ئاژانسێكى ئهمریكى هۆشداريی ڕوودانى كارهساتى مرۆیی و تهندروستى لهعێراق دهدات
ئاژانسێكى ئهمریكى هۆشداریداوه لهڕودانى كارهساتێكى گهورهى مرۆییو تهندروستى لهعێراقو ڕایگهیاندوه، کەرتی تەندروستیی عێراق لەسایەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەرەسهیهێناوهو ئهو وڵاتهش لەلێواری ڕودانی کارەساتێکی گهورهى تەندروستیدایه.
ئەسۆشیەیتدپرێس لەڕاپۆرتێكدا کە پشتی بەلێدوانی پسپۆڕانی تەندروستییو پزیشکان بەستوە دەڵێت:"لەژێر سایەی هەڵکشانی ئاستی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆناو بێتوانایی سیستەمی تەندروستیی لەڕوبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە کە تائێستا بۆتە هۆی مردنی زیاتر لە17 هەزار عێراقی، عێراق لەسەر لێواری ڕودانی کارەساتێکی تەندروستیدایە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لەسەرەتای مانگی ئازارەوە کەرتی تەندروستیی عێراق بەدۆخێکی خراپدا تیدەپەڕێتو لەبەرامبەر تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی توشبوانی کۆرۆنا دەستەوەستانە، بەوپێیەی ڕۆژانە ژمارەی توشبوان خۆی لەنۆ هەزار تووشبوو نزیکدەکاتەوەو لەنێوان 30 بۆ 40 کەسیش گیان لەدەستدەدەن.
پزیشکانی عێراقی بەئەسۆشیەیتدپرێسیان وتوه، "بەهۆی نەبونی نەخۆشخانەی پێویستو کەمی دەرمانو ئەگەرەکانی سوتانی ئەو جێگایانەی بۆ توشبوانی کۆرۆنا تەرخانکراون، ڕەنگە شەڕی دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا بدۆڕێنین".
لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نەخۆشخانەکان جمەیان دێت لەتوشبوانی کۆرۆنا، ئەمجارەیان بەشێکی هەرەزۆریان کەسانی گەنجن، لەکاتێکدا پزیشکان ناچارن بۆ دابینکردنی داودەرمانو ئۆکسجین لەڕێگای ئینتەرنێتەوە داوای کۆمەک لەکەسانی خێرخواز بکەن.
سەرمەد ئەحمەد کە یەکێکە لەپزیشکانی نەخۆشخانەی کەندی لەبەغدا بەئاژانسەکەی وتوە، "هەموو بەیانییەکە هەمان دیمەن دوبارە دەبێتەوە، بەشێوەیەک سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکە پڕبون لەتوشبوان".
وتوشیەتی:"ئەوان دەترسن لەو بەشانە کاربکەن کە بۆ دابڕینی توشبوانی کۆرۆنا تەرخانکراون، لەبەرئەوەی لەدروستکردنیاندا هیچ مەرجێکی سەلامەتی ڕەچاونەکراوە، بۆیە لەحاڵەتی هەر ڕوداوێکی کتوپڕدا ئەوانیش دەبنە قوربانی.