نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حوکمەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزیدییەکان

نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حوکمەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزیدییەکان

 

٣/٨/٢٠٢١

حەوت ساڵ پێش ئێستا خوشک و برا ئێزیدیەکانمان بەشێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکران و ناچارکران ماڵ و حاڵیان چۆڵ بکەن. تیرۆریستانی داعش هێرشێکی توندیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ئێزدییەکان لە شنگال لێی نیشتەجێبوون. شاڵاوی سامناکی تیرۆریستان سنووری هەموو نۆرم و پرەنسیپێکی مافی مرۆڤی بەزاند، هەر لە کوشتن و خاپورکردنی ماڵ تا گەیشتە ئەوەی ژنان و منداڵان و خێزانەکان بڕفێنن و لە موسڵ و سوریا بیانفرۆشن.

هەروەها کردەوە تیرۆریستییەکان بوونە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لەدانیشتووانی ئەو ناوچانە کە دواتر بۆ پاراستنی گیانیان و بنیاتنانی هیوایەک، بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵکشان.

جیهان دەبێت گویێ لە هاوارە ڕەوا و بەرزەکەی کۆمەڵگەی ئێزدی بگرێت و لێی تێبگات. خوشک و برا ئێزیدییەکان تەنیا دەیانەوێت لە توندڕەویی و پەڕگیری پارێزراوبن، ئاسایش لە زێدەکەیان بەرقەرار بێت، مافە سیاسی و فەرهەنگیەکانیان بپارێزرێت و دادپەروەرانە نوێنەرایەتیان بکرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 08 / 21 / 2014 بڕیاری ژمارە ( 5170 ) ی دەرکردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەئێزیدییەکان کراوە. لیژنەکەش لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاری بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو کەیسە کردووە و هەوڵیداوە ئازارەکانیان بگەیەنێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لیژنەی ناوبراو لە کابینەی ئێستا چالاکبۆتەوە و بەردەوام بێت لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا و گەیاندنی تیرۆریستانی داعش بە سزای یاسایی.

تەریب لەگەڵ ئەو میکانیزمەی هەیە، نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاسپێردراوە بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد). بۆ ئەم مەبەستەش، نووسینگەی ڕێکخەر لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵە و تا ئێستا چەندان بەڵگەی پەیوەندیدار بە تیمی یونیتاد دراوە.

هەروەها دامەزراوە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرت و زانیاری فراوانیان پەیوەست بە سەرکردایەتی داعش و سەرچاوە داراییەکانیان بۆ یونیتاد دابین کردووە تا ئەوانیش لێکۆڵینەوە یاساییەکانیان دەستپێبکەن.

وەک بەشێک لە پڕۆژەی بە ئەلیکتڕۆنیکردن، حوکمەتی هەرێم هاوکاری یونیتادی کردووە لە دەستگەیشتن بە هەموو ئەرشیفێکی بەڵگەداری پەیوەست بە تاوانەکانی داعش کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە و پارێزراوە، ئەمەش تەریبە لەگەڵ پابەندبوونی عێراق بە بڕیاری ژمارە 2379ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگایی کردنی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی.

دوای ڕووداوە کارەساتبارەکان ، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی هاوکاری بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ ئاوارە بووەکان درێژ کرد بەبێ جیاوازی، کە سەرەتا بریتی بوون لە دابینکردنی شوێنی تایبەت بۆ داڵدەدان و پاشان دابینکردنی هەموو خزمەتگوزاریە سەرەتاییە پێویستەکان. جگە لەوەش لیژنەیەکی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچون بۆ دۆسیەی ڕفێنراوان پێکهێنرا و لیژنەیەکی دادوەریش پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەناوچەی شەنگال و ناوچەکانی تری دەوروبەری ئەنجامیداوە و دواتر بەدۆکیومێنتکردنی ئەو تاوانانە و تۆمارکردنی وتەی قوربانییان.

ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ناوچەی شنگال و دەوروبەری گرتەوە، یەکێک بووە لە تاوانە هەرە ترسناکەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە مێژووی هاوچەرخدا، بەشێک بوو لە هێرشێکی بەرفراوان کە تیرۆریستانی داعش دژ بە خەڵکی کوردستان ئەنجامیان دا. ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا کارەساتێکە کە قووڵایی ویژدانی ئێمەی هەژاند و گوزارشتی لە نمایشکردنی قێزەونترین کردەی خوێناوی ڕێکخراوی تیرۆستی داعش کرد. دەبێت هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان چڕتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی تاوانەکان بە جینۆساید بناسرێن.

وەک قەرەبوویەکی بچووک لە دەستپێک، پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەرانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر زامن بکرێت، کە بەهۆی دەستدرێژیە تیرۆریستییەکان و ئەو هەڕەشانەی کە لە بەردەمیان کراوە ناچارکراون کۆچ بکەن. هەروەها، پێویستە زاڵبین بەسەر ئاستەنگە سیاسی و ئیداریەکان کە رێگری لە بەرجەستەکردنی دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیان دەکات.

هاوکات، خێراکردنی پێکهێنانی ئیدارە لە شەنگال و بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و دابینکردنی یارمەتی ماددی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ گەڕانەوەیان لە کەمپەکانی ئاوارەییەوە بۆ زێدی ڕەسەنیان.

ئەم هەنگاوانە لە ڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و ئەنجامدانی دادگاییکردنەکان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد بەرجەستە دەبن.

Top