کشتوکاڵی هەرێم چەند ڕێنماییەک لەبارەى نەخۆشيی تای خوێن بەربوون بڵاو‌ ده‌كاته‌وه‌

کشتوکاڵی  هەرێم چەند ڕێنماییەک لەبارەى نەخۆشيی تای خوێن بەربوون بڵاو‌ ده‌كاته‌وه‌

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم چەند "ڕێنماییەکی گرنگ" بۆ بەرچاوڕوونيی ئەو هاووڵاتیيانە بڵاو‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خوازیاری قوربانیکردنن بەبۆنەی جەژنەوە، بەتایبەتی دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشيی تای خوێن بەربوون (الحمی النزفیة) لە عێراق.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (18ی تەموزی 2021) دەڵێت، لەبەر هەبوونی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە عێراق، هەرچەندە تا ئێستا لە کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و سەلامەتی ئێوە بەهۆی ئەوەی کە ئەم جۆرە نەخۆشیەکە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەپێویستی دەزانێت کە ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بۆ بەرچاو روونی زیاتری بەڕێزتان بلاو بکاتەوە؛

یەکەم/ ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت دەبێت تەندروست بێت و قڕنەوگەنەی لەسەر نەبێت.

دووەم/ ئاژەڵی قوربانی لە کوشتارگە سەردەبڕدرێت ،تاکو پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی بۆ بکرێت و دڵنیابین لە تەندروستی گۆشتەکە.

سێیەم/ گۆشتی قوربانی لە ناو کیسی شەفاف دابەش بکرێت و دەبێت کیسەکە خاوێن و نوێ بێت .

چوارەم/ سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو ماڵ و کۆڵان هۆکارێکە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان و پیس بوونی ژینگە ،هەروەک دیاردەیەکی ناشارستانیە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە چەند حاڵەتێکی نەخۆشی خوێن بەربوون (الحمی النزفیة)لە عێراقدا تۆمار کراوە.

پێنجەم/ لەکاتی وەرگرتنی گۆشتی قوربانی ڕاستەوخۆ بەکاری مەهێنه و بیست چوار کاتژمێر لە ساردکەرەوەی بهێڵەوە.

شەشەم/ لەکاتی دەستکاری کردنی گۆشت و لاشەی ئاژەڵ دەستکێش بەکار بهێنە.

حەوتەم/ ئەگەر گومانت لە گۆشتی ئاژەڵی قوربانی هەبوو پەیوەندی بە لێژنەکانەوە بکە.

Top