جەواد كەریمی   كونسوڵی بازرگانیی لە كونسوڵگەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بۆ گوڵان: ئەو پێشوازییە ئاست بەرزەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێچیرڤان بارزانی خواستی هەردوولایە بۆ پەرەپێدان

جەواد كەریمی     كونسوڵی بازرگانیی لە كونسوڵگەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بۆ گوڵان:  ئەو پێشوازییە ئاست بەرزەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێچیرڤان بارزانی خواستی هەردوولایە بۆ پەرەپێدان

 

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێك ڕۆژی 5ی ئابی 2021 بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم ڕەئیسی (سەرۆك كۆماری نوێی ئێران) گەیشتە تاران و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی میهرئاباد پێشوازییەكی گەورەی لێ كرا، لە دووەم ڕۆژی سەردانەكەشیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران و دواتر لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆبووەوە. لەو دیدارانەدا بوارەكانی پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و چەند پرسێكی دیكەی گرنگ تاوتوێ كران. بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی سەردانەكە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان، جەواد كەریمی كونسوڵی بازرگانیی لە كونسوڵگەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.

 

 

* سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران و ئەو پێشوازییە بەرزەی كە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرا، خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ كرا، ئایا ئێوە وەكو دیپلۆماتكاری كۆماری ئیسلامیی ئێران خوێندنەوەتان بۆ ئەم سەردانە چییە؟

- پێشەكی دەمەوێت باسێكی پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان بكەم، كە لەسەر بنەمایەكی پتەو و هەمیشەیی بونیاد نراوە، پەیوەندییەك كە لەسەر بنەمای بەهێزی جوگرافیایی و زمان و فەرهەنگ و كۆمەڵایەتی دروست بووە. لە دێر زەمانەوە مامەڵە و دانوستاندن لە نێوان خەڵكی ئێران و عێراق بەردەوامی هەبووە، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ئەمە وێڕای ئەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەباتی خەڵكی كوردستانی عێراق لە دژی ڕژێمی ستەمكاری بەعس و دیكتاتۆریی سەدام پشتیوانیی گەلی كوردستانی كردووە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش لەم ساڵانەی دواییدا كۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی هەرێم بووە لە شەڕی تیرۆرستانی داعش و پەیوەندییە دوولایەنەكان بە دۆخێكی درەوشاوە و لە دۆستایەتی و دراوسێتی گەیشتووە.

سەبارەت بە پرسیارەكەشتان، دیداری نێچیرڤان بارزانی وەك بەرزترین پلەی سیاسیی هەرێم لە كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها پێشوازیكردنێكی ئاست بەرز لە سەرۆكی هەرێم و شاندی هاوڕێیان و خاتوو ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی هەرێم، نیشاندەری ئیرادە و خواستی بەرپرسانی باڵای هەردوو لایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەكان. دانوستانی بازرگانی و ئابووریی دوو لایەنەش لە ئاستێكی باشدایە و توانا و دەرفەتە جۆراوجۆرەكان لەو بوارەدا لە نێوان بەرپرسانی هەردوو لا زۆر بەرەوپێشەوە چووە، بە ڕاددەیەك دەكرێت ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ئابوورییەكان دوو هێندەی ئێستای لێ بكرێت .

* ئەم سەردانە تاچەند گرنگی هەیە بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییانەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران؟

- لە ئێستادا پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان كاریگەرترین هۆكارن بۆ پێشكەوتن لە پەیوەندییەكانی دوو لایەنەی ئابووری و بزاڤ و بەرەو وەبەرهێنانی مرۆیی هاوسەنگ و بازرگانیی هاوسەنگ، پەیوەندیی هاوسەنگی بازرگانییش لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئامانج و مەبەستەكانی هەموو وڵاتانی جیهان دێت و، كاریگەریی باشی لەسەر پەیوەندی و بواری سیاسیش هەیە، ئەم پەیوەندییانەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەو چوارچێوەیەدا دێت و، پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان دەدات و، تەنانەت بەهێزكردن و فراوانكردنی پەیوەندییە هەمە جۆرەكانی لێ دەكەوێتەوە. خۆشبەختانە بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئێرانی و هەرێم بە توانامەندیی یەكدی ئاشنان و لە پێشانگاكانی بازرگانی و پیشەیی كە لە زەمەنە جیاجیاكانی ساڵدا سازدراوە لە ئێران و هەرێم نمایشی كاڵا و بەرهەم و تواناكانی خۆیان كردووە، بەشدارییەكی كارایان هەبووە، دەبێت كار بكرێت بۆ لابردنی ئاستەنگ و گرفتەكان تاوەكو بەرهەمی ئەم سەردانە و هەموو پەیوەندییە دوو لایەنەكان زیاتر بۆ هەردوو لا ڕەنگ بداتەوە.

* هەڵبەتە لەكاتی بوونی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی دوولایەنە گرفت و كەموكورتییش دەبێت، ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم گرفت و كەموكورتییانە كەم بكرێنەوە؟

- بەڵێ، بۆ پتەوكردن و بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان هەردەم گرفت و كەموكورتی یان، ئاستەنگی جۆراوجۆر بوونیان دەبێت، گرنگ ئەوەیە ئابووریناسان و شارەزایان كار بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگ و گرفتانە بكەن، بۆ نموونە لە بواری نەبوونی بیمە و مامەڵەی بانكی و كۆنتڕۆڵكردنی كوالێتی و ستانداردی كاڵا و شمەك و گەرەنتی و كڕین و گواستنەوەی ڕاستەوخۆ و ئاسانكاریی هاتوچۆ و گواستنەوەی سەر سنوور.

* یەكێك لەو تەوەرە گرنگانەی لە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تاران تاوتوێ كرا، پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئایا ڕۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق چییە؟

- كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان هاریكاریی دۆستانە هەبێت و ناكۆكی و كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكرێن، هەر لەم بوارەدا هەوڵی زۆر دراوە، خۆشبەختانە پەیوەندییەكی باش لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دروست بووە، هەروەها حزب و گرووپە سیاسییەكانی كوردی و شیعە پێوەندییەكی دۆستانەیان هەیە، هیوادارین لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییانە لەم دۆخەشدا بتوانن گرنگی بە ڕێككەوتنەكانی ڕابردوو بدەن و بۆ سەقامگیری و یەكپارچەیی عێراق و هاریكاریی پێویست دەستەبەر بكەن. ئەمنییەت و سەقامگیریی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگە، بەتایبەتی كە سنوورێكی هاوبەشی بەرفراوانمان هەیە و، ئەمنییەتی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕیزبەندی پێشەوەدایە و بۆ پاراستنیشی هاوكار دەبێت.

هەر كات پێویست بووبێت، میللەتی ئێران لە تەنیشت میللەت و نەتەوەكانی عێراق ڕاوەستاوە و ئەمەش پتر لە چل ساڵی شۆڕشی ئیسلامی سەلماندوویەتی كە لەسەر ئەم بنەمایە كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێم پەیوەندییەكی بەهێز و دروست و كاریگەری هەبووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش هەوڵ دەدەین بەهێزتر و بەرفراوانتری بكەین.

 

Top