یانەی ئافرەتانی دھۆک یارییەکانی زیاد دەکات

یانەی ئافرەتانی دھۆک یارییەکانی زیاد دەکات

یانەی ئافرەتانی دھۆک یارییەکانی زیاد دەکات
یانەی وەرزشیی ئافرەتانی دھۆک ماوەی زیاتر لە سالێکە دامەزراوە بەرنامە و پلانی تۆکمەی ھەیە بۆ زیادکردنی تیپە جۆراوجۆرەکانی کچان لە یانەکەی بەمەبەستی زیاتر خزمەت کردنی شاری دھۆک و وەرزشیی ئەو شارە، دەستەی کارگێڕی یانەی ئافرەتانی ھەولێر پلانی ئەوەیە تیپی زیاتر لە یانەکە زیاد بکات، ئافرەتانی دھۆک لە ئێستادا ھەریەک لە تیپەکانی تایکواندۆی کچان و باسکە و فوتساڵی ھەیە و بەرنامەی زیاد کردنی تیپەکانی تریش ھەیە بۆ ئەوەی ئافرەتانی دھۆک بکەنە یەکێک لە باشترین تیپەکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق، لەم بارەشەوە چریسک یونس سەرۆکی یانەی وەرزشیی ئافرەتانی دھۆک بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە لە یانەی ئافرەتانی دھۆک بەرنامە و پلانی درێژخایەنمان ھەیە لەگەڵ ھاورێکانمان بۆ ئەوەی بتوانین باشترین خزمەت بە شاری دھۆک و ئافرەتانی ئەو شارە بکەین، لە ئێستادا تیپی فوتساڵمان ئەم وەرزە بووە پاڵەوانی کوردستان لە خولی خولی نایابی کوردستان، جگە لەوەی ئێستا تیپی باسکەمان دامەزراندوە و تیپی تایکواندۆش بە ھەمان شێوەیە، ئێستاش لە پلانمانە تیپەکانی کچان زیاد بکەین لە یانەی وەزرشیی ئافرەتانی دھۆک، بەڵام پلانەکانمان ھەنگاو بە ھەنگاوە نەک ھەمووی بەیەکەوە جێ بەجێ بکەین، سەرەتا بۆ ھەر تیپێک کە بمانەوێ زیاد بکەین خۆمان بە شێوەیەکی باش ئامادە دەکەین ئەوکات تیپەکە رادەگەینین، جگە لەوەش ئامانجی ئێمە ئەوەیە بتوانین باشترین وەرزش لە سەر ئاستی کوردستان پێشکەش بکەین و تیپەکانمان جێگای بایەخ بن، خزمەت کردنی یاریزانانی خۆمان و کچانی کوردستان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، ئافرەتانی دھۆک لە یاری فوتساڵ ئەم وەرزە بەشداری خولی نایابی یانەکانی کوردستانی کرد توانی ببێتە پاڵەوانی کوردستان، ئینجا ئێمە بەم شێوەیە دەمانەوێ تیپی بەھێز دروست بکەین و ببینە خاوەنی پێگەیەکی بەھێز لە ناو تیپەکانی کوردستان. ئامانجی ئێمە زیاتر خزمەت کردنی وەرزشیی ئافرەتانە لە شاری دھۆک و بمانەوێ تیپی بەھێز دروست بکەین بۆ کێبڕکێیەکانی دێتە پێشمان و ببینە رکابەرێکی بەھێز بۆ بەشداری کردن لە خولەکانی کوردستان.
کارزان کانەبی

Top