بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: پارتی پشتئەستورە بە جەماوەری خۆی بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەرئەنجامێكی بەرچاو بەدەست بهێ

بەشار كیكی  جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  پارتی پشتئەستورە بە جەماوەری خۆی بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەرئەنجامێكی بەرچاو بەدەست بهێ

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان، تاكە هێزە بەبێ ئەوەی هیچ هاوپەیمانییەكی لەگەڵ هیچ لایەن و هێزێكی كوردستانی، یان عێراقی بكات، بەشداریی هەڵبژاردنی كردووە

 

گرنگە ئەم قۆناغە سەختەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە هەڵبژاردن تێپەڕێنین

 

پرسی بەشداریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا پرسێكی بنەڕەتی بووە و دوایین هەڵبژاردنیش ئەوەی خستەڕوو كە پارتی قورسایی جەماوەری خۆی هەیە و، دەتوانێت دەرئەنجامێكی بەرچاو بەدەست بهێنێت، هەر بۆیە خۆئامادەكردنی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە و بەشداریكردنی بە متمانە و باوەڕبەخۆبوونەوە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

* پێش ئەوەی بێینە سەر بابەتی سەرەكیمان كە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقە، پرسیار ئەوەیە بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق چۆن دەخوێننەوە؟ ئایا ئەم بارودۆخە تاچەند لەبارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد؟

- من پێموایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن خۆی لەخۆیدا تەحەددییەكی گەورەیە، بێگومان زەحمەتە لە عێراقدا هەموو فاكتەرەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف دەستەبەر بكرێن، بەڵام گرنگیشە ئەم قۆناغە سەختەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە هەڵبژاردن تێپەڕێنین. كە بێگومان كۆدەنگی هەیە، لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە و پێشوازیی لێ كراوە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی جیهان و مەرجەعییەتی شیعە و زۆربەی زۆری كوتلە سیاسییەكان. ئێمە پێمانوایە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە، بەندە بەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن چۆن دەبێت، بێگومان ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش ئەو هێز و لایەنانەش ئیحراج دەكات كە دەیانەوێت بەبێ هەڵبژاردن خۆیان بەسەر خەڵكدا بسەپێنن، هەر بۆیە دووپاتی دەكەمەوە كە هەڵبژاردن چارەسەرییەكی باشە بۆ دۆخی ئێستای سیاسیی عێراق، هەرچەندە چارەسەرێكی بنبڕ و كۆتاییش نییە، چونكە هەندێك كێشە لە ڕووی ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە هەر دەمێنێت، بەڵام ئێمە ئومێدمان ئەوەیە كە هەڵبژاردن بەشێكی زۆر لەو كێشانە -بەتایبەتی لەڕووی سیاسییەوە- چارەسەر بكات. بۆ نموونە پێمانوایە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هێزە سیاسییەكان ناچار دەكات كە حكومەتێك لەسەر بنەمای زۆرینەی سیاسی پێك بێنن، نەك هەر هەمووی بەشدار بن لە حكومەت، بەڵكو زۆرینەی سیاسی ئەو هێزانەی براوەن بەشدار بن لە پێكهێنانی حكومەتدا بۆ ئەوەی ئەوان بەرپرسیارێتییەكە هەڵبگرن.

* هەڵمەتی هەلبژاردنەكانی عێراق دەستی پێ كردووە، لە هەمانكاتدا كۆمەڵێك هێزی سیاسییش لە پرۆسەكە كشاونەتەوە، ئایا چۆن سەیری ئەو دۆخە و پرۆسەی هەڵبژاردنەكە دەكەن؟

- ئەوە ئاشكرایە كە كۆمیسیۆن ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە، هەرچەندە هەندێ كەموكوڕی لێرە و لەوێ هەر دەمێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆمیسیۆن دەزگایەكی بەرپرسە، ئەوا كاتێك ئامادەیی خۆی نیشان دەدات، بۆ ئیدارەدانی هەڵبژاردنەكە، ئەوا مانای وایە هەڵبژاردنێكی گرنگ ئەنجام دەدرێت. دواتر ئەو لایەن و حزبانەی كشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەكە ڕاگەیاندووە -جگە لە ڕەوتی سەدر- قورسایی هەڵبژاردنیان كەمە و نفووزیان لە ناو حكومەت و پەرلەمان زۆر كەمە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئێمە ڕێزیان لێدەگرین، چونكە ئەوە هەڵویستی خۆیانە و ئەگەر بە تاكتیكیش بەكاری بێنن، هەر مافی خۆیانە و بۆی هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەوڵبدرێت موقتەدا سەدر ڕازی بكرێت و بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەكە. هەروەها ئەو هێزانەی ڕایانگەیاندووە لە هەڵبژاردنەكەدا بەشدار نابن، ئەوە كاریگەری لەسەر پرۆسەكە نابێت و هەڵبژاردنەكە ڕاناوەستێت، چونكە پەیوەست نییە بەوە و ناپرسێت كێ بەشداری دەكات و، كێ بەشداری لە هەڵبژاردنەكە ناكات، لەبەر ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە ئیستحقاقێكە و داواكاریی زۆرینەی خەڵكیش بووە، بەتایبەتی دوای خۆپیشاندانەكان چەندین كەس شەهید و بریندار بوون و ئەنجامدانی هەڵبژاردن باشترە لەوەی نەكرێت، ئەگەر هەڵبژاردن لە 10/10 ئەنجام نەدرێت، ئەوا لە ساڵی داهاتوو هەر ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، باشە، چونكە عێراق دەچێتە قۆناغێكی دیكە و گۆڕانكاری ڕوودەدات، ئەگەرچی گۆڕانكاریی گەورەش نابێت، بەڵام لە25 % و زیاتریش گۆڕانكاری ڕوودەدات، كە هەندێ كەسی سەربەخۆ دێنە ناو پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی بەرەو ئاقارێكی نوێ دەڕوات. واتە هەڵبژاردن ڕێگایەكی باشە بۆ ئەوەی چارەسەری دۆخی چەقبەستووی سیاسیی عێراق بكات.

* پارتی دیموكراتی كوردستان وەك لایەنێكی سیاسی گرنگی كوردستانی و عێراقی دەستی كردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن، ئایا پارتی لە چەند پارێزگای عێراق كاندیدی هەیە بۆ ئەم هەلبژاردنە و، تاچەند ئومێدی ئەوە هەیە هەر بە هێزی یەكەم لە هەڵبژاردنەكان بمێنێتەوە؟

- پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردن تەواو كردووە و، لیستی پاڵێوراوانی پارتی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ناوچەكانی ماددەی 140 بە گشتی ئامادەیە و تەنانەت لە پارێزگای كەربەلاش كاندیدی هەیە. پارتی دیموكراتی كوردستان بە تێڕوانینێكی ئیجابی لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەڕوانێت و، لە ڕاستیدا پارتی جەماوەری خۆی و ئاست و قەوارەی خۆی بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018 دەپارێزیت و، چاوەڕوان دەكرێت دوو كورسییش زیاد بكات. بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستان وەك هێزی یەكەم دەردەچێت، كە سیستەمی هەڵبژاردنیش ئەو ڕێگایە دەدات كە حزبێكی گەورە و ڕەسەنی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بتوانێت نوێنەرەكانی خۆیان دەرچێنیت و لە هەڵبژاردن سەربكەون. بە دڵنیاییەوە پارتی بەشدارێكی ڕاستەقینەی پرۆسەی سیاسیی عێراقە و هەمیشە بەشدارێكی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەكانیشە، هەروەها وەك هەموو لایەك دەزانن، پارتی دیموكراتی كوردستان، تاكە هێزە بەبێ ئەوەی هیچ هاوپەیمانییەكی لەگەڵ هیچ لایەن و هێزێكی كوردستانی، یان عێراقی بكات، بەشداریی هەڵبژاردنی كردووە. چونكە پێیوایە هەڵبژاردن ئێستحقاقێكە و بۆ ئەوەی كە هەم خەڵك هەم و خودی حزبیش بزانیت، لە چ قۆناغێكدایە و قەبارەی چەندە لەناو جەماوەردا. لەلایەكی دیكەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی لە نێو عەرەب و كریستیان و هەموو پێكهاتەكاندا هەیە.

* لەگەڵ ئەوەی لە یەك دوو سالی ڕابردوو هەوڵێكی زۆر درا، بۆ ئەوەی بارودۆخی ناوچە كێشە لە سەرەكان ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا وەك خۆیەتی، ئایا تا چەند بوار دراوە لە ناوچە كێشە لە سەرەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئازادی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێت؟

- بەداخەوە، ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان لەو ناوچانە ناتوانێت بانگەشەی هەڵبژاردن بكات، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقافڵەی داواكاریی سەرسەختی ماف و ئیستحقاقاتی كوردستانی بووە.  ئاشكرایە لە بەر بارودۆخی دوای 16 ئۆكتۆبەر و لەبەر خراپیی دۆخی ئەمنی، پارتی و كاندیدەكانی ناتوانن بە ئازادییەكی تەواو بانگەشە بكەن، تا ئێستا پارتی بۆ بارەگاكانی لە كەركووك نەگەڕاوەتەوە، تاوەكو بتوانێت ئیش و كاری خۆی ئەنجام بدات، ئەو هەموو كەلێن و گرفتانەی لە ڕووی ئەمنییەوە بوونیان هەیە، كێشەیان دروست كردووە بۆ پرۆسەی بانگەشەكردن و كۆسپیان بۆ كاندید و كادیرانی پارتی دروست كردووە، بەڵام پارتی ئەوەی نەكردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بەشدار نەبێت لە هەڵبژاردندا، بەڵكو بەپێچەوانەوە سەرەڕای ئەو هەموو كۆسپ و ڕێگرییە لەبەردەمی پارتی، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردندا ڕۆڵ و بەشدارییەكی كاریگەری دەبێت و، لە هەموو ناوچە و شوێنە كێشە لەسەرەكان ئەو ناوچانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە كاندیدی خۆی هەیە و، ئەو هەڵسەنگاندنەی كراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان، نەك سەنگی خۆی و قەبارەی خۆی دەپارێزیت، بەڵكو ژمارەی كورسی و قەباری خۆی لەو هەڵبژاردنەدا زیاد دەكات.

* كەركووك كە سەرچاوەی كێشەكانە، پارتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو بایكۆتی كرد و هیچ كاندیدكی نەبوو، ئەمجارە پارتی كاندیدی هەیە و بەشدار دەبێت. ئایا ئەو ڕێوشوێنانە چین كە پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە لە كەركووك دەیگرێتە بەر؟ ئایا ئەو زەمینەیە هاتووەتە پێشەوە كە پارتی بتوانێت بە ئازادی لە كەركووك بانگەشەی هەڵبژاردن بكات؟

- پارتی دیموكراتی كوردستان لە قووڵایی جەماوەری كوردستانی و لە سەنتەری شار و پارێزگای كەركووك جەماوەری خۆی هەیە و پارتی لە كەركووك كاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردن هەیە و پشتئەستورە بە جەماوەری خۆی كە كاندیدەكانی لە كەركووك دەنگ دەهێنن و دەردەچن، سەرەڕای ئەوەی بارودۆخێكی زۆر خراپ و نالەباری ئەمنی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، لەلایەكی دیكەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگای لە كەركووك نییە و كادیران و جەماوەری لەژێر فشار و هەڕەشەن و ناتوانن بە ئازادی نەك بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن، بەڵكو ترسیان لەسەرە لە ڕۆژی دەنگدان و چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بەڵام گرنگ ئەوەیە پارتی لە هەڵبژاردن لەو ناوچانە و كەركووك بەشدارێكی كاریگەر دەبێت و، حزبێكە پشتئەستوورە بە جەماوەرەكەی خۆی و هەر پارتی دیموكراتی كوردستان بووە كە بەرگریكارێكی ڕاستەقینە و كاریگەر بووە لەسەر مەسەلەی كەركووك و كوردستانیەتی كەركووك. هەر بۆیە من وای دەبینم خودی جەماوەر پاداشتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن لە كەركووك، چونكە هەر پارتی بووە قبووڵی ئەو بارودۆخەی نەكردووە كە بە سەر كەركووكدا هاتووە، تا ئێستاش كە پارتی بۆ كەركووك نەگەڕاوەتەوە، هەر لەبەر ئەوە بووە كە دەیەوێت وەك حزبێكی كوردستانی بە هەیبەت و بەهێز و بە كەرامەتەوە بچێتەوە كەركووك و هەر وەك كاری هەمیشەیی داكۆكیكار و بەرگریكار بێت لەسەر ماف و كوردستانیەتی خاك و خەڵكی كەركووك.

* ئایا پارتی لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و پارێزگای نەینەوا دەنگی چۆن دەبێت و دەتوانێت هەمان كورسیی پێشتر بێنێت؟

- پارتی بۆ هەموو ناوچە و شوێن و ئەو پارێزگایانە كاندیدی هەیە و بۆ هەموو بازنەكانی هەڵبژاردن كاری ورد و ڕێكوپێكی كردووە، ئێمە هەست دەكەین لەسەر ئاستی نەینەوا كورسییەك تا دوو كورسی زیاد بكەین، چونكە كاندیدی باشمان هەیە لە بازنەكانی شنگاڵ و تلكێف و مەخموور و حەمدانییە و لە بازنەی تەلەعفەریش پارتی كاندیدی هەیە و كاری پێویستی بۆ ئەنجام دراوە، هەر بۆیە وەك ئاماژەم پێ دا، هەنگاو و كارەكانی پارتی بەو شێوەیەیە كە لەم هەڵبژاردنە ژمارەی كورسییەكانی لە ناوچە دابڕاو و كێشە لەسەرەكان زیاد بكات.

 

Top