ئەسكەندەر حەیدەر ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   پەكەكە بەو لۆژیكە بیر دەكاتەوە كە ئەگەر بۆ خۆی نەبوو لەوانی دیكەشی تێك بدات

ئەسكەندەر حەیدەر  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     پەكەكە بەو لۆژیكە بیر دەكاتەوە كە ئەگەر بۆ خۆی نەبوو لەوانی دیكەشی تێك بدات

 

 

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە سەرەڕای ئەوەی ڕەفتار و كردارەكانی پەكەكە چەندین كێشە و ناهەمواریی بۆ هەرێمی كوردستان خوڵقاندووە، ئەوا هێشتا پەكەكە بڕیاری نەداوە پێداچوونەوە بە خۆیدا بكات و، ستراتیژیەتێك بگرێتەبەر كە گرفت و كێشە لەم هەرێمە دوور بخاتەوە، بە پێچەوانەوە بەردەوام درێژە بەو سیاسەتەی ئێستای دەدات، كە هەم زیان بە خۆی دەگەیەنێت و هەم گرفت و تەنگژەش بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات، ئەمانە تەوەری دیدارێكی گوڵان بوون لەگەڵ ئەسكەندەر حەیدەر ئەندامی پێشووی پەكەكە.

 

* دوای ئەوەی چەكدارانی پەكەكە چەندین پێشمەرگەی كوردستانیان شەهید كرد، ئێستا دۆران كالكان باس لە نیشتمانپەروەری و كوردایەتی دەكات و، پاكانە بۆ تاوانەكانی سەرانی قەندیل دەكات، بە ڕای ئێوە كەسێكی وەك دۆران كالكان بۆچی بێ باكانە ئاگری شەڕی كورد- كورد خۆش دەكات؟

- من سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەگەر شەڕێكی لەم شێوەیە ڕووبدات لە نێوان كورددا، ئەوا پەرەسەندنێكی زۆر خراپە و، ئەمەش لە بەرژەوەندیی كەس نابێت و نابێتە هۆی بەرەوپێشبردنی كێشەی كورد، بگرە كارەسات و خەسارەتێكی گەورەش دەبێت بۆ كورد، هەر كەسێكیش بیەوێت ئاگری ئەم شەڕە خۆش بكات، ئەوا پێویستە بە توندی ڕەخنەی لێ بگیرێت.

* دیسان سەرانی پەكەكەی قەندیل بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان و بێ دەسەڵاتییان لەوەی لە باكوور خەباتی چەكداری بكەن، باس لەوە دەكەن كە ئەو شوێنانەی ئێستا چەكدارانی پەكەكەی لێیە، ناوچەی گەریلان و هێزی پێشمەرگە نابیت بچێتە ئەو شوێنانە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا دەكرێت پەكەكە بەشێكی هەرێمی كوردستان قۆرغ بكات لە پێشمەرگە؟ هەروەها ئایا ئەم بانگەشەی سەرانی پەكەكە هەر خۆی دەستڕاكێشانی هێزەكانی توركیا نییە بۆ ناو هەرێمی كوردستان؟

- ئەوە ڕاستە كە ئێستا شەڕێكی گەورە و مەزن لەو ناوچانەدا لە نێوان تورك و پەكەكەدا ڕوو دەدات، ئەگەر پەكەكەش لەو ناوچانەدا نەبووایە، ئەوا ڕەنگە توركیا نەهاتایەتە ئەو شوێنانە، دواتر دەبێت ئەوە بزانین كە ناكرێت ئێمە توركیا بە دۆستی كورد دابنێین، بە ڕای من چارەسەرەكەش ئەوەیە كە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو شوێنانە و، ناكرێت پەكەكە بێت و بانگەشەی ئەوە بكات كە ئەمانە شوێنی ئەوانە، ئەمە كارێكی زۆر هەڵەیە، چونكە ناكرێت پەكەكە ڕایبگەیەنێت كە نابێت پێشمەرگە بچێتەوە ئەو ناوچانە، لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە پێشمەگە لەپێناو ڕزگاركردنی ئەو خاك و شوێنەدا شەڕی كردووە و شەهید و خوێنی بەخشیوە.

* سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە كە شەڕی كورد- كورد لە كوردستان نەكرێت و كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێت، بەڵام پەكەكە لەبری ئەوەی بە دیالۆگ و لیكتێگەیشتن ئەم كێشەیە چارەسەر بكات و هاوكار بێت بۆ ئەوەی سوپای توركیا لە باشوور نەمێنیت،، هێندەی دیكە زەمینە بۆ هاتنە ناوەی سوپای توركیا خۆش دەكات، ئایا ئەم ئاڕاستەی پەكەكە خزمەتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان دەكات؟

- جەنابی سەرۆك بارزانی پێشتریش ڕایگەیاندبوو كە نابێت بە هیچ شێوەیەك شەڕی براكوژی ڕوو بدات، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە لە ناو پەكەكەدا كەسانێك هەن كە هەندێ ڕەفتار و هەڵسوكەوتی سەربەخۆ دەكەن لە هەندێ ناوچە و، دەیانەوێت شەڕ لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوان ئەوەیان لە یاد بێت كە جەنابی سەرۆك ئاخافتنێكی زۆر گرنگی گوتووە بۆ ئەوان، كە جەختی كردوەتەوە لەسەر گرنگیی چارەسەری سیاسی و ئاشتییانە و پەنابردنەبەر دیالۆگ، دواتر دەبێت پەكەكە ئەوەی لەبەرچاو بێت كە ئێرە هەرێمێكی ئازادكراوە و، ناكرێت لەم ناوچەیەوە كردەی چەكداری بكات و شەڕ لەگەڵ توركیا بكات، ئەمە كارێكی هەڵەیە. من دووپاتی دەكەمەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی باشە ڕێی ئاشتییانە و چارەسەری دیموكراتییانە بگرێتەبەر، بەڵام كێشەكە ئەوەیە لە ناو پەكەكەدا ناكۆكی و بۆچوونی جیاواز هەن، بۆ نموونە دۆران كالكان شتێك دەڵێت و مستەفا قەرەسوو شتێكی دیكە دەڵێت، لە كاتێكدا دەبێت پەكەكە بارودۆخی ئێرە لەبەرچاو بگرێت، كە هەموو دنیا مامەڵە لەگەڵ ئەم هەرێمەدا دەكات، بۆ نموونە هاتنی پاپا بۆ كوردستان ڕووداوێكی زۆر گرنگ بوو، یان جەنابی سەرۆكی هەرێم سەردانی فەڕەنسا دەكات و لە كۆشكی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە پێشوازیی لێ دەكرێت، كەواتە پێویستە پەكەكە ئەم بارودۆخە لەبەرچاو بگرێت، نەك بێت و شەڕ بكات و پێشمەرگە شەهید بكات، بەڵكو واباشترە گوێ لە قسەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بگرێت و ڕێز لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بگرێت.

* ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە كە پەكەكە هەرێمی كوردستانی كردووە بە گۆڕەپانی شەڕ و، ڕۆژانە هێزەكانی توركیا بە بیانووی هەبوونی پەكەكە گوندەكانی كوردستان بۆمبباران دەكات، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەگەر پەكەكە دەیەوێت شەڕی توركیا بكات، بۆ لەناو توركیا نایكات، خۆ چیاكانی كوردستانی باكوور لە چیاكانی هەرێمی كوردستان سەختترن؟

- من لە دەستپێكدا ئاماژەم بەوەدا، ئەوەی چەكدارانی پەكەكە لە قەندیل و چیای مەتین و ناوچەكانی دیكەی باشووری كوردستان دەیكەن و پەلاماری پێشمەرگەیان دا و شەهیدیان كردن، ئەوە هەر هەمووی لەخزمەتی توركیادایە. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر پەكەكە ڕێز لە پێگەی هەرێمی كوردستان نەگرێت و شەڕی پێشمەرگە بكات، ئەوا ئەمە خزمەتكردنە بە توركیا، لەبەر ئەوە پێویست ناكات پەكەكە لەو ناوچانەدا شەڕ بكات و دەبێت ئەو شوێنانە چۆڵ بكات، چونكە ئەوەتا پەكەكە لە ناو توركیا شەڕی پێ ناكرێت، كەچی هاتووەتە هەرێمی كوردستان و بووەتە مایەی چۆڵبوونی چەندین گوند و ئاوارەبوونی خەڵكانێكی زۆر، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە پەكەكە بە خۆیدا بچێتەوە و، لەو ناوچانە بكشێتەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر زیان بەم هەرێمە نەگەیەنێت، دواتر پەكەكە لە باكووری كوردستانیش بووە هۆی ئەوەی لەلایەن توركیاوە خەڵك بكوژرێت و ماڵی خەڵكی وێران بكرێت، لەبەر ئەوە دووپاتی دەكەمەوە كە چارەسەر ئەوەیە پەكەكە لەو ناوچانەدا نەمێنێت.

* ماوەی زیاتر لە یەك مانگە توركیا هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، بە حیساب شەڕی پەكەكە دەكات، بەڵام بێجگە لە كاولكردنی گوندەكان و زیاتر هاتنە ناوەوەی توركیا بۆ ناو خاكی كوردستان، دەبینین هیچ لایەك، نە پەكەكە و نە هێزەكانی توركیا زیانێكی ئەوتۆیان نییە، ئایا ئەمە لە سیناریۆیەكی ئیقلیمی ناچێت دژی هەرێمی كوردستان، كە بە دەستی پەكەكە جێبەجێی دەكەن؟

- من پێم وایە سەرەتا دەبێت پەكەكە بە خۆیدا بچێتەوە و ڕەخنە لە خۆی بگرێت و، ئەو پرسیارە لە خۆی بكات كە خوازیارە چی بكات و، ئایا ئەو شەڕانەی لەو ناوچانەدا دەیكات، لە كۆتاییدا خزمەت بە كێ دەگەیەنێت؟ ئایا خزمەت بە كورد دەكەن، یان خزمەت بە توركیا؟ من لێرەدا ڕەنگە نەتوانم بڵێم ئەمەی پەكەكە دەیكات سیناریۆیە، بەڵام لە دەرئەنجامدا كار و كردەوەكانی پەكەكە بەو چەشنەن كە توركیا دەیخوازێت، چونكە توركیا دەیەوێت ئەو ناوچانە داگیر بكات، ئەمەش پەرەسەندنێكی زۆر خراپە.

* هەموو دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان لەسەر ئەوە كۆكن كە ڕێگربن لە دروستبوونی قەوارەیەكی سیاسی بۆ كوردستان، بەڵام لە هەمانكاتدا پەكەكە پەیوەندی لەگەڵ هەرسێ دەوڵەتی (ئێران و عێراق و سووریا) لەو پەڕی باشیدایە و هاوكاری چەك و دارایی دەكرێت، ئایا ئەمە چی لێ دەخوێندرێتەوە؟

- من پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، كار و كردەوەكانی پەكەكە لە كۆتاییدا بە بەرژەوەندی كورد تەواو نابێت، بەڵكو خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی توركیا دەكات. دواتر هەروەك باسم كرد، جەنابی سەرۆك بارزانی ڕێگای زۆر باشی خستووەتە بەردەم پەكەكە، كە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتییە، ئەگەر پەكەكە خوازیاری شەڕكردنیشە، ئەوا با بچێتە توركیا شەڕ بكات و، بوار بدات خەڵكی ئەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان بچنەوە نێو ماڵ و حاڵ و زەوی و زاری خۆیان، لەبەر ئەوە پێم وایە پێویستە پەكەكە ددان بە هەڵەی خۆیدا بنێت و چیتر نەبێتە بیانوو بۆ ئازاردانی خەڵكی ئەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان و، بڕیار بدات كە لەو ناوچانە بكشێتەوە و بەجێیان بهێڵێت.

* پەكەكە بە هۆی ئەوەی بە ڕەوتی سیاسەتی جیهانی ناڕوات، بە كردەوەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانی ناشیرین كردووە، ئایا بۆچی پەكەكە هەموو ئامانجی ئەوەیە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان ناشرین بكات؟

- ئێمە لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە پەكەكە لە ئامانجەكانی خۆی لایداوە، واتە لە ڕێی خۆی لایداوە و ستراتیژیەتێكی ڕوونی نییە، ئەوەتا ڕۆژێك لەگەڵ ئێران شەڕ دەكات و ڕۆژێكی پەیوەندییەكانیان زۆر باشە، دواتر ئێوە باشتان پێكاوە كە لە پرسیارەكانتاندا ئاماژەتان بەوە كرد، كە مەیدانی شەڕی پەكەكە توركیایە و ناكرێت ئاشتی و ئارامی لەم هەرێمە تێك بدات، لەبەر ئەوە پێویستە پەكەكە ئەو ڕاستییەی لەبەرچاو بێت، كە سیاسەتەكانی خزمەت بە كورد ناكات، بۆیە دەبێت سیاسەتێك بگرێتەبەر كە خزمەت بە كورد بكات، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئەمەی لێ بەدی ناكرێت.

* بە ڕای ئێوە ئەم ئاراستەی پەكەكە بۆ ڕێگرتن لەوەی كوردانی باشوور و ڕۆژئا‌وا بگەنە ئامانجی خۆیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی پەكەكە بە دژی بەرژەوەندییەكانی باشوور و ڕۆژئاوا ڕەفتار دەكات؟

- رەنگە پەكەكە بەو لۆژیكە بیر بكاتەوە كە ئەوەی بۆ من بەدی نایەت، ئەوا نابێت بۆ ئەوانیش دیكەش بەدی بێت، یان ئەگەر دەستكەوتێك منی تێدا نەبم، ئەوا با بەدی نەیەت، هەروەها ئێستا دۆخێك لە ڕۆژئاوای كوردستان دروست بووە كە ڕەنگە ئومێدی ئەوەی لێ بكرێت و پەرە بستێنێت، ناكرێت پەكەكە لەوێش دەستێوەردان بكات و كارێك بكات بە قازانجی توركیا بشكێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە پەكەكە بە خۆیدا بچێتەوە و ئەوە لەبەرچاو بگرێت كە ئەو ڕەفتارانە لەلایەن ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەشەوە قابیلی قبووڵكردن نین.

Top