا پێكەوەژیانی لە دەستەبژێری ئایینی و دەستەبژێری كارمەندانی حكومەت بەرجەستە كردووە، دانەبەزیوە بۆ خوارەوەی تاكی پەیڕەوانی ئایینی زۆرینەی موسڵمان، چ لە شەقام و چ لە پیاوانی ئایینی، بۆ نموونە مەلایەكی سەلەفی لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ لە سایتی خۆی بە ڤیدیو بڵاوی كردەوە و بە ئاشكرا دەڵێت: (ئایینی زەردەشتی و زەردەشتییەكان كافر و ئاگرپەرستن و هاوسەرگیریی مەحارم دەكەن)، لەسەر ئەوە نوێنەری زەردەشتیان بە نووسراو ئەو پێشێلكارییەی كە دژی یاسای ژمارە پێنجی ٢٠١٥ ی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە هەمان كاتدا دژی پرۆسەی پێكەوە ژیانە لە كوردستان، بەرزكردەوە، هەرچەندە ئەمە ئەركی وەزارەتی ئەوقافە بەدواداچوونی بۆ بكات، بەڵام بەداخەوە ئەم مەلا ناوبراوە لە جیاتی ئەوەی كە لێپرسینەوەی یاسایی لێ بكرێت، ئەو سكاڵای لەسەر خاتوو ئاوات حوسامەدین تۆمار كردووە و بە هۆی وەزارەتی ئەوقاف ئاگاداریان كردووەتەوە، كە لە بنكەی پۆلیسی خەبات لە هەولێر ئامادە بێت، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە كەموكوڕی هەیە لە جێبەجێكردنی یاساكانی دەستەبەركردنی مافەكانی پێكهاتەكانی ئایینی لە كوردستان، كە ئەوەش دەبێتە هۆی پێشێلكردنی پرۆسەی پێكەوەژیان لە كوردستاندا، بۆیە داواكارین كە بەشی یاسایی لە وەزارەتی ئەوقاف زیاتر بە تەنگی ڕێگەگرتن لەم جۆرە پێشێلكارییانەوە بێت.
* تێڕوانینی زەردەشتییەكان بۆ مافی سەربەخۆیی كوردستان و ئایندەی سیاسی و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان چۆنە؟
- لە لای زەردەشتییەكان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و خاك و گەل و نیشتمانی كوردستان وەك ئەركێكی ئایینی دەبینن و سەربەخۆیی كوردستان بە چارەنووس دەزانن، زوو یا درەنگ، بەڵام زەردەشتییەكان لەو بڕوایەدان كە ئەم ئامانجە ئیستراتیژییە بە سیاسەت و پلانی گونجاوی گەلی كوردستان دێتەدی، هەروەها یەكڕیزی و تەبایی هێزە سیاسییەكانی كوردستان فاكتەری زامنی گەیشتن بەم ئامانجەیە و مافێكی ڕەوای مێژوویی گەلی كوردستانە.
* ئەزموونی پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەچ پێگەیەكدایە؟ چۆن گشتاندن بۆ ئەم ئەزموونە بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق بكەین؟
- ئەوەی ڕاستی بێت، هەرێمی كوردستان پێشەنگە لە ئەزموونی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بێ وێنەیە، سەبارەت بە چۆنیەتی گشتاندنی ئەم ئەزموونە بۆ ناوچەكانی عێراق، دوو ڕێگا هەیە، كە زەمینە خۆش دەكات بۆ گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ عێراق، یەكەم بە هەوڵدانی فراكسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق و بە ڕێككەوتن لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمانی عێراق، دەتوانن زەمینە خۆش بكەن، بۆ دەركردنی یاسای زیاتر بۆ فراوانكردنی ئازادیی ئایینی لە دەستووری عێراق، دووەم ڕێگا كە تەواوكەری هەوڵەكانی فراكسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەویش هاندان و هاوكاریی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی كوردستان، بە هاوكاریی ڕێكخراوەكانی مەدەنی عێراق، زەمینەسازی بكەن بۆ دەركردنی یاسای فراوانكردنی ئازادیی ئایینی، بە هەمان شێوەی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠١٥ی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێت بۆ گشتاندنی ئەزموونی پێكەوە ژیان لە سەرتاسەری عێراق.
* زەردەشتییەكان دەیانەوێت دەستووری چاوەڕوانكراوی هەرێمی كوردستان چۆن بێت؟
- زەردەشتییەكان ڕێز لە هەموو ئایینەكان دەگرن و ددانی تەواو بە ئایینی ئیسلامدا دەنێن، هەروەها ڕێز لە پیرۆزییەكانی هەموو ئایینەكان دەگرن، بەڵام زەردەشتییەكان بۆ پتەوكردنی دەوڵەت كە ببێتە دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسایی، كە بە یەكسانی مافی هەموو پێكهاتەكان دەستەبەر بكات و بپارێزێت، باشترە ئایین لە دەوڵەت جیا بكرێتەوە، چونكە زەردەشتی پەیامبەر بەر لە ٣٧٦٠ ساڵ لەمەوبەر لە سروودەكانی ئاهورایی كە لە سرووشی واتە (وەحی) خودای تاك و تەنیای (ئاهورا مەزدا)، واتە دانای مەزنی بوونبەخش بۆ عەقڵی ڕۆشەنگەریی زەردەشتی پەیامبەردا هاتووە (نابێ بە هیچ جۆرێك ئایین تێكەڵی دەستەڵاتی حوكمڕانی بێت، چونكە هەردووكیان گەندەڵ دەبن).
* مێژووی زەردەشتییەكان چ پەیامێكی بۆ ئێستای خەڵكی كوردستان دەبێت؟
- پەیامی مێژووی زەردەشتییان، لە ئایینی زەردەشتیدا، ئایین پەروەردەكردنی مرۆڤە بۆ چاكە و خوداناسی و بنەماكانی و پێكەوەژیان و خۆشەویستی و لێبووردەیی ئاشتی دامەزراوە، لەسەر بنەمای سێ چەمكی ئەخلاقی (بیری چاك و گوتاری چاك و كرداری چاك)، كە بە داهێنانی ئەم چەمكانە لە هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی و لەگەڵ مرۆڤەكانی دیكە و لەگەڵ سرووشت و ژینگە، مرۆڤێكی ئاشتیخواز و بەختەوەر و خێزانێكی ئاسوودە و بەختەوەر و كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخوازی پێشكەوتوو، دەوڵەت و شارستانیەتێكی ئاشتیخوازی پێشكەوتوو و خوداناس. پەیامەكەشی ئەوەیە كە نابێ ئایین و دەسەڵات تێكەڵ بكرێن، كە هەر وەك زەردەشت پەیامبەر باسی كردووە، بەڵام لە دوای زەردەشت، بە هۆی لادانی پیاوانی ئایینی زەردەشتی، ئایینی زەردەشتی بۆ ماوەی ١٤٠٠ ساڵ خەفە كرا، ئەوەش بە هۆی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی كە ٧٠٠ ساڵ پڕ لە ئەزموون دەوڵەت و شارستانیەتییەكی پێشكەوتوو، دووچاری ڕووخان بوو، ئەوەش بە هۆی تێكەڵكردنی ئایین و دەوڵەت، بە هۆی پیاوانی ئایینیی زەردەشتی، كە ئایینیان بەكارهێنا بۆ چەوسانەوە و خۆدەوڵەمەندكردن لەسەر حیسابی خەڵك، ئەوە بوو دەسەڵات و ئایین گەندەڵ كران و میللەت لە كاتی تەنگانەدا بەرگری لە خاك و نیشتمانەكەی نەكرد، چونكە گەندەڵكاران دیوارێكی ئەستووریان دروست كردبوو لە بەینی خۆیان و میللەتدا، بۆیە پەیامی مێژووی زەردەشتیان، ئەوەیە كە جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت مەرجی بنەڕەتیی دەستەبەركردن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و هەموو پێكهاتەكانە، وەك دەڵێن ئایین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەمووان بە یەكسانی.