د. سەركەوت مەجید خۆشناو: ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن

د. سەركەوت مەجید خۆشناو:  ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن

 

 

د. سەركەوت مەجید خۆشناو پزیشكی ڕاوێژكار بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشییەكانی شێرپەنجە/مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی كوردستان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، ئاماژە بەوە دەكات كە شێرپەنجەی مەمك باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە ئافرەتاندا و بە پێویستیشی دەزانێت هۆشیاریی تەندروستی بگەیەندرێتە ئاستێك كە ئافرەتان ئەگەر نیشانەكانی تووشبوون لە خۆیان بەدەركەوتن بە ئاسانی بیانناسنەوە. هەرلەو بارەیەوە كۆمەڵێك رێنمایی پزیشكی دەخاتەڕوو.

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

د. سەركەوت مەجید خۆشناو سەرەتا بەمجۆرە باس لە شێرپەنجەی مەمك دەكات و دەڵێت: «شێرپەنجەی مەمك باوترین شێرپەنجەی ئافرەتانە، دووەم هۆكاری مردنی ئافرەتانە لە دوای شێرپەنجەی سییەكان. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە هەر هەشت ئافرەت یەكێك تووشی شێرپەنجەی مەمك ئەبێت. ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن.

شێرپەنجە بریتییە لە نەخۆشكەوتنی جینەكان. خانەكانی لەشی مرۆڤ بە سیستەمێك بەڕێوە دەچن، كە لەلایەن جینەكانەوە دیاری دەكرێت. بۆیە ئەگەر هەڵە لە كاری جینەكان دروست بوو، ئەوا هەڵە لە سیستەمی بەڕێوەچوونی خانەكان دروست دەبێت.

چەند هۆكارێكی بۆماوەیی و ژینگەیی بە یەكەوە دەچنە پاڵ یەك و دەبنە هۆی دروستبوونی بازدان لە جینەكان، كە دیارترینیان ئەمانەن:

 هەتا تەمەن زیاتر بێت، ئەگەری ڕوودانی هەڵە لە كاری جینەكان زیاتر دەبێت، چونكە لە ناو خانەكانی لەش سیستەمی ڕێگریكردن لە ڕوودانی هەڵەی جینەكان هەیە، ئەو سیستەمە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن بەرەو لاوازی دەڕوات. بە رێژەی 80% شێرپەنجەی مەمك لەو ئافرەتانە ڕوو دەدات كە تەمەنیان لە پەنجا ساڵ زیاترە.

- جێندەر: هەتا یەك پیاو تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت، سەد ئافرەت تووش دەبن.

- ڕەنگی پێست: لە ئەمریكا و ئەوروپا ئافرەتە سپی پێستەكان زیاتر تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتە ڕەش پێستەكان.

- قەڵەوی: دوای تەمەنی پەنجا ساڵی، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك دوو جار زیاترە لە ئافرەتانی قەڵەو بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی كە قەڵەو نین.

- درێژیی باڵا: لە توێژینەوەیەك تێبینی كرا كە ئەو ئافرەتانەی درێژیی باڵایان لە ١٧٥سم زیاترە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك بیست لە سەد زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی درێژییان لە ١٦٥سم كەمترە.

- هۆكارە هۆڕمۆنییەكان: ئەو هۆكارانەی كە وادەكەن خانەكانی مەمك زۆرتر بكەونە ژێر كاریگەریی هۆڕمۆنەكان، بریتین لە:

دەستپێكردنی سووڕی مانگانە لە تەمەنێكی بچووك، ڕاوەستانی سووڕی مانگانە لە تەمەنێكی گەورە، شیرنەدان، منداڵ نەبوون و بەكارهێنانی هۆڕمۆنی ژنانە.

هاوكات تێبینی كراوە كە ئەو ئافرەتانەی بە شێوەیەكی بەردەوام وەرزش دەكەن، ئەگەری تووشبوونیان 10% كەمترە.

خواردنێك كە دەوڵەمەند بێت بە سەوزە و میوە، ماسی و ڕۆنی زەیتوون ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك كەم دەكاتەوە، بەڵام كاریگەریی چەوری و گۆشت یەكلا نەبووەتەوە.

هۆكارە هەڵسوكەوتییەكان:

- خواردنەوەی كحول

- جگەرە كێشان

- كاركردن بە شەوان بۆ ماوەیەكی زۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات.

- وەرگرتنی چارەسەری تیشكی بۆ گرێ لیمفاوییەكانی سنگ (بۆ نموونە بۆ چارەسەری لیمفۆما) ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات.

هۆكارە بۆماوەییەكان:

ئەو ژنانەی كە كەسێكی نزیكیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە، ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. بەڵكو شێرپەنجەی هێلكەدانیش لە كەسێكی نزیك ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات. .

 (لەگەڵ ئەوەی كە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە لە ڕووی زانستی پزیشكییەوە)، تەنانەت زۆربەی ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون، هیچ كەسێكی نزیكیان پێشتر تووش نەبووە.

پێشتر ئەو گومانە بڵاو ببووەوە كە گوایە ستیان جووڵە و تێپەڕبوونی شلەی لیمف لە بۆڕیە لیمفاوییەكانی ناو مەمك سست دەكات، یان ڕایدەگرێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ كە زیاتر لە ١٥٠٠ ئافرەت باشدارییان تێدا كردبوو، پیشانی دا كە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان شێرپەنجەی مەمك و لەبەركردنی ستیان نییە.

هاوكات بەپێی ئەو توێژینەوانەی هەتا ئێستا كراون، پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان بەكارهێنانی حەبی مەنعی سكپڕی و شێرپەنجەی مەمك تێبینی نەكراوە».

د. سەركەوت خۆشناو لە درێژەی وتەكانیدا ئامۆژگاری خانمان دەكات و دەڵێت: «پشكنینی پێشوەختە (Screening) ڕێژەی مردن كەم دەكاتەوە و شێرپەنجەی مەمك لە قۆناغێكی زۆر سەرەتایی دەستنیشان دەكرێت و چارەسەری ئاسانتر دەبێت.» گوتیشی: «نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك بریتین لە:

پەیدابوونی گرێ لە مەمك، یان لە ژێر باڵ، هاوكات هەموو گرێیەكی مەمك شێرپەنجە نییە، تێبینی كراوە لە دەگرێ یەكیان شێرپەنجەیە و (نۆ)یەكەیدی حەمیدەن. گۆڕانی پێست: سووروونەوەی پێست، گەورەبوونی كونە پێستەكان (كە هەندێك جار بە پەلكە پرتەقال وەسف ئەكرێت، بێگومان هەموو سووربوونەوەیەكی پێستی مەمك شێرپەنجە نییە، زۆربەی جار هۆكارەكەی ئیلتیهاباتە. چوونە ژوورەوەی گۆی مەمك: گۆی مەمك ڕووی لە دەرەوەیە، ئەگەر ئافرەتێك هەستی كرد گۆی مەمكی لە ماوەی چەند حەفتەیەك بەرەو ناوەوە دەچێت، ئەوە لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت گرێیەك لە ناوەوە ڕایدەكێشێت. دەرچوونی خوێن، یان شلەیەك لە گۆی مەمك، خوران، یان حەساسیەی گۆی مەمك، یان دەور و بەری گۆی مەمك. گۆڕانی شێوە، یان قەبارەی مەمك. ژانی مەمك: زۆربەی جار ژانی مەمك بە هۆی هۆكارە حەمیدەكانە، بەڵام هەندێك جار لەوانەیە شێرپەنجەی مەمك لە سەرەتا وەكو ژان خۆی دەربخات. لەبەر ئەوە گرنگە كە ژانی مەمك (بەتایبەتی ئەگەر بەردەوام بێت) پشكنینی بۆ بكرێت.

دوای ئەوەی زانرا ئافرەتێك شێرپەنجەی مەمكی هەیە، نەخۆشەكە دەبێت دوو جۆر هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت: دیاریكردنی تایبەتمەندییەكانی شێرپەنجەكە و دیاریكردنی ڕاددەی تەشەنەكردنی نەخۆشییەكە لە لەش. ئەو دوو هەڵسەنگاندنە سوودیان لێ دەبیندرێت بۆ هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاو.

(Grade). سێ گرێید هەیە: ١، ٢ یان ٣.. گرێید ١ واتە نەخۆشیەكە زۆر لەسەرەخۆ گەشە دەكات، گرێید ٣ واتە زۆر توندە و خێرا گەشە دەكات، وە گرێید2 مام ناوەندە».

سەبارەت بە چارەسەركردنیش گوتی: «لە سەرەتای دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی مەمك، دەبێت چەند دكتۆرێك لە چەند پسپۆڕییەكی جیاواز بە یەكەوە لەسەر بنەمای ستاندەردە جیهانییەكان پلانی چارەسەركردنی بۆ دابنێن، ئەو پسپۆڕانەش بریتین لە دكتۆری شێرپەنجە، دكتۆری تیشك، دكتۆری شانەزانی، دكتۆری نەشتەرگەری، دكتۆری چارەسەری تیشكی، دكتۆری جوانكاری، هەندێك جار پسپۆڕانی چارەسەری سرووشتی.

زۆربەی ئەو ئافرەتانەی تووشی ئەو شێرپەنجەیە دەبن، یەكێك، یان زیاتر لەو چارەسەرانەیان پێ دەدرێت:

نەشتەرگەری، چارەسەری تیشكی، چارەسەری كیمیاوی، چارەسەری هۆڕمۆنی و چارەسەری ئاڕاستەكراو.

بەداخەوە شێرپەنجەی مەمك پاش چارەسەركردن توانای گەڕانەوەی هەیە، بۆیە ئەو نەخۆشانەی كە بە سەركەوتوویی شێرپەنجەكەیان چارەسەركراوە، دەبێت لەلایەن پزیشكێكی پسپۆڕی شێرپەنجە ناوە ناوە ببیندرێنەوە و پشكنینیان بۆ بكرێت بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆشییەكە گەڕاوە، زوو بزاندرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت.

زۆربەی جار شێرپەنجەی مەمك لە دوو ساڵی یەكەمی دوای چارەسەر دەگەڕێتەوە، بۆیە لەو ماوەیە وا باشترە سێ مانگ جارێك سەردانی دكتۆرەكەی خۆی بكاتەوە. پاش دوو ساڵ ئەگەری گەڕانەوە بەرە بەرە كەمتر دەبێتەوە، بۆیە لە ساڵی سێیەم هەر چوار مانگ جارێك، لە ساڵی چوارەم و پێنجەم هەر شەش مانگ جارێك و لە ساڵی شەشەم هەتا ساڵی دەیەم ساڵێ جارێك سەردانی پزیشك بكەن.

 

Top