سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی ئەنجوومەنی لاوانی كوردستان دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی ئەنجوومەنی لاوانی كوردستان دەكات

ڕۆژی سێشەممە 27ـی تەمووزی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی ئەنجوومەنی لاوانی كوردستان كرد كە لە سەرۆكی ئەنجوومەن و نوێنەری یازدە ڕێكخراوی جەماوەریی لاوانی لایەنەكان و پێكهاتەكان و هەروەها نوێنەرانی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی بواری كاروباری لاوان پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان كورتەیەكیان لەبارەی كار و چالاكییەكانیان و هەروەها پلان و بەرنامەی ئەنجوومەنی لاوانی كوردستان لەمەڕ پرسی بێكاریی لاوان و مەترسیی ماددە هۆشبەرەكان و هەروەها بەهێزكردنی ئینتیمای نەتەوەیی و ڕێكخستنەوەی كاروباری لاوان ئەویش لە نێو چوارچێوەیەكی هاوبەش بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و داواشیان كرد سەرۆك بارزانی پشتیوانی هەوڵ و چالاكییەكانیان بێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی كاری هاوبەشی ڕێكخراوەكانی لاوانی بە هەنگاوێكی زۆر باش وەسف كرد و دەستخۆشیی لێ كردن و پاڵپشتیی خۆشی بۆ كارەكانیان ڕاگەیاند. لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی پرسە سیاسیەكان و تەحەددیاتی بەردەم لاوان و ئاسۆكانی داهاتوو ئامۆژگاری و ڕوونكردنەوەی پێویستی بۆ شاندی ئەنجوومەنی لاوانی كوردستان خستەڕوو.

Top