ئەفغانستان... ژمارەی قوربانیانی سڤیل لە شەش مانگدا پێنج هەزاری تێپەڕاندووە
بەپێی ڕاپۆرتێكی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە ئەفغانستان (یونامی) ڕاگەیاندراوە كە لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا پتر لەهەزار و 600 هاووڵاتی سڤیل لەو وڵاتە كوژراون و زیاتر سێ هەزاریش برینداربوون.
ڕاپۆرتەكە دەشڵێت: بە بەراورد لەگەڵ نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوو ژمارەی قوربانیانی مەدەنی شەڕ و توندوتیژییەكانی ئەفغانستان بە رێژەی 45% زیادی كردووە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە ئەو زانیارییانە خراونەتە ڕوو كە لە مانگی ئایارەوە و دوای دەستپێكردنی كشانەوەی هێزە بیانییەكان ژمارەی قوربانیانی مەدەنی چەند هێندە زیادی كردووە.
نەتەوەیەكگرتوەكان روونیشیكردوەتەوە، 40%ی هاووڵاتیانی سڤیل لە لایەن بزووتنەوەی تالیبانەوە بوونەتە قوربانی، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە ئەو زانیارییەی ڕاپۆرتەكە رەت دەكاتەوە و دەڵێت كە پابەندە بە یاساكانی جەنگ و پاراستنی كەسانی سڤیل.