پەیامی سەرۆك بارزانی لە حەفتاو پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

پەیامی سەرۆك بارزانی لە حەفتاو پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و هیوای سەربەرزی و خۆشیان بۆ دەخوازم.

دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی ١٩٤٦ـدا زەڕوورەتێكی مێژوویی بوو بۆ درێژەپێدانی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەو ساتە سەختانەی نەیار و داگیركارانی كوردستان بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی كپكردنی شۆڕش و سەرهەڵدانی گەلی كوردیان دەدا. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان ئامرازی بەرگریكردن بووە لە ماف و پێناسەی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا.

خەباتی پارتی فاكتەری گرنگ و كاریگەری مێژووی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستانە و پڕە لە هەوراز و نشێو و، پارتی بەشدارێكی سەرەكی لە سەركەوتن و دەستكەوتەكان بووە و لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا هەمیشە خۆی بە بەرپرس زانیوە. لە هەموو قۆناغەكاندا پارتی وەك ئامرازێك بووە لە دەستی گەلی كوردستان بۆ مسۆگەركردنی ماف و دەستكەوتەكان و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسیی كوردستان پاراستووە.

دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش مایەی ئومێد و هەڵسانەوە بوو و، لەدایكبوونی پارتی سەرەتایەكی تازە بوو بۆ تێكۆشان و خۆبەدەستەوەنەدان و ڕەواندنەوەی نائومێدی. جێگەی شانازییە پارتیی دیموكراتی كوردستان خۆی بە هیچ ئایدیۆلۆژییایەكی بەرتەسك و هزری شۆڤێنی و توندڕۆیی نەبەستەوە و بووە چەترێك بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەژێریدا كۆببنەوە و ئەوە خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی بێوێنە و سەردەمیانە بوو لە پێشكەوتنی هزری سیاسی لە كوردستاندا. پارتی هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی بووە و بەردەوامیش ئامادە بووە بۆ بەرگریكردن لە كورد و كوردستان.

لە كاتی ئێستادا سەقامگیری و پاراستنی كوردستان و پتەوكردنی پێكەوەژیان و ئارامی و برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكان و بەهێزكردنی دامودەزگاكانی هەرێم ئەولەوییەتی سەرەكیی سیاسەتی پارتییە. هەروەها پارتی جەخت لەوە دەكاتەوە كە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان پێویستە لەڕێگەی ئاشتی و لێكتێگەییشتن و كۆتایهێنان بە زمانی ئینكار و خۆسەپاندن چارەسەر بكرێت. پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش بەداخەوە ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی سەرهەڵدانی تیرۆر و ناسەقامگیری هێشتا ماون. هەر لەم سۆنگەیەوە پێمانوایە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەكرێ دەرچەیەكی باش بێت بۆ نوێبوونەوەی پڕۆسەی سیاسی و چەسپاندنی ئیرادەی هاووڵاتیان بۆ گۆڕانكاری و گەیشتن بە سەقامگیری.

لەو یادە پیرۆزەدا پێویستە هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژوو و قوربانیدانی حزبەكەیان بن و هەرگیز ئەوەیان لە یاد نەچێ كە پارتی حزبێكە خاوەن قەزییەیە و خاوەنی ڕێبازی بارزانییە و، لەپێناو ڕزگاری و خزمەتی كوردستان دامەزراوە. پێویستە بەهێزتر لە جاران ڕووبەڕووی تەحەددیات ببنەوە و دەرفەتەكانیش بۆ بەهێزتربوونی كوردستان بەكار بهێنن و ئەركی خۆیان كە برەودانی ئاوەدانی و پێكەوەژیان و تەبایی كوردستانە، بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن.

مسعود بارزانی
١٦ـی ئابی ٢٠٢١

Top