هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستان و گێچەڵی پەكەكە و لەشكركێشیی توركیا

هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستان و گێچەڵی پەكەكە و لەشكركێشیی توركیا

 

دكتۆر محێدین حەسەن

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان:

 

گوندنشینە زیانلێكەوتووەكان داوای ئاوڕدانەوەی حكومەت و قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیان دەكەن

 

 

سەفین عومەر گەردی   

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان:

 

چاوەڕوانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانین بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ پەكەكە و ئەو لەشكركێشییەی توركیا دابنرێت

 

لەشكركێشیی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و شەڕەكانی پەكەكە لەناو هەرێمی كوردستاندا زیانی گەورەی گیانی و ماڵی لێكەوتووەتەوە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی خەڵكی سڤیل و پێشمەرگە و چۆڵكردنی ژمارەیەك گوندی سەرسنوور، ئەمە وێڕای داگیركردنی ڕووبەرێكی زۆری خاكی هەرێم لەلایەن سوپای توركیاوە بە قووڵایی 15 تا 40 كیلۆمەتر و دانانی 70 بنكە و بارەگای سەربازی و ئەمنیی سوپای توركیا. گۆڤاری گوڵان ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە زیانەكانی ئەم شەڕ و پێكدادانەی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا ئامادە كردو تێیدا هەردوو پەرلەمانتار دكتۆر محێدین حەسەن و سەفین عومەر گەردی كە لە پەرلەمانی كوردستان ئەندامی لێژنەی تایبەت بوون بۆ بەسەركردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان و بەرزكردنەوەی ڕاپۆرتێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، تاوتوێی ئەو پرسە هەستیارە دەكەن.

 

بێ هەڵوێستیی عێراق بەرامبەر

لەشكركێشیی سوپای توركیا جێگای نیگەرانی و پرسیارە

سەرەتا سەبارەت بە زیانەكانی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە لە هەرێمی كوردستاندا، دكتۆر محێدین حەسەن ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات ئەندامی لێژنەی تایبەت بە (ناوچە زیانلێكەوتووەكانی سنووری هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی توركیا)یە هێما بۆ ئەوە دەكات كە «بەردەوامیی ئەم شەڕەی پەكەكە و لەشكركێشیی سوپای توركیا جگە لە زیانەكانی مەترسیی گەورەشی لێ دەكەوێتەوە»، هەر لەو بارەیەوە وتی: «ئێمە وەكو شاندێكی پەرلەمانی كوردستان كە لە فراكسیۆنە جیاجیاكان پێكهاتبووین، بە مەیدانی سەردانی ئەو ناوچانەمان كرد كە لە ئاكامی بۆردومان و شەڕ و لەشكركێشیی توركیا زیانی گیانی و ماڵیی گەورەیان بەركەوتووە، لەو سەردانەدا بەدواداچوونمان كردو داتا و دەرئەنجامی ئەو هێرش و پێكدادانەمان كۆكردەوە، كە بەداخەوە زیانە گیانی و ماددی و مەعنەوی و ژینگەیییەكان زۆر گەورەن، كاتێك سەردانی قەزای زاخۆ و ناحیەكانی دەركار و باتیفا و كانی ماسی و قەزای ئامێدی و گوندەكانی سنووری پارێزگای دهۆكمان كردو بنكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پاسەوانی سنوورمان بەسەركردەوە و چاومان بە هاووڵاتیانی ئەو ناحیە و گوندانە كەوت، لە نزیكەوە گوێبستی گلەیی و پێشنیارەكانیان بووین، كە خۆی دەبینییەوە لە (داواكاریی یەكڕیزیی نێوان هێزە كوردستانییەكان و ئاوڕدانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو سنوورانە و قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیان).»

یەكێك لەو هۆكارانەی بەردەوامبوونی شەڕو پێكدادانەكان بۆ سەختی هەڵكەوتەی جوگرافیایی و هەبوونی پەكەكە و بەدەنگەوە نەهاتنی حكومەتی فیدراڵی دەگەڕێتەوە، لەم بارەیەوە دكتۆر محێدین حەسەن وتی: «بوونی پەكەكە بیانووی بە سوپای توركیا داوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە و داگیركارییەكانی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ئەمە وێڕای ئەوەی هەڵكەوتەی جوگرافیایی و هاوسنووریی ئەم ناوچانە وای كردووە، پاراستنی ئەم سنوورانە ئاسان نەبێت بەو هێزە كەمەی پێشمەرگە و پاسەوانانی سنوور. لەلایەكی دیكەوە بێدەنگبوون و بێ هەڵوێستی عێراق بەرامبەر لەشكركێشیی سوپای توركیا جێگای نیگەرانییە. بەداخەوە هەروەكو چۆن حكومەتی عێراق گرنگی بەم پێشێلكارییە دەستوورییە نەداوە، هەرواش نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی هاوپەیمانان و گرنگیان بەم پێشێلكاریییە دەستووری و یاساییە و عورفە نێودەوڵەتییە نەداوە، تەنانەت هەموو هێزە كوردستانییەكان لە سەر ئەم بابەتە چاەنووسسازە و ژیان و گوزەرانی خەڵكی گوندنشین و پێگەی هەرێمی كوردستان یەك دەنگ نین، كە دەبووایە لەسەر كۆی مەسەلە چارەنووسسازەكان هاودەنگ بین، چونكە هەر دەستدرێژییەك بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و ئەم قەوارەیە دەبێت یەك دەنگ بین، هەروەكو چۆن لە پەرلەمانی كوردستان ڕاپۆرتی خۆمان بەرز كردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم ڕاپۆرتەوە هەنگاوەكانی ڕاوەستانی شەڕو پێكدادانەكان بنرێت و پێویستە هێزە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان لەكاتی خەباتیاندا تایبەتمەندێتی و واقیعی هەستیارو ناسكی هەرێمی كوردستان بپارێزن، بەلانی كەم نەبنە هۆكاری كۆسپ و ماڵوێرانیی خەڵكی سڤیل و خوانەخواستە لەبارچوونی ئەم ئەزموونە دەوڵەمەند و گرنگە».

سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی پاسەوانی سنووریش پەرلەمانتار دكتۆر محێدین حەسەن وتی: «لەو سەردانەماندا ڕەچاوی ئەوەمان كردبوو، هەردوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی پاسەوانانی سنوور كە سەر بە عێراقی فیدڕاڵن لە ڕووی ژمارە و جۆری چەك و تەقەمەنییەوە لە ئاستی پێویستدا نین، بەتایبەتی ئێمە باس لە ناوچە و ڕووبەرێكی سەخت و فراوان دەكەین كە ماوەیەكی دیكە وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە دێت و ناوچەكە سەختتر دەبێت، بۆیە برا پێشمەرگەكانمان پێویستیان بە هاوكاری و پێداویستیی گرنگە لە ڕووی لۆجستی و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێل و ڕاهێنانەوە، پێویستە لە ئامادەباشیدا بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەر و مەترسییەك، ئێمە لە ڕێگەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوامان كردووە، داوا لە حكومەت بكرێت پێداویستییەكان دابین بكرێت، حكومەتی هەرێمیش لە ڕێگەی كەناڵەكانی خۆیەوە، داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ بكات، پێداویستی بۆ هێزەكانی پاسەوانی سەرسنوور دابین بكات، هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كۆدەنگ بن لەسەر ڕێگری لە لەشكركێشیی زیاتری سوپای توركیا و هاوكات داوا لە پەكەكە بكرێت چیتر زیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان نەگەیەنن و پاساوی زیاتر نەدەن بە توركیا بۆ داگیركردنی خاكی زیاتر.

بارودۆخی گوزەران و ژیانی دانیشتووانی

گوندە سەرسنوورییەكان زۆر ناخۆش و سەخت بووە

سەفین عومەر گەردی كە ئەندامی ئەو لێژنە تایبەتە بوو كە بۆ سەردانی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی كوردستان ڕاسپێرداربوو، سەبارەت بە زیانەكانی شەڕی پەكەكە و لەشكركێشیی سوپای توركیا وتی: «دەرئەنجامی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی كوردستان زیانی گەورەی گیانی و ماددی و مەعنەوی و ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان كەوتووە، بەپێی ئەو قسەو دانیشتنانەی لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە و بەڕێوەبەری ناحیەكان و بەرپرسانی حكوومی ئەنجاممان دابوو، بۆمان دەركەوت كە ژمارەیەكی زۆر باخ و كێڵگەی كشتوكاڵی خەڵكی گوندەكانی دەڤەرەكە و بە دەیان هەزار دۆنم لە پاوان و دارستان سووتاون و زیانێكی زۆر بەر كێلگەی بەخێوكردنی مێش هەنگوینەكانی سنوورەكە كەوتووە، سەرەڕای ئەمەش لەلایەن توركیا و جاشەكانیەوە ڕووبەری زۆر لە دارستانەكانی ئەو سنوورانە بڕاونەتەوە و دارەكانیان بۆ ناوخاكی توركیا گواستووەتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی بە هەزاران خەڵكی ئەو ناوچانە بێكار و دەربەدەر بوون. لەو كاتەی ئێمە لەوێ بووین، بۆردومان لەسەر سنوور و ناحیەی دەركار و باتوفا و كانی ماسی و ئامێدی و دێرەلوك هەبوو، خەڵكەكە باسیان لەوەكرد كە بە هۆی ئەو بۆردومانانە ڕێگرییان لێ دەكرێت و ناتوانن بچن بۆ سەر كێلگە و باخ و بێستانەكانیان، كە ئێستا كاتی بەرهەمهێنانیانە، بەمەش بارودۆخی گوزەران و ژیانیان زۆر ناخۆش و سەخت بووە و ئەو باخ و بێستان و كێڵگانەی لە ژێر دەستی توركیایە و ئەوانی دیكەش پەكەكە دەستیان بەسەردا گرتووە و خاوەنەكانیان خەڵكی ناوچەكەن لە هەموو شتێك بێبەش بوون، سەرباری هەموو ئەو قسەو گلەییانەی خەڵكی گوندەكان و ئەوەی خۆشمان بینیمان لە واقیعدا هۆكاری سەرەكیی بوونی پەكەكەیە لەناو خاك و سنووری هەرێمی كوردستان و كار و ڕەفتارەكانی پەكەكە بووەتە بیانوویەك بۆ هێرش و سنووربەزاندن و لەشكركێشیی بەردەوامی سوپای توركیا.

پێویستە گوێ لە داواكاریی خەڵكی ئەو دەڤەرە و سنوورە بگیرێت و كۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت لەناو خاكی هەرێمدا

سەبارەت بە چارەسەركردنی ئەم بارودۆخە سەختە پەرلەمانتار سەفین گەردی ڕای وابوو: «بۆ چارەسەری ئەو بارودۆخە پێویستە گوێ لە داواكاریی خەڵكی ئەو دەڤەر و سنوورە بگیرێت، ئەوان خوازیارن و داواكارن پێش هەموو شتێك سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان ناوماڵی كوردستان ڕێكبخەنەوە و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت و، بە هەموو لایەنەكان هەوڵ بدەن ئەو پیلانەی لە دژی هەرێمی كوردستان هەیە، پووچەڵ بكرێتەوە، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەنگاوی خێرا بگرنەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەو لەشكركێشییەی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان و سنوورێك بۆ پەكەكە دابنرێت و پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای كەناڵە دیپلۆماسییەكانیەوە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندییان باشە، بەتایبەتی هێزەكانی هاوپەیمانان كار بۆ ئەوە بكەن كە ناوبژیوانی بكەن بۆ ئەوەی پەكەكە و سوپای توركیا سنووری خاكی عێراق بەجێبهێڵن و پەكەكە بچێتەوە باكووری كوردستان و سوپای توركیاش لە كوردستان بكشێتەوە، نەك وەك ئێستا بەبیانووی پەكەكەوە خاكی باشووری كوردستان داگیر بكات.»

پەكەكە كار بۆ ئەوە دەكات

سوپای توركیا بێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان

سەبارەت بە ڕۆڵی خراپی پەكەكەش سەفین عومەر گەردی وتی : «پەكەكە ئامانجی ئەوەیە كە قەوارەی هەرێمی كوردستان تێك بدات و، بەلایەنی كەم بارودۆخی سەقامگیر نەبێت. پەكەكە كار بۆ ئەوە دەكات سوپای توركیا بێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، هەر بەو هۆكار و بیانووەوە ئێستا سوپای توركیا نزیكەی 70 بنكە و بارەگای لە ناو خاكی باشووری كوردستان داناوە و پەكەكە ئامانج و ڕەفتاری بۆ ئەوەیە كە باشووری كوردستان داگیر بكرێت لەلایەن سوپای توركیاوە، ئەگەر وا نییە، پەكەكە با بچێتەوە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی لە باكووری كوردستان و لە ناو خاكی توركیادا، نەك بێت كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، ئەگەر بیانووی پەكەكە نەبێت، چۆن سوپای توركیا دەتوانێت سنووری هەرێمی كوردستان ببەزێنێت؟ سنووری هەرێمی كوردستان دوور و درێژە، بەتایبەتی لەگەڵ توركیا، بۆیە بە تەنیا بە هێزی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵ ناكرێت، بەڵام پێشمەرگە مافی خۆیەتی بچێت لە هەر شوێن و ناوچەیەك لە سنوور بارەگا و خاڵی خۆی تێدا دابنێت، ئێستا لە 15 كیلۆمەتر بۆ 40 كیلۆمەتر بە قووڵایی خاكی هەرێم سوپای توركیا هاتووەتە ناو خاكی كوردستانەوە. هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاك و سنووری باشووری كوردستان دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، بەڵام كەمتەرخەمیی عێراقیشی تێدایە، چونكە تا ئێستا عێراقی فیدڕاڵ لەسەر ئەم لەشكركێشییەی توركیا بۆ ناو سنووری هەرێمی كوردستان كە بەشێكە لە عێراقی فیدڕاڵ نەهاتووەتە دەنگ و ئێستا سێ فەوجی پاسەوانی لە سنوورەكان دانراون، ئەمەش هێزێكی زۆر كەمە لەبەر ئەوەی ئێمە سنوورمان لەگەڵ ئێران و توركیا و سووریا هەیە و سنوورێكی دوور و درێژە پێویستی بە هێزی زۆر هەیە، كە هاوبەش بێت لەنێوان هیزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا كە هەرگیز بەو هێزە كەمەی پاسەوانی ناوچە سنوورییەكان ناپارێزرێت، بەڵكو ئەو سنوورە پێویستی بە 10تا12 لیوای پاسەوانی هەیە. بەڵام دیارە حكومەتی عێراقی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ پەكەكە هەیە، بۆیە ڕێگا بەو دەستدرێژی و داگیركارییانە دەدات كە سوپای توركیا ئەنجامی دەدات، لەلایەكی دیكە پەكەكە پەیوەندی لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە، هەر بەم هۆكارەیە كە پەكەكە بارەگایان لە شنگاڵ و چەندین شوێنی دیكە هەیە، هەر پەكەكە بوو پێنج پێشمەرگەی شەهید كرد لە چیای مەتین چەندین خراپەكاری و ڕەفتاری ناڕەوایان ئەنجام داوە. پەكەكە بووەتە هۆكارەی ئەوەی چەندین خەڵكی سڤیل بریندار و شەهید بن، جگە لەوەی گوند و ناوچەكانیان وێران بووە و دانیشتووانەكەی هەر هەموو دەربەدەر بوون، سەرەڕای هەموو ئەم تاوانانە پەكەكە بە پشتیوانیی حەشدی شەعبی لەسەر ڕەفتارە ناڕەواكانی بەردەوامە و سڵ لە تاوان ناكەنەوە، بۆیە دەبێت بە هەموو توانا و هەوڵێك كار بۆ ئەوە بكرێت كە پەكەكە لە باشووری كوردستان و سنوورەكان نەمێنێت، تاوەكو سوپای توركیاش ئەو بیانووەیان نەمێنێت لەشكركێشیی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكات. ئێمە هەموو ئەوانەی چاوپێكەوتنمان لەگەڵ ئەنجام دا و داتا و زانیاری و داواكارییەكانی خەڵكەكە هەیە، كردوومانەتە ڕاپۆرتێك و پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانمان كردووە، چاوەڕوانی ئەوەین لە دوای ڕۆژانی جەژنی قوربان كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی ئەنجام بدرێت، بەتایبەت بۆ ئەوەی بڕیار و هەڵویست وەربگیرێت لەسەر لەشكركێشیی سوپای توركیا و سنوورێك بۆ كارو ڕەفتارەكانی پەكەكەش دابنرێت.»

 

Top