د. دیندار زێباری ئەندام لە لیژنەی نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد:

د. دیندار زێباری ئەندام لە لیژنەی نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد:

دادگای باڵای ئیتیحادی پرسی بە لایەنی پەیوەندیدارەکان نەکردووە سەبارەت بە پرۆژە بڕیاری دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش

 

رۆژی ٢٨ی نیسانی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستاندا، پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژیی، پەسەندکرا.

 

لە پڕۆژە یاساکەدا جگە لە دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە کە ھاوکار و یارمەتیدەر بێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاریی بۆ قوربانییان لە رێگەی سندوقێکی تایبەتەوە لە پێناو ساڕێژکردنی برینەکانیان.

 

پڕۆژە یاساکە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە بە مەبەستی پەسەندکردنی و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە بۆ ئەوەی چوارچێوەی یاسایی بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش دابڕێژێت، لەم ماوەیەشدا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام لە گفتوگۆدا بووە لەسەر ئەم پرسە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق، ئەو داوایەی ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند رەتکردەوە.

 

دکتۆر دیندار زێباری لە لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپیچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کە لە دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاو بگیرێت.

 

دکتۆر دیندار زێباری سەبارەت بە پرۆژەی پێشنیار کراو بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی و میکانیزمی جێبەجێکردن و پڕۆسەی دادگاییکردنی تاوانباراندا دەڵێت: "هەموو وڵاتان لەژێر چەتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر زاری نوێنەرەکە کە کەریم خان بوو بۆ ئەم دۆسیەیە، دانیپێدانا و پشتگیری و دەستخۆشی کرد لە هەماهەنگی حکومەتی هەرێم، داوایشی کرد کە هەرێمی کوردستان پشتگیری لەم پڕۆژەیە بکات.

 

دکتۆر دیندار زێباری دەشڵێت: بڕیاری (٢٣٧٩)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بڕیارەکە بڕیارێکی نێودەوڵەتییە و عێراق پەسەندی کردووە، چونکە عێراق وڵاتێکی مەرکەزیی نیە بەڵکو وڵاتێکی فیدراڵییە، ئەگەر ئێمە بڵێین لە دوارۆژدا دادگایەک لە کوردستان دروست بێت و تاوانبارانی داعش لەسەر تاوانی نێودەوڵەتی لە کوردستان سزا بدرێت، ئەگەر ئەمە یاسایی نەبێت، ئەوا کاتێک پێشمەرگە شەڕی داعشی کردووە و شەهیدی داوە، خۆ ئەمەش بەرپرسیارییەتی ئێمە نەبوو، دەبوو هێزەکانی حکومەتی مەرکەزی بیکردایە، ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ئەوا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کۆمەڵکوژیی دەبووەوە هەر بۆیەش ئەمە مافی ئەم هەرێمەیە کە بە یاسا ئەنجامدەرانی تاوانی کۆمەڵکوژیی دژی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان سزا بدات، هەرێمی کوردستان دەیان ساڵە کەوتووەتە ژێر ئەو کۆمەڵکوژییە".

 

لەبارەی هەڵوێستی دادگای فیدراڵی عێراق کە لە بڕیارێکدا دروستکردنی دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی لە ھەرێمی کوردستان رەتکردەوە، دکتۆر دیندار زێباری دەڵێت: "لە مێژووی عێراق و وڵاتان شتێکی هاوشێوە نەبووە، دادگا بڕیار لەسەر رەشنووسێک بدات کە هێشتا رەشنووسی کۆتایی نییە و یەکلایی نەبووەتەوە، دەیان پڕۆژەی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆیە، ئێمە ئەنجوومەنی شورا و ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی داد، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و فەرمانگە و کۆمیتەی یاساییمان هەیە، راوێژمان بە دەیان رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و نێودەوڵەتی کردووە، مەعقول نیە هیچیان لە دەستووری عێراق تێنەگەن، دەشبینین بڕیارەکە لەسەر شتێک دەرچووە کە هێشتا وجوودی نیە".

 

دیندار زێباری دەشڵێت: "بۆ هەر پرۆژەیەک کە پێشکەش دەکرێت لەسەر تاوانەکانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەم بارەوە هەڵوێستی یونیتاد روونە، یونیتاد دەڵێت ئێمە دەمانەوێت گیراوەکانی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی سزا بدرێن، دادگاکە لە هەر کوێ بێت، هەر لە عێراقە و بڕیارەکەش بۆ عێراقە، و یاساکە جێبەجێ بکرێت بە هەموو هێزێکەوە پشتگیریی لێ دەکەین. بەغداش رەشنووسێکی ئامادە کردووە و خوێندنەوەی بۆ کراوە بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەت هەرێمی کوردستان بکات، ئەمە دووەمین پڕۆژەیە عێراق ئامادەی دەکات، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی تیادا نییە، یاسای دژە تیرۆر لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئاڵوگۆڕی گیراوەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، بەغدا لە پڕۆژە یاساکانیدا باسی بەغدا و پارێزگاکانی دەکات، بەپێی دەستووری عێراق ئێمە پارێزگا نین، ئێمە هەرێمین، لەبەر ئەوەشە پرسیارەکەی من ئەوەیە کە ئایا رەشنووسەکەی بەغدا هەمان شێوەی رەشنووسەکەی هەرێم کە دووساڵ پێش ئێمە دەستیان پێکردووە هەمان ماددەکانی کە لە رەشنووسەکەی هەرێم دا هەیە، لەوەی بەغداش دا هەیە، بۆچی رەخنە ناگیرێت چونکە لەو رەشنووسەی بەغداش هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگای لاهای تیاییدا نووسراوە. جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە کە ئەوەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی کۆتایی نیە چونکە هێشتا خوێندنەوەی دووەمی بۆ نەکراوە و دەنگی لەسەر نەدراوە".

 

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، دەربارەی شێوازی دادگاییکردنی تۆمەتباران و جۆری ماددە یاساییەکەی، دیندار زێباری گوتی: "ئەمە وردەکاری یاساییە و ئێمە تیمێکی هونەریمان هەیە لە یونیتاد، ئەو تیمە ئێستا لە بەغدا و هەرێم راهێنان بە دادوەرەکان و داوکاری گشتی دەکەن، سەدان بەڵگەنامەیان کۆکردووەتەوە لە هەرێم، هەماهەنگی هەرێم و یونیتاد لە چوارچێوەی عێراقە".

 

دیندار زێباری دەشڵێت: "پێویستە لایەنەکان بە تەواوی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش تێبگەن و وردەکارییەکانی بخوێننەوە".

 

لە بەشێکی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئیتیحادی باسی ئەوە کرابوو کە وڵاتی ئەمریکا دژی دامەزراندنی دادگای تایبەتمەندە بۆ تاوانەکانی داعش و لەمبارەیەوە دیندار زێباری گوتی: "هەڵوێستی ئەمریکا بە تەواوی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندایە، نوێنەری هەمیشەیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێدوانی هەیە کە دەڵێت ئێمە بەتەواوی پشتگیریی لە حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەگەڵ ئەوەشداین کە ئەم دەستپێشخەرییە سەرکەوتووبێت".

 

دیندار زێباری ئەوەش دەخاتەڕوو کە عێراق داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو بۆ ئەم پڕۆسەیە هەروەها عێراق رازی ببوو بەوەی تیمی نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق بکات و لەمبارەیەوە دەڵێت: "لە بڕیارەکەی دادگای باڵای ئیتیحادی (تناقضات) هەیە، چونکە دادگای باڵای ئیتیحادی خۆی خستووەتە بابەتێکەوە کە هێشتا بوونی نییە، بڕیاری لەسەر شتێک داوە کە ناوەرۆکی نییە، باسی دادوەری بیانیی تیادایە لە کاتێکدا ئەمانە هەموارکراوەتەوە و دەستکاریی کراوە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان ئەندامە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئیتیحادی و چەندین گیراومان ئاڵوگۆڕکردووە لە چوارچێوەی یاسای تیرۆردا لەگەڵ بەغدا، بۆیەش دەپرسم کە جیاوازی نێوان یاسای تیرۆر و ئەم یاسایە چییە، تەنیا داواکارییەکی نێودەوڵەتییە لە عێراق و ئەم رەهەندەش لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ عێراق بڕیاری لەسەر دراوە نەک ئێمە بڕیارمان دابێت، بەڵکو بەغدا رازی بووە بەوەی تیمی نێودەوڵەتی هاوکاری وڵاتی عێراق بکات بە هەرێمیشەوە بۆ یاساکە و ئاڵوگۆڕی زانیاریی".

 

دیندار زێباری ئەندام لە لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد ئاشکرایشی دەکات: وا پێدەچێت دادگای باڵای ئیتیحادی پرسی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە حکوومەتی عێراق نەکردبێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: "بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق دەرچووە، داوایشی لە هەرێم کردووە کە هاوکاری بکات لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە ئەمەش خۆی لە پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوە و دادگایی کردنیاندا دەبینێتەوە، من بۆ خۆم ئەندامم لە لیژنەی هەماهەنگیکاری عێراق لە بەغدا، بەغدا ئاگاداری ئەو هەماهەنگییەیە کە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ یونیتاددا هەیە، بەڵام واپێدەچێت، پرس بە حکوومەتی عێراقی و ئەوانەی پەیوەندیدارن بە دۆسیەکە نەکراوە، خودی لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد ئاگاداری ئەم بڕیارەی دادگای باڵای ئیتیحادی نییە و پرسیشی پێ نەکراوە.

Top