پارتی بۆ دروست بوو كەی دروست بوو؟

پارتی بۆ دروست بوو  كەی دروست بوو؟

 

 

 

كاتێك باسی دروستبوونی پارتی دەكرێت، هەڵەیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چلەكان و وەك سەرەتایەك و وەك پێناسەیەك بۆ بە حزببوونی، یان لە مێژووەكەی بدوێین. باسكردن لە دروستبوونی پارتی، باسكردنە لە بەرجەستەكردنی ڕەوتێك، بیروباوەڕێك، هزرێكی هەڵقوڵاوی واقیع و پێداویستیی كۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی، كە دەبوو لە پارتێكدا بەرجەستە بكرێت، كە نوێنەرایەتیی ئەو خەباتە مێژووییە بكات، كە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستی پێ كردووە و، بگرە پێش سەركردەی مەزن شێخ عەبدولسەلامی بارزانی-ی دووەمیش، درێژەپێدەری ئەو هزرە نەتەوەیی و ئایینی و تەریقەتە بووە، كە لە سەردەمی شێخ عوبەیدوڵای نەهری-یەوە دەستی پێ كردووە. كەواتە دامەزراندنی پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ خاڵی سەرەتای دانانی حزبێك بوو، كە بەرجەستەی هزرێكی ئایینی، نەتەوەیی مێژوویی بوو، كە خواست و پێداویستیی كۆمەڵگەكە بوو لە ئۆرگانێكی سیاسیدا لە سەردەستی ئەندازیار و كاریزمایەكی وەك ڕێزدار مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا، نەك سەرەتای خەباتێك بێت، كە لەوێوە خاڵی لە دەستپێك و سفردا بێت. بارزانی-ی نەمر بۆچی ئەم پارتە سیاسییەی دامەزراند؟ هەر هزرێك ئەگەر ئۆرگانێك نەبێت، كە تێیدا بەرجەستە ببێت، یان كارەكتەرێكی سیاسی نەبێت، كە تێیدا بەرجەستە ببێت، ئەوا دەبێتە دروشم، ڕاستە مێژووی نەتەوایەتیی كورد هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی یەكەم، ئەو هزرەی لە كارەكتەری سیاسی و ئایینی و شێخی ئایینی و تەریقەت و سیاسیدا بەرجەستە ببوو، بەڵام بەرجەستەكردنی لە پارتێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستاندا وای كرد، ئەو هزرە لە تەكیە و تەنیا لە سەركردەیەكدا قەتیس نەبێت و، تەنیا شێخی تەكیە بەرهەم نەهینێت، بەڵكو ئەو هزرە شێخ و سەركردەی سیاسییش بەرهەم بهینێت. ئیدی لەوە دەرچوو كە پەیوەندیی نفووزی ئەم ڕەوتە لەسەر بنەمای جوگرافی و خوێن بێت، بەڵكو لەسەر بنەمای بیروباوەڕ بوو، واتە پارتی و ڕێبازی بارزانی، زادەی بیر و باوەڕێكە كە گرێدراوی هەردوو بیری ئایینی و نەتەوەییە، ئەم حزبە كە وەك هەڵقوڵاوی مێژووی سیاسیی نەتەوەیی و خۆماڵی و خواستی كۆمەڵگەیەك دروست بووە، سەرەڕای بوونی بە پارتێكی سیاسی، هاوكات مەدرەسەیەكی فیكریی كوردیی خۆماڵییە، وەك دەبینین ئەم ڕەوتە هەرگیز لە مێژووی خۆیدا پەنای بۆ هاوردەی هیچ ڕەوت و بیرێكی دەرەكی، یان مۆدێلێكی دەرەكیی سیاسی نەبردووە، چونكە خۆی خاوەنی سەرمایەی بیر و هزر و ڕەوت و مۆدێلی پیادەكراوی كوردیی خۆی بووە. واتە پارتی مەدرەسەیەكی فیكری، سیاسی، ئایینیی كوردییە، هەر شتێكیش مەدرەسە بوو، واتە توانای بەرهەمهێنانەوەی تاك و سەركردە و مێژوو و نەهجی هەیە و، ئیدی چارەسەری ناكۆكییە كۆمەڵایەتییەكان، یەكخستنی هۆزەكان و، ڕابەرایەتیكردنی تەریقەت ئاسان دەبێت، كاتێك ئەم هزرە كە ئاوێتەیەكی ئەم بیروباوەڕانە و لە حزبێكدا بەرجەستە بوو، ئیدی دەبێتە داینەمۆ بۆ بەردەوامیی درێژەپێدانی ئەو ڕەوتە و بەرهەمهێنانەوەی سەركردە و مێژوو و تاك، چونكە كاتێك لە چلەكانی سەدەی ڕابردوودا ئەو هێڵە سیاسییەی لەسەر ئەو هزرە كێشا و ئاراستەی كۆمەڵگەی كرد، وەڵامدەرەوەیەكی گەورەی خواست و پێداویستییەكانی سیاسی، ئایینی، كۆمەڵایەتی، تائیفی و كۆمەڵگەی كوردی بوو، كە مرۆڤی تێدا كردە جەمسەر، ئامانج لە سەر بنەمای ڕێزی كوردبوون و كوردستانیبوون و پیرۆزیی نەتەوە بنیات نرا، بۆیە وەك دەبینین پارتی لەو كاتەوە تا ئێستا وەك كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئەم بیرە و ئەم ڕەوتە و ئەم سەركردانە بەرهەم دەهێنێتەوە، كە سیما و شوناسی ئەم ڕەوتەیە. نەك هەر لە سەردەمی دامەزراندنی پارتییەوە وەك حزب، بەڵكو لە مێژووی سەردەمی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدولسەلامی یەكەم تا ئێستا، پارتی تاكە حزب و ڕەوتێكە كە سەركردە دوای سەركردە دەهێنێتەوە مەیدانی خەبات و، بەرجەستەی نەهج و بیروباوەڕ و هزر و ڕەوتەكەی دەكات لە سەركردەی كاریزما، بە دروستكردن نەك بە مانەوەی دەسەڵات بەهۆی پشتاوپشتی، یان خوێن. ئەگەر لە مێژووی ئەم ڕەتە بڕوانیت، دەبینیت وەك مەدرەسەیەك لە باپیرە گەورەكانەوە تا نەوەكانی ئێستا، هەر یەكەیان بەرجەستەی ئەو هزرە سیاسییەیە كە ئاوێتەی بیرە نەتەوەیی و ئایینییەكەی كورد بووە و، تێیدا ڕەنگی داوەتەوە، جگە لە بەرجەستەكردنی ئەم هزرە و نەهجی كاركردنی كە تاكە پارتێكی جێگیرە و بەردەوامیی هەیە، هاوكات لەسەر یەك ئاراستە وەك بنەمایەك كار دەكات، بەڵام گۆڕاو و زیندوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەر بارودۆخێكدا، هیچ بارودۆخێكیش نەبووە كە ئەم پارتە، میكانیزمی مامەڵەكردن و چارەسەری ئامادەی بۆی نەبووبێت.

بۆیە بە تێگەیشتن ئەم ڕەوتە تاكە كلیلی چارەسەری دۆزی كورد و گەیشتن بە دەوڵەت بوو، هەر بۆیە لە دەرەوەی ئەم ڕەوتە هەرچی دروست بووە، زۆربەیان جگە لە بارگرانی و ئاڵۆزیی زیاتر بۆ ژینگەی سیاسیی كۆمەڵایەتی و ئایینی كۆمەڵگەی كوردی، شتێكی بەرچاویان دروست نەكردووە و، هیچیان لەمە زیاتر ئیزافە نەكردووە.

بە بڕوای من ڕاستە پارتی هزرێكی نەتەوەیی ئایینی كوردایەتی بووە كە لە حزبێكدا بەرجەستە كراوە، بەڵام غەدرە تەنیا وەك پارتێك باسی پارتی بكرێت، لەبەر ئەوەی مەدرەسەیەكی فیكری بووە كە لەسەر بیری نەتەوایەتی و ئایینی و تەریقەت لە مێژووی دێرینی ئەم گەلە كاری كردووە، ئەمەش هەر بەردەوام دەبێت و ئەوەی دەمێنێتەوە زیادكردنی بەشداریپێكردنی سیاسی و پرۆسەی داڕشتنی بڕیار و بڕیاردانە بە جەماوەر و پسپۆڕان و چین و توێژە تایبەت و پسپۆڕییەكان، تا لەو قەتیسمان و دووركەوتنەوە لە واقیعەی كە حزبەكانی دیكە تێی كەوتوون، پارێزراو بێت، بەمەش مێژووی چۆن دیارە، ئایندەشی هەروا دیار و ڕوونتر دەبێت، لەولاشەوە پێویستە ئەم مەدرەسە و بیر و مێژوو و سەركردە كاریزمایانە لە ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنی نوێ و سۆشیاڵ میدیادا بەرجەستە ببن، تا هاوكاری ئەو دریژەپێدەری و بەرهەمهینانە بێت».

 

Top