خواجە خدیدە قەولبێژی ئایینی ئێزیدی و كەسایەتیی ئایینی لە جڤاتا ئێزیدی بۆ گوڵان:   ئایین بۆ خودایە و نیشتمان و خاك بۆ هەمووانە، ئامانجی سەرەكیی ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی پاراستنی ئەم بنەما پ

خواجە خدیدە  قەولبێژی ئایینی ئێزیدی و كەسایەتیی ئایینی لە جڤاتا ئێزیدی بۆ گوڵان:     ئایین بۆ خودایە و نیشتمان و خاك بۆ هەمووانە، ئامانجی سەرەكیی ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی پاراستنی ئەم بنەما پ

 

 

ئایینی ئێزیدی یەكێك لە ئایینە ڕەسەنەكانی ناوچەكە و گرنگییەكی زۆری داوەتە پێكەوەژیان و لێبووردەیی، ئێزیدی چەندین جار كۆمەڵكوژ كراون و قوربانییەكی زۆریان داوە، لەگەڵ ئەمەشدا چڤاتی ئێزیدی هەر لەسەر هزری میانڕەوی و پێكەوەژیان بەردەوامن، ئەوان بڕوای تەواویان بە هزری میانڕەوی و كولتووری پێكەوەژیان هەیە و، پێیان وایە تاكە ڕێگا و زامنی ئاشتی و بەختەوەریی مرۆڤەكان بۆ ئەم كولتوورە دەگەڕێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی قەولبێژ و زانایێ ئۆلا ئێزیدی (خواجە خدیدە) كەسایەتیی ئایینی لە جڤاتی ئێزیدی كرد.

 

 

* كوردستان لانكەی پێكەوەژیان و لێبووردەییە، هەموو ئایین و ئایینزاكان پێكەوە پاڵپشتیی لەم كولتوورە بەرزە دەكەن، ئایینی ئێزیدییش وەكو ئایینێكی كۆن و گرنگی ناو كۆمەڵگە، ڕۆڵی لە پاراستنی ئەم فەرهەنگەدا هەبووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئایینی ئێزیدی چۆن دەڕوانێتە ئەم پێكەوەژیانە كە لە نێوان ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە ؟

-دەستپێك بە ناوی خودا، ئایینی ئێزیدی ڕێزو حورمەتی بۆ سەرجەم ئایین و ئایینزاكان هەیە، لە تێكستە ئایینییەكانماندا بە چاوێكی بەرز و تەقدیرەوە دەڕوانینە هەموو ئایینەكان و، ڕێز لە پێغەمبەران محەمەد و عیسا و مووسا و داود و ئیبراهیم خەلیل و ئیسماعیل و نووح و زەكەریا و هەموو پێغەمبەرانی دیكە دەگرین، لە ناو چڤاتی ئێزیدییاندا گەلێك تێكستی ئایینی ئێزیدی هەیە، كەوا ڕێزێكی زۆر لە هەموو ئایینزاكان دەگیرێت، هەر لە موسڵمان و مەسیحی و سابیئەی مەندائی و كاكەیی و زەردەشتی و جوو، خودا خودای ئێمە و هەموو ئایین و ئایینزاكان ئادەم و نوح و ئیبراهیم و عیسا و مووسا و ئیسحاق و یەعقوب و یوسف و محەمەدە، كە لە ئایینی ئێزیدیدا ڕێزیان لێ گیراوە و هیچ كاتێك هێرش و قسەی هەڵەیان بەرامبەر نەكراوە، خودا مرۆڤی لەسەر ئەم زەمینە بە عاقڵ ناساندووە و هەر ئایینێكیشی هێنابێتە سەر ئەم زەمینە، ئایینەكە بە زار و زمانی خۆیان بۆ میللەتەكە نێردراوە و مرۆڤەكان ئیمانیان پێ هێناوە، لە تێكستەكانی ئایینی ئێزیدا ئەم دنیایەی بە ڕەنگین وەسف كردووە و وەكو ئەو باخچەیەی نیشان داوە كە هەموو گوڵێكی تێدایە و، هەر گوڵەش بۆن و تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە، باخچە بە گوڵەكانیەوە جوانە و ئێمەش لێرە لە هەرێمی كوردستان بە پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانەوە جوانین و لە دێرزەمانەوە هیچ گرفت و كەموكورتی و كێشەیەكی ئایینیمان لە نێواندا نەبووە، كوردستان بە لانكەی نیشتمانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی دادەنرێت و، هەموو ئایین و ئایینزاكان پێكەوە دەژین و، ئایین بۆ تاكەكانە و نیشتمانیش بۆ هەمووانە.

* یەكێك لە سیما جوانەكان كە لە ناو ئێزیدیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەوەیە كە وێڕای ئەوەی ئێزیدی هەموو كات قوربانی بوون و، چەندین جار لە مێژوودا ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، بەڵام هەرگیز نەبوونە توندڕەو و توندوتیژییان بەرامبەر نەتەوە و ئایینەكانی دیكە نەكردووە، ئایا دەكرێت بزانین ئەو هۆكارانە چین كە وای كردووە گیانی لێبووردەیی و پێكەوە ژیان لای ئێزیدی ئەوەندە بەرز بێت؟

- تێكستە ئایینیەكانی ئێزیدی فێرمان دەكات ڕێزو حورمەتمان بۆ هەموو ئایین و ئایینزا و مەزهەبەكانی دیكە هەبێت و، بە چاوی ڕێز و تەقدیرەوە سەیری پێغەمبەرەكان و هەموو مامۆستا و كەسایەتییە ئایینییەكان بكەین، كە بە سیمبولەكانی ناو ئایینەكان و بە بڕبڕەی پشتی ئایینەكانیان دادەنرێن، لە ئێزیدیدا هەندێك تێكست هەیە، پیرۆزە و تێیدا ئەو كاروكردەوانەی حەرام كردووە كە نابێت هیچ ئێزیدییەك ئەو تێكستانە پێشێل بكات، بۆ نموونە كوشتن و دەستدرێژی و دزی حەرام كراوە، ئایینی ئێزیدی قبووڵ ناكات، تۆڵەی كوشتنێك بە كوشتنی برا، یان دەستبردن بۆ نامووس و كەرامەتی كەسی تەعەداكەر بێت، ئایینی ئێزیدی فێرمان دەكات ڕێز و حورمەتێكی زۆرمان بۆ دراوسێكانمان بە جیاوازیی ئایین و مەزهەبەكانەوە هەبێت، ئایینی ئێزیدی لەسەر بنەمای باش و خراپ و ڕێزگرتن لە بەرامبەر و دراوسێتی و كاری باش بونیات نراوە و، لە مێژوودا ئێزیدی زیانی بە هیچ ئایین و ئایینزا و نەتەوە و مەزهەبێك نەگەیاندووە.

* پەیوەندیی نێوان چڤاتی ئایینی ئێزیدی لەگەڵ مامۆستا و پیاوانی ئایینەكانی دیكە چۆنە و، تا چەند پێكەوە توانیوتانە ئەم كولتوورە ڕەسەنە بپارێزن؟

- چڤاتی ئایینی ئێزیدی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی مەسیحی و كەسایەتییەكانی ئایینی دیكەی سابیئەی مەندائی و زەردەشتی و بەهایی و كاكەیی هەیە، ئێمە وەكو كەسایەتیی ئایینی ئێزیدی بەشداری جەژنی ئایینی یەكتر و بۆنەكان و كۆنگرە و كۆنفرانسەكانی ئایینەكانی دیكە دەبین، چەندین جار مامۆستای ئایینی و مەلاكان پرسیاری تەندروستیی منیان كردووەو، مەتران و قەشەكان لە بۆنە و خۆشی و ناخۆشییەكاندا لەحاڵ و بارودۆخی ئێزیدییەكان دەپرسنەوە، لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و جەژنی قوربانی موسڵمانەكاندا پەیوەندیم بە هەموو مامۆستا و مەلا ئایینییەكانەوە كردووە و جەژنەكەیانم لێ پیرۆز كردوون، ئەوانیش جەژنی ئێمەی ئێزیدیان پیرۆز كردووە. بۆ زانیاریی بەڕێزتان و وەكو نموونەیەكی بچووك دەمەوێت باسی مزگەوتی گەورەی شێخان بكەم، كە كاتی خۆی ئەو زەوییە وەكو خێر و هاوكاری لەلایەن میری ئێزیدی (تەحسین بەگ) پێشكەش بە موسڵمانەكان كراوە و هاوكاریی دروستكردنی لەلایەن ئێزیدییەكانەوە كراون، تا موسڵمانەكان نوێژ و عیبادەت و بۆنە ئایینییەكانی تێدا بەڕێوە ببەن، ئەمەش بۆ ڕەسەنایەتیی ئایینەكەمان دەگەڕێتەوە.

* چۆن بتوانرێت زیاتر گرنگی بەو پێكەوەژیان و چەسپاندنی كولتووری لێبووردەیی و ئاشتییە بدرێت، بەتایبەتی لە نێوان مامۆستا و پیاوانی ئایینی؟

- مرۆڤەكان چەند پێویستیان بە ئاوی خواردنەوە هەیە، ئەوەندەش پێویستیان بە پێكەوەژیانی ئایینی هەیە، پێكەوەژیان واتا چۆن بتوانین پێكەوە بژین و، لە خۆشی و ناخۆشیی یەكتردا بەشدار بین و بەهانای یەكترەوە بچین، مادام هەموومان بەندەی خوداین و یەك چارەنووسمان هەیە، ئەمەش حاڵەتێكی ئاسایی و سرووشتییە، منداڵ كە لەدایك دەبێت، هیچ جیاوازییەكیان نییە و خالق و خودامان یەكە، یەك ئامانجمان هەیە كە مرۆڤایەتییە. ئێمە وەكو ئێزیدی 74 جار هێرش كراوەتە سەرمان و ئێزیدی كۆمەڵكوژ كراون، لە وڵاتی توركیا بەشیری و سەرحەد و تەنانەت ئێزیدی لە ئەرمەنستان بوونیان هەبووە، لە شنگال تیرۆریستان هێرشیان كردە سەرمان و هەرچی دەستیان كەوت لە گەنج و پیاو و منداڵ كوشتیان و، ژن و كچی ئێزیدییش وەكو كۆیلە و ژێردەستە ڕفێندران و لە بەر ئێزیدیبوونیان تەعەددایان كرایە سەر.

*  شەڕی داعش و تاوانی تیرۆرستان دەرهەق بە ئێزیدییەكان بە كارەساتێكی گەورە و كۆمەڵكوژێكی مەترسیدار دادەنرێت كە لەم سەردەمەدا دەرهەق بە ئێزیدی كراوە، ئێوە ئەم هێرش و واقیعە چۆن ڕاڤە دەكەن؟

- هزری توندڕەوی و توندوتیژی و بیروباوەڕی نامۆ دوور لە ئایینە پیرۆزە ئاسمانییەكان، لە عێراق و مووسڵ و دەشتی نەینەوا زیانی گەورەی بە مرۆڤایەتی و پاك و پێگەردیی ئایینە ئاسمانییەكانیش گەیاندووە، كاتێك داعش كۆمەڵكوژی كردین و دەربەدەری كردین، لەبەر ئایینەكەمان بوو، میللەتی كورد هەر لە زاخۆ تا خانەقین هەموو پێكەوە بەهانای ئێزیدییەكانەوە چوون و، سوپاس بۆ خودا كە گەلی كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ناردین و ئێزیدیی لە ئامێز گرت و دەرگای مزگەوت و قوتابخانە و شوێنە گشتییەكانیان بۆ كردینەوە و هاوكاری و پاڵپشتییان كردین. ئەو كاتەی داعش پەلاماری داین و كۆمەڵكوژیی دەرهەق بە ئێزیدی ئەنجام دا، من 58 ڕۆژ لە زاخۆ ژیام و چاوم بە زۆر سەركردە و فەرماندە و كەسایەتیی ئایینی و نەتەوەیی و ناسراوی كورد و بیانی كەوت، ئەمەش ئەو بۆچوونەی گۆڕی كە كاتێك ئاوارە و دەربەدەر بووم، گوتم جارێكی دیكە ئامادە نیم لەناو كۆمەڵگە و دراوسێتی كەسانی وەكو داعشدا بژیم كە پەروەردەی توندوتیژی و دەمارگیریی زۆر ناشیرینن و بڕیاری كۆچكردنم بۆ دەرەوەی وڵات دابوو، ئەمەش بیركردنەوەیەكی ئاسایی بوو لە وڵاتێكدا كە هەر 10 ساڵ جارێك هێرش و كۆمەڵكوژییەك دەرهەقمان دەكرا، لەوێ لە زاخۆ و كوردستان بەگشتی چاوم بە كەس و نەتەوە و سەركردەی خۆمان كەوت، گەورە و بچووك و پیاوی ئایینی و كەسایەتیی كوردی هەموو قوتابخانە و ماڵ و مزگەوتەكانیان بە ڕووی ئێمە واڵاكرد و جلوبەرگ و دۆشەك و كەلوپەلی خۆیانیان بۆ هێناین و، ئازار و ئەشكەنجەكانیان كەم كردینەوە، پێش چەند مانگێك كە ئاگر لە كەمپی شاریای ئێزیدییەكان بەربوو، هەموو خەڵكی زاخۆ و دهۆك و ئامێدی و گوندەكان لە بەردەم مزگەوتەكاندا پاڵپشتی و هاوكارییان بۆ كۆكردینەوە، سوپاس بۆ هەموو ڕێكخراوە خێرخوازییەكان و ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئەو بەدەنگەوەهاتن و پاڵپشتییەی پێشكەشیان كردین، لەمەشدا ڕێز و حورمەتم بۆ جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی هەیە، لە سێی ئابی 2015 كاتێك سەرۆك سەردانی دهۆكی كرد بۆ یادكردنەوەی تاوانەكانی سێی ئاب، من لە بەرامبەر سەرۆك بارزانی ئەو شەرەفەم پێ درا كە بەسەرۆكم گوت: «ناوی پێشمەرگە لای ئێزیدی بەرز و پیرۆزە و ڕۆحی خۆی پێشكەش بە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان و وڵاتەكەی كردووە، ئەو بوو سەرۆك بارزانی بەڕێز سەفین دزەیی نارد بە ناوی سەرۆكەوە سوپاسی كردم و، پێی ڕاگەیاندم تا سەرۆك و پێشمەرگە لە ژیاندا مابن، پارێزگاری لەم وڵاتە و هاووڵاتییەكانی دەكەن، بە جیاوازیی گشت ئایین و ئایینزاو نەتەوەكانەوە، ئەو كات سەرۆك بارزانی بەڵێنی بە باباشێخ و ڕەحمەتی (میر تەحسین بەگ) دا و گوتی شنگال ئازاد دەكەم، ئەگەر گیانی خۆشمم لەسەر دانابێت. ئەو سەردەمە باباشێخ سەردانی سەرۆكی لە پیرمام كردو پێی گوت: سەرۆك، ئێزیدیخان تەواو بوو، میللەتی من نەما و هێرشی توندی كرایە سەر، لە وەڵامدا سەرۆك بارزانی بە باباشێخی گوت: بابا شێخ چ جارێك كوردستان تەواو بوو، ئەو كات ئێزیدیخانیش تەواو دەبێت، ئێزیدیخان تەواو نابێت، كاتێك پێشمەرگە شنگالی ڕزگاكرد لە چوارڕێیانی بەعدرێ سەرۆك بە جوامێرانە هات و بە باباشێخی گوت: باباشێخ من بەڵێنی خۆمم لە بەرامبەر جەنابت و میری ئێزیدی بردەسەر، هەر ئەمەش چاوەڕێ دەكرا لە كوڕی ڕەحمەتی مەلا مستەفا بارزانی، ئەو سەركردەیەی سیمبولی كوردستانە.

* دواپرسیارمان ئەوەیە چی بكرێت بۆ ئەوەی هزر و بیروباوەڕی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بەهێزتر و توندوتۆڵتر بكرێت؟

- هەموو مامۆستا و زانا و پیاوانی ئایینی دەبێت هانی خەڵكی بدەن بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی و كاری باش و حەڵاڵ، خودا مرۆڤی بە عاقڵ دروست كردووە و، كردوونی بە موسڵمان، یان ئێزیدی و مەسیحی و زەردەشتی و سابیئە مەیدانی و كاكەیی، با هەمووان ڕۆژوو و عیباتەت و كاری خۆیان بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی و كاری باش بكەن، خودا هەمووانی خوڵقاندووە و نەخشە ڕێگایەكی بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی بۆ داڕشتووین، ئیتر بۆ دەبێت ڕێگا بدەین كەسانی خراپ ئەم باخچە جوانەمان لێ تێك بدەن، ئایین بۆ خودایە و نیشتمان و خاك بۆ هەمووانە و، ئامانجی سەرەكیی ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی پاراستنی ئەم بنەما پیرۆزەیە، سوپاس بۆ خودا و پێشمەرگە و سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان، كە كاری جددی دەكەن بۆ پاراستنی ئەم پێكەوەژیانە و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەمان، ئەوەتا ئەمڕۆ هەولێر بووەتە یەكێك لە پایتەختە گەورەكانی ناوچەكە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەرامبەر هەر وا دانەنیشتووە، بۆیە دەبێت زۆر جددی و توند بیت لەدژی ئەو كەسانەی زیان بە ئایین دەگەیەنن.

 

Top