توم كرووز خەڵاتەكانی گۆڵدن گلۆپ دەگەڕێنێتەوە

توم كرووز خەڵاتەكانی گۆڵدن گلۆپ دەگەڕێنێتەوە

لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا، ئەستێرەی سینەمایی ئەمریكی (توم كروز) سێ خەڵاتی گۆڵدن گلۆپی گەڕاندەوە بۆ كۆڕبەندی رۆژنامەنووسانی بیانی، كە سەرپەرشتیی خەڵاتەكە دەكات لە هۆڵیۆد.

توم كروز كە لە ساڵانی 1990 و 1997 و 2000 خەڵاتەكەی بەدەست هێناوە، هۆكاری گەڕاندنەوەی خەڵاتەكان بۆ نەبوونی هەمەڕەنگی لە بەڕێوەبەرایەتی و سەرپەرشتیارانی ئەم خەڵاتەدا گەڕاندەوە، هەروەها رایگەیاند كە كۆڕبەندەكە پێویستی بە چاكسازییەكی بەرفراوان و بە پەلە هەیە. بەپێی رۆژنامەی دەیلی میلی بەریتانی پێشتریش هەر یەكە لە كۆمپانیاكانی نیتفلیكس و ئەمازۆن و كەناڵی (بی بی سی)یش نارەزایەتییان دەربڕی بوو لە هەنگاوەكانی كۆڕبەندی رۆژنامەنووسیی بیانی لە هۆڵیۆد، هەروەها تۆڕی ( ئێن بی سی)ی ئەمریكی كە لە ساڵی 1996ـەوە ئاهەنگەكە دەگوازێتەوە، رایگەیاندووە: كە لە ساڵی داهاتوودا ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكان ناگوازێتەوە و، دەیەوێت گۆڕانكاریی ریشەیی ئەنجام بدات.

دوای ئەم بڕیارەی تۆڕی ناوبراو كۆڕبەندەكە رایگەیاند كە ئامادەیە گۆڕانكاریی گرنگ ئەنجام بدات و، پابەندبوونی خۆی دووپات كردەوە، بە ئەنجامدانی چاكسازی و بەدیهێنانی داواكاریی ئەو كەس و لایەنانەی كە ناڕەزایەتییان هەیە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە لە دوای خەڵاتی ئۆسكار، گۆڵدن گلۆپ بە دووەم گرنگترین خەڵاتی هونەری دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.

سەرچاوە: بی بی سی

Top