هەنگاوەكانی كوردستان بەرەو پێشەوەن ..

هەنگاوەكانی كوردستان بەرەو پێشەوەن ..

رۆژ بە رۆژ هەرێمی كوردستان هەنگاویی ژیرانەو گرنگ لە گشت بوارەكانی ئابووری ، سیاسی و دیپلۆماسی بەرەو پێشەوە دەنێت بە شێوەیەك بووەتە جێگەی بایەخ و گرنگی ناوچەكە و هەموو جیهان ، بەڵام بە پێچەوانەشەوە، وڵاتانی داگیركەری كوردستان سەڕەرایی هەموو ئەو سوودمەندبوونییانەیان لە هەرێمی كوردستان و بەرژوەندی زۆر ، بەڵام سیاسەتێكی دوو روویانە دژ بە هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی ئەنجام دەدرێت ، بەڵام سەڕەرایی هەموو ئەو كۆسپ و بەربەستانە ، سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان توانیوێتی هەنگاویی گرنگ و ستراتیژی بەرەو پێشەوە بنێت و ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بووەتە نموونەی دوورگەیەكی سەقامگیر لە سەر ئاستی ناوچەكەدا.
هەنگاوەكانی حكومەتی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو وبەتایبەت ئەم دوو ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی رێزدار مەسروور بارزانیی لە گشت بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی بەرەو ئاسۆیەكی گەش و كوردستانێكی بەهێزترن ، بەتایبەت كە لە ماوەی رابردوودا، چەندین كارگەی گەورە و ستراتیژی بۆ پشت بەستن بە بەرهەمی نێوخۆیی هەر لە زاخۆ تا حەڵەبجە كردۆەتەوە ، كە ئەوەش گەورەترین شۆڕشی سەردەمییانەی كوردستانە لە بواری ئابووری و پێشەسازی و پشت بەستن بە بەرهەمی نێوخۆیی و كشتوكاڵی كە ئایندەیەكی گەش و پر هیوا چاوەروانی كوردستان دەكات .
ئەو هەنگاوانە وایانكردووە، كە دوژمنان و نەیاران نەتوانن هەرسی بكەین و بۆیە، بەدرێژایی مێژوو جگەلەوەی سەربەخۆیی و ئازادییان لە گەلی ئێمە وەرگرتۆتەوە، دەیانهەوێت هەمیشە چاومان لە دەستی ئەوان بێت لە رووی ئابووری و پیشەسازییەوە، بەڵام پلان وكارە ستراتیژییەكانی حكومەتی كوردستان كە بەرەو سەربەخۆیی ئابووریین جێگەی ناحەزانی كورد وكوردستانە ، بەڵام ئیرادەی بەهێزوپۆڵایین گەلەكەمان و سەرۆكایەتی حكومەت شكست بەهەموو ئەو شكستانە دێنێت و ئەو كاروانە بەرەو پێشەوەیە .
بۆیە، كاتێك وڵاتێك بە سیناریۆی جۆراوجۆری وەك مووشەكبارانكردن، تیرۆر و فرۆكەی بێ‌ فرۆكەوان بكرێتە ئامانج و ئینجا لە نێوخۆشدا ، جۆرە ها شەڕی دەروونی دژی بەكاربهێنرێت و هەوڵی ناسەقامگیركردن و ناشرینكردنی بدرێت، ئەوە ئاماژەیەكی روون وئاشكران ، بەوەی دوژمنان چاویان بە گەشەسەندن ، پێشكەوتن و گەشەسەندنی ئابووری و سەركەوتن هەڵنایەت .
بۆیە، هەموو ئەو هەنگاوانەی حكومەتی كوردستان لە گشت بوارەكانی چاكسازی ، كشتوكاڵ و پیشەسازی جێگەی دەستخۆشی و شانازیین و نیشانەی گرنگیدانە بەوەی ئیتر بەرهەمە نێوخۆییەكان بە فیرۆناچن و گرنگیدان بە گوندو لادێ‌ كانی كوردستان و ساغكردنەوەی هەموو ئەو بەرهەمانە لە نێوخۆیی كوردستان و بۆیە، چاوەروان دەكرێت لە ساڵانی ئایندە ئەو رەنگدانەوە وكاریگەری زیاتر لە سەر گەشەسەندن وپێشكەوتنی كوردستان لەرووی ئابووری وپێشەسازی زیاتر دەركەوێت .
هەروەها ئەو هەنگاوانەی حكومەتی كوردستان ، جگە لەوەی پێشكەوتن گەشەسەندنی ئابووری وكشتوكاڵی كوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە دەبات ، لە هەمانكاتیشدا ،دەیان هەڵی كار و خۆشگوزەرانی و زۆربوونی داهاتی تاكەكان بەرز دەكاتەوە و رێژەی بێكاری نامێنێت .لە هەمانكاتدا ، هەموو ئەو كارانەی كە لەبواری چاكسازی ئیداری ، دارایی و گشت بوارەكانی تر جێبەجێ دەكرێن و سەرۆكی حكومەتی كوردستان دڵسۆزانە و نیشتیمانپەوەرانە چاودێر و بەدواداچوونیان بۆ دەكات ، ئاماژەیەكی روونن بۆ زیاتر پێشكەوتن وئاسۆیەكی گەش لەبەردەم كوردستانێكی بەهێزتر وئاوەدانتر بە ئابووریی و داراییەكی باش و لە هەمان كاتیشدا شكستی نەیاران و ناحەزانی قەوارەی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام خەونی نەزۆكی لاوازكردن و نەهێشتنی دەبینن .

Top