پێنج بەرهەمی دانسقەی نووسەرو شاعیری ناسراو(نەژاد عەزیز سورمێ)

پێنج بەرهەمی دانسقەی  نووسەرو شاعیری ناسراو(نەژاد عەزیز سورمێ)

 

نووسەرو شاعیری ناسراو( نەژاد عەزیز سورمێ) پێنج بەرهەمی دانسقەی لە بەرگی قەشەنگ و بە دیزاینێكی ناوازەوە بەچاپ گەیاندوون و  خوێنەرانی پێ ئاشنا كردوون، چواریان بە زمانی كوردین و یەكێكیشیان وەرگێڕانە بۆ زمانی عەرەبی، ئەم كتێبانە لە نێوان نووسین و شیعرو دیداری شیعری و ڕۆژنامەنووسی  و هونەری كۆلاژو میدیای كوردیدا دابەش بوونە، ئەمەش ناو و ناوەڕۆكی كتێبەكانی نەژاد عەزیز سورمێیە.

* كاژە بەژن بڵندەكانی ڕۆژهەڵات - كۆمەڵە هۆنراوەیەكی بابەت جیاوازن، شاعیر كۆی كردوونەتەوە، هەندێ لە ناوونیشانەكانی بریتین لە( كچ و كوڕانی ڕێبەندان)و (گوڵی ئاگر... خەونی هەمیشەیی)و( كاژە بەژن بڵندەكانی ڕۆژهەڵات).

* هونەری كۆلاژ، مێژوو.. تەكنیك.. ئەزموون – گەڕانێكە بە نێو مێژووی سەرهەڵدانی هونەری كۆلاژ و تەكنیكی كاركردن و ئەزموونی خۆیەوە لەم بارەوە. پاشان هەڵبژاردەیەك لەو كارە كۆلاژیانەی كە نووسەر لە شەش پیشانگای تایبەتیدا لە نێوان 1995 تا 2017 نمایشی كردوون.

* دیدار لە بارەی شیعرو ڕۆژنامەنووسيی – ئەم كتێبە كۆكراوەی چەند دیدارێكی ڕۆژنامەنووسین لە كاتی جیاجیادا كە بە داوای ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارانە  لەگەڵیدا كراون، ئەو دەڵێت: باس لە لێكۆڵینەوە ئەكادیمییە ڕەسەنەكان ناكەم كە بە میتۆدی زانستی و دروست و بەڵگاوەر و ئاكامگرەوە دەنووسرێن، بە قەد ئەوەی ڕووم لەو نووسینانەیە هەوڵ دەدەن بە هێنانەوەو خۆهەڵواسین  بە بۆچوون و بیروڕای دی ڕەوایی بە هی خۆیان دەدەن.

* میدیای كوردی لە بازنەی گەمەكانی سیاسەتدا – لەم كتێبەدا سەرەتا باس لەوە دەكات كە هەموومان ڕێككەوتووین لەسەر ئەوەی (كوردستان) یەكەمین ڕۆژنامەیە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا كە لە دەرەوەی نیشتمان بڵاو كراوەتەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، ئەوەی بە بزاڤی ڕۆژنامەنووسی ناسراوە بە پلەی یەكەم لەسەر دەستی سیاسییەكان، یا ئەو ڕۆشنبیرانەی زیاتر كاری سیاسییان كردووە، دامەزراوەو بەڕێوە چووە. لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەدا ئاماژە بە دەركەوتنی ڕۆژنامەنووسیی بیستراوو بینراوی كوردی دەكات، ئینجا میدیای كوردی دوای ڕاپەڕین، پرسیاری ئەوەش دەكات چی لە هەڵسوكەوتی ڕۆژنامەنووسان و ئاراستەی هۆیەكانی ڕاگەیاندندا گۆڕا؟  جگە لە چەندین لایەنی دیكەی پەیوەست بە هەمان ناونیشانی كتێبەكە.

* وطن في حبة رمان – بریتییە لە كۆكراوەیەكی شیعریی وەرگێڕدراو ، كە وەرگێڕی بە توانا محەمەد حوسێن موهەندیس بە زمانێكی پاراوی عەرەبی سەركەوتووانە لە كوردییەوە كردوویەتی بە عەرەبی. لە پێشەكیدا وەرگێڕ بە هۆنراوەیەك لە دانانی خۆی دیدگای خۆی دەخاتەڕوو، ئینجا دێتە سەر وەرگێڕانی یەكە بە یەكەی دێڕەكانی ئەم هۆنراوانە بۆ زمانی عەرەبی.. پیرۆزبایی لە نووسەر دەكەین و هیوای سەركەوتن و داهێنانی زیاتری بۆ دەخوازین.. جێگەی باسە زۆربەی دیزانی بەرگەكانی ئەم كتێبانە خودی نووسەر و شاعیر ئەنجامی داون و ناوەڕۆكیشیان لەلایەن دیزاینەر كاروان محەمەد سینۆ جێبەجێكراوە.

 

Top