ئەنفال و خۆرِاِگری ئافرەتانی بارزان

ئەنفال و خۆرِاِگری ئافرەتانی بارزان

ئەگەر بەدرێژای مێژوو ووردبینەوە بارزانیەكان هەمیشە وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی شۆرشەكانی گەلی كوردستان زۆرترین قوربانیان داوە، دەڤەری بارزان بەگشتی زۆرترین جار تووشی ویرانكردن و پاكتاوكردن بۆتەوە، ئەوەی جێگەی داخە تائەمرۆ وەك پێویست توێژینەوەی وورد لەمبارەیەوە ئەنجام نەدراوە، نەوەیەی ئێستا هیچ جۆرە شارەزاییەكی لەسەر ئەم رووداوە تراتیژدییە نیە، ئەمەش بۆ كەموكوری راگەیاندنەكان و سیستەمی پەروەردەیی دەگەڕیتەوە كەهیچ جۆرە ووردبوونەوەیەكیان بۆ ئەنفالی بارزانیەكان نەكردووە.
ئاوردانەوەیەك لەمێژوو
پاكتاوكردن و كۆمەڵكوژی بارزانیەكان مێژوویەكی دووری هەیە، چونكە ئەوان هەمیشە هەڵگری مەشخەلی شۆرش و راپەرین بوون ، بەدرێژای مێژوو دەڤەری بارزان لانكەی شۆرشەكان بووە و هیچ كام لەدەستەلاتە داگیركەران نەیانتوانیوەی ئەم ناوچەیە داگیربكەن، ئەگەر كەمێك لەمێژوو ووردینەوە یەكەم قۆناغی پاكتاوی بارزانیەكان بۆ سەردەمی عوسمانیەكان بەتایبەتی ساڵی "1907 دەگەڕیتەوە ئەوكات بارزانیەكان ئامادە نەبوون سەر بۆ دەستەلانی عوسمانی دابنەوێنن بۆیە عوسمانی پەنای بردە بەر راگواستن و دوورخستنەوەی بارزانیەكان لە عێراق و توركیا و زینداكردنی كەسایەتیەكانیان.
ئینگلیز و فەرمانڕوایەتی پاشایەتی
شۆرشەكان و راپەرینەكان لەبارزان بەردەوامبوون، ئەوەبوو لەسەردەمی دەستەڵاتی داگیركەری بەریتانی جارێكی تر بارزانیەكان راپەرین و ئامادەنەبوون مل بۆ دەستەلاكەیان بدەن لەبەر ئەوەی لەلایەن هێزە داگیركەرەكانی بەریتانی ، لەسالی 1920 دا پەلاماری بارزان دراو كۆمەلكوری دژی بارزانیەكان ئەنجامدرا.
دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێرق و هاتنە سەركاری فەرمانڕوایەتی پاشایەتی، جارێكی تر دەڤەری بارزان بوو بەلانكەی شۆرش ئەمەش وایكرد هێزە چەكدارەكانی فەرمانڕوایەتی پاشایەتی بەهاوكاری هێزە داگیركەرەكانی بەریتانی پەلاماری دەڤەری بارزانیان داو تەواوی گوندەكان و ناوچەكەیان خاپوور كرد، بەتایبەتی لەساڵانی نیوان 1920ــ1945 بە پاساوی سەركوتكردنی راپەڕینەكانی ناوچەی بارزان جارێكی تر ناوچەكە دەكەوێتە بەردەم پەلامارو شاڵاوی دڕندانەی فەرمانڕەوایانی عێراق، ئەمەش بووبەهۆی دەربەدەربوونی دانیشتوانی ناوچەكە بۆ سنووری دەوڵەتی ئێران.
دەڤەری بارزان لەسەردەمی دەستەلاتی كۆماری عێراقدا چەندینجار تووشی مالوێرانی و پاكتاوكردن و راگواستن بۆوە، بەتایبەتی لەسالانی (1960 بۆ 1974) جارێكی هێزەكانی عێراق بەهاوكاری چەكداری خێلەكانی سەر بەدەستەلاتی بەغدا پەلاماری ناوچەكەیان دا، كوشتن و راگواستنێكی زۆر دەرهەق بە دەڤەری بارزان كرا.
راگواستن و كۆچپێكردنی زۆرە ملێ
وەك لەپیشەوە لێی دواین بارزانیەكان بەدرێژای سەد ساڵی رابردوو قوربانی زۆرییان دا، بەلام ئەمجارەیان بەتایبەتی لەدوای رێككەوتنامەی شومەكەی جەزائیر لەسالی 1975 ، قۆناغێكی زۆر بەرنامە بۆ دارێژراو بۆ پاكتاوكردنی بارزانیەكان دەستی پێكرد، لەراگواستن كۆچپێكردنی زۆرە ملێ جێبەجێكرا، ئەوەبوو لەساڵی 1975 دانیشتوانی "نزارو بەرۆژ" بۆخوارووی عێراق دوورخرانەوە، هەنگاوی دووەمیش دانیشتوانی ناوچەكانی "مزووری، شێروانی بۆ ئۆردگاكانی(هەریر، بەحركە، دیانا، كۆرەتوو) لەسنووری پارێزگای هەولێر ، لەساڵی 1978دا دوورخرانەوە، دواتریش دانیشتوانی "شێروان مەزن" بۆ ئۆردگای زۆرەملێی "سێبیران"لەساڵی 1982 نیشتەجێكران.
ئەنفالی بارزان
بێگومان پرۆسەی ئەنفالی بارزانیەكان لەكۆتایی تەمموزی 1983دا دەستی پێكرد، زیاتر لە 8000 بارزانی جینۆساید كران، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە سەرجەم پیاوان و كوڕان بەشیوەیەكی زۆر نامرۆڤانە لەخیزانەكانیان جوداكرانەوە و دوای گرتنیان بۆ خوارووی عێراق گواستراونەتەوە و شەهید كران،.ئەوەی شایەنی باسە رژێمی چەندین پیلانی گڵاوی داڕشتبوو، لەوانە پاكتاوكردنی بارزانیەكان بوو، هۆكارێكی تری سەرەكی سووكایەتی كردن بوو ئافرەتانی كورد، خودی پیلانەكە جیاكردنەوەی پیاوان و ئافرەتان ، لەناوبردنی پیاوەكان و كوڕەكانیان و سووكایەتی كردن بوو بەئافرەتە سەربەرزەكانی بارزان.
خۆڕاگری و كۆڵنەدان
ئافرەتانی بارزان، نموونەیەكی پاڵەوانێتیان پێشكەش بەمێژوو كرد، بەخۆراگری شكستیان بەپیلانی گلاوی بەعسیەكان هێنا، ئافرەتانی بارزان هەتاهەتایە جێگەی شانازیین بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ، چونكە ئەركیان زۆر قورس بوو، ئەوان لەلایەك قوربانی بوون، خەمێكی سامناكی لەدەستدانی ئازیزانیان هەبوو، لەلایەكی تر بەرپرسیارێتی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵەكان و خانەوادەكانیان بەبێ هاوسەر و باوك و برا كەوتە سەرشانانیان، لەلایەك لەترسی پیاوانی دڕندەی رژێم دەبوو ئاگاداری خۆیان و كچە هەرزەكارەكانیان بن، لەلایەكی تر دەبوو لەپێناوی بژێوی خێزانەكانیان كار بكەن، ئەمە بێجگە لەپەروەردەكردنی منداڵ لەو كات و ساتە سەختەدا، بۆیە ئافرەتانی بارزان وەك شێرە ژنێك پەروەردەی نەوەیەكی كوردپەروەرو نیشتیمان دۆستیان كرد، ئەوان لەمێژوودا بوونە هێمایەك بۆ خۆڕاگری و تێكۆشان.
بەجینۆسایدكردن
ئەگەر ئێمە باسلەوە بكەین چۆن هەوڵی بەجینۆسایدناساندنی ئەم كەیسە بدەین ، سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین لە یاساكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا ئاماژە بەوە كراوە جینۆساید بریتیە لە ئامانجی وێرانكردن و لەناوبردنی سەرجەم یان بەشێكی نەتەوەیەك، كەمایەتیەك، ڕەگەزێك یان گروپێكی كۆمەلایەتی و ئاینی ئەنجام بدرێت بە شێوەیەكی نەخشەكێشراو ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.لەوانە: (ئەنجامدانی زیانی گیانی و رۆحی، كوشتنی ئەندامانی كۆمەلگا، گواستنەوەی بە زۆری مندالان لە گروپێكەوە بۆ یەكێكی ترن سەپاندنی ژیانێكی نامۆ بەسەر كۆمەڵگەدا. ئەگەر ووردبینەوە تەواوی ئەم خالانە لەئەنفالی بارزانیەكان جێبەجێكراوە، هەر لەپاكتاوكردن و كوشتن تادەگاتە جیاكردنەوەی مندالان لەباوانیان، دوورخستنەوەیان بۆ شوێنیكی تر،سەپاندنی ژیانی كۆمەلگەی زۆرەملێ، واتا لەرووی یاسایی نێودەوڵەتیەوە تەواوی خالەكان دیاریكراوە، ئەوەی تر دەكەوێتە سەرشانی نوێنەرانی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بتوانن هەنگاوەكانی بەجینۆساید ناسانی ئەنفالی بارزان جێبەجی بكەن، هەروەها پێویستە لەلایەن هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی بالا بابەتی جینۆسایدی بارزانیەكان بچێتە ناو بەرنامەی خوێندنی قوتابخانە و زانكۆكانەوە و چەندین سەنتەری لێكۆلینەوە و مۆزەخانە بۆ بواری جینۆساید دامەزرێنرێن و روداوی جینۆسایدكردنەكان و دۆكومێنتەكان بكرێتە فیلمی سینەمایی.
گرنگی دۆسیەی جینۆساید
جینۆساید دۆسیەیەكی سیاسی و یاسایی گەورە و گرنگە بەدەست گەلی كوردەوە بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی، گەلی كورد دەتوانێت گوشارەكانی بۆسەر بەغدا زیاد بكات، لەلایەكی تریشەوە دەكرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم پرسە كاری لەسەر بكرێت بۆ سەرخستنی پرۆسە هەستیارەكانی وەك سەربەخۆبوون و دامەزراندنی دەوڵەت، بۆیە ئەركی هەموانە وەك لەپێشەوە باسمكرد هەنگاوەكان خێرا بكرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم تاوانە.
لەكۆتایدا هیوادارم یادی ئەنفالی بارزان بكرێتە هەنگاوێكی گرنگ بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی ئەنفال، بۆ هەولدان بۆ ئەوەی رووداوی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە رێزگرتن لەكەسووكاری ئەنفالكراوان بكرێتە كەلتوورێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی .

Top