سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵای ئابووری دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵای ئابووری دەکات


• بڕیاردرا لەئەمڕۆوە دەست بە ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچە بکرێت بە تەواوی .

ئەمڕۆ یەکشەممە 25 ی تەمموزی 2021 بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە هەر لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی دارایی بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، حکومەت هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە کاری لە پێشینەی حکومەت بووە‌. ئەوە بوو بەو داهاتەی لە بەردەست بوو مووچە دابەشکرا. ئێستاش دوای ئەوەی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی گەیشتینە ڕێککەوتن سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و دوای ناردنی دوو سەد ملیار دینار ، حکومەتی هەرێم لە ئەمڕۆوە دەست بە ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچە دەکات بە تەواوی و بێ لێبڕین ، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، ئەوە حکومەتی هەرێمیش لە کاتی خۆی مووچەی تەواو دابەش دەکات.
لە‌كۆبوونە‌وە‌کەدا، ئاماژە‌ بە‌وە‌شدرا كە‌ ڕێكخستنە‌وە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی داھاتی ناوخۆش كاریگە‌ری ئە‌رێنی ھە‌بووە لەدابینكردنی مووچە‌ی مووچە‌خۆران بە‌ تە‌واوە‌تی.

Top