جۆن موڵەر      پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ئۆهایۆ ستەیت، بۆ گوڵان:   دەبێت عێراقییەكان خۆیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن و مانەوەی ئەمریكا تەنیا بارودۆخەكە خراپتر دەكات

جۆن موڵەر       پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ئۆهایۆ ستەیت، بۆ گوڵان:     دەبێت عێراقییەكان خۆیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن و مانەوەی ئەمریكا تەنیا بارودۆخەكە خراپتر دەكات

 

 

جۆن موڵەر پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ئۆهایۆ ستەیت و، توێژەرە لە سەنتەری مێرشۆن بۆ دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەمان زانكۆ، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی دەرەوەیە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە سیاسەت و ئەدای ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن و، چەند پەرەسەندن و پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك بایدن دەڕوانیت و ئایا هیچ رەهەندێكی ئەرێنی هەیە كە بتوانرێت ئاماژەی پێ بكرێت؟

- من ئەدای ئیدارەی سەرۆك بایدن بە باشتر دەزانم، كە لەم رووەوە دەتوانم ئاماژە بە بڕیاری كشانەوە لە ئەفغانستان بكەم، كە ئیدارەی ترەمپ نەیتوانی ئەم كارە بكات و ئەم بڕیارە جێبەجێ بكات، هەروەها هەنگاوێكی دیكەی ئەرێنیی ئەم ئیدارەیە، هەوڵەكانیەتی بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا.

* بەڵام ئایا بڕیارەكەی سەرۆك بایدن بۆ كشانەوە لە ئەفغانستان، نەبووەتە هۆی ئەوەی كە دۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتە بە رەوتێكی خێرا بەرەو ئاڵۆزی و داڕووخان بچێت؟

- بەڵێ، پێدەچێت ئەمە راست بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش من باوەڕم وا نییە كە پێویست بەوە بكات، هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان بمێننەوە و پێویستە خاكی ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

* ئەی چۆن لە سیاسەتەكانی ئەم ئیدارەیە دەڕوانیت لە ئاست عێراقدا؟

- من پێم وایە سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست عێراق ئەوەیە كە لەم وڵاتە بكشێتەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی كە دەبێت عێراقییەكان خۆیان كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، بە چەشنی وڵاتی ئەفغانستانیش كە دەبێت خۆیان كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بكەن، دواتر دەبێت ئێمە بزانین كە هەردوو ئەم شەڕە (شەڕی ئەفغانستان و شەڕی عێراق) بڕیارێكی گەمژانە بوون لە بنەڕەتدا، چونكە لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەمریكا دوچاری شكست بووەوە و، سوپای ئەمریكا نەیتوانی ئەو كارە بكات كە لێی چاوەڕوان دەكرا، ئەوەتا ئێستاش رایدەگەیەنن كە ئەوان نازانن چۆن سەقامگیری لە مەودای دووردا بەدی بهێنن، واتە دەبێت ئێمە ئەوەمان لە یاد بێت، كە شكستی ئەمریكا لەم دوو وڵاتەدا بووە هۆی ئەوەی بارودۆخێكی خراپتر دروست ببێت، بەراورد بە رابرودی ئەم دوو وڵاتە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە من باوەڕم وایە دەبێت ئەمریكا بكشێتەوە و ئەو وڵاتانە جێبهێڵێت.

* واتە ئێوە پێتان وایە باشترە ئەمریكا لە تەواوی ناوچەكە بكشێتەوە؟

- من ئەمە بە بیرۆكەیەكی باش دەزانم، چونكە كاتێك میراتەكەت 20 ساڵ شكست بێت و، ژمارەی كوژراوەكان لە ئەنجامی دەستێوەردانی ئەمریكا 100 هێندە زیاتر بێت، ئەوا ئەمە هیچ ناگەیەنێت جگە لە شكستێكی گەورە نەبێت.

* ئایا پێت وایە ئەم ناوچەیە چیتر بە چەشنی رابردوو بۆ ئەمریكا گرنگ نەبێت؟

- من پێم وانییە پێشتریش بەو ئەندازەیە گرنگ بووبێت بە چاوپۆشین لەوەی كێ كۆنتڕۆڵی نەوتی ئەم ناوچەیە دەكات، چونكە وڵاتانی ئەم ناوچەیە ناچارن ئەم نەوتە بفرۆشن و، لە ئێستاشدا گرنگیی ئەم ناوچەیە كەمتر بووەتەوە، دواتر من دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە چەندین كێشە هەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، لە ماوەی 20 ساڵی رابردودا ئەمریكا سەلماندی كە ناتوانێت هیچ یەكێك لەو كێشانە چارەسەر بكات، ئەمریكا تەنیا لە خراپتركردنی بارودۆخەكەدا بەهرەدارە.

* ئێوە لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا باستان لەوە كرد كە ئیدارەی ئەمریكا كارێكی باش دەكات، كە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، ئایا پێت وایە ئەم دەرئەنجامە بەدی دێت؟

- من نازانم، بەڵام هیوادارام بگەنە رێككەوتن، دواتر ئەو رێككەوتنەی پێشوو كە كرابوو، كارێكی باش بوو، هەروەها ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون، دەرئەنجامێكی زۆر زیانبەخشیان لێ دەكەوێتەوە و پێویستە كۆتاییان پێ بهێنرێت، چونكە سەپاندنی سزا ئابوورییەكان بیرۆكەیەكی تا بڵێیت خراپە و، تۆماری ئەم سزایانەش پێمان دەڵێن كە نەك نابنە هۆی گۆڕینی سیاسەتی وڵاتە بە ئامانجگیراوەكە، بەڵكو كێشەیەكی زۆر بۆ ئەو وڵاتە، بە تایبەتی بۆ خەڵكی ئاساییی وڵاتەكە و بۆ وڵاتانی دیكەش دروست دەكات، هەرچۆنێك بێت من پێم وایە گەیشتن بە رێككەوتنێك لەم بارەیەوە هۆكارێك دەبێت بۆ باشتركردنی دۆخی ناوچەكە.

* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە ئەدای ئیدارەی بایدن دەڕوانیت لە پەیوەندی بە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و، كاركردن لە چوارچێوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكاندا؟

- من باوەڕم وایە ئیدارەی بایدن لەم رووەوە هەنگاو بە ئاراستەی راستدا هەڵدەگرێت، هەرچەندە كاركردن لەگەڵ لایەن و هاوبەشەكاندا بە مانای ئەوە نایەت كە تۆ هەمیشە هاوڕایت لەگەڵیاندا، بەڵام هەمیشە كاركردن لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەكاندا كارێكی باش و خوازراو بووە.

* پێت وایە پێویستە ئەولەویەتی ئەم ئیدارەیە چی بێت؟

- بە تێڕوانینی من پێویست ناكات ئەم ئیدارەیە لە یەك كاتدا خۆی سەرقاڵ بكات بە چەندین پرس و كێشەوە، هەرچەندە لە هەندێ رووەوە بەرەوپێشچوون بەدی دەكەین، من لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە لە ساڵی 2000 جۆرج بوشی كوڕ باسی لەوە كرد كە دەیەوێت ئەمریكا سیاسەتێكی دەرەكی لەخۆبردووانەی هەبێت، بەڵام دواتر رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر بارودۆخەكەیان گۆڕی، كەواتە گرنگە ئەمریكا سیاسەتێكی لەخۆبردووانەی هەبێت، یان سیاسەتێكی لوتبەرزانەی نەبێت، كە پێم وایە ئیدارەی بایدن بەم ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵدەگرێت.

* ئەی چۆن لە ئەدای ناوخۆیی ئیدارەی بایدن دەڕوانیت؟

- بە شێوەیەكی گشتی ئەدایەكی باشی هەبووە، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ ئەوەی دڵنیا بین، چونكە هێشتا مەترسیی هەڵئاوسان هەیە و، هێشتا نیگەرانی لەبارەی كۆرۆناوە لە ئارادایە.

 

Top