پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان


 

ئەمرۆ حەفتەمین ساڵیادی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعشە بۆ سەر خوشک وبرایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، كە بەوهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە كران.
جینۆسایدی ئێزدیيان ، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە . هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕزگارکردنی شنگال بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە .
لەم یادە خەمناكەدا ،دووپاتی دەكەینەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان.
هەروەها جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش و هاوكارەکانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان .
سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شنگال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Top