پرینتەرێكی بچووك بۆ مۆبایلەكان

پرینتەرێكی بچووك بۆ مۆبایلەكان

مۆبایلەكان خێراترین ئامێرن بۆ وێنەگرتن، چونكە بەكارهێنەر بۆ ساتێكیش مۆبایلەكەی لەخۆی دوورناكاتەوە، بۆیە هەر دیمەنێك بە گونجاوی زانی وێنەی دەگرێت. كامێرای مۆبایلەكان زیاتر بەردەستترن لە كامێرای ئاسایی.

ئێستا بەكارهێنەری مۆبایلەكان سەدان وێنەی تێدایە كە نەكراون بە فۆتۆی سەركاغەز، بەواتایەكی دیكە نەشۆردراونەتەوە و چاپ نەكراون.

وەك دەڵێن ئەم نەوەیە نەوەیەكە بە هەزاران وێنەی هەیە بەڵام ئەڵبۆمی نییە، كۆمپانیای فۆجی یابانی كە مێژووی زیاتر لە نیوسەدەی لە بواری بەرهەمهێنانی كامێرادا هەیە لەم دواییەدا پرینتەرێكی تایبەت بە مۆبایلی بەرهەم هێناوە، پرینتەرێكی بچووك و لە دەستان خۆش! پرینتەرە بچوكەكە بە INSTAX mini link ناسراوە.

كاركردن بە پرینتەرەكە زۆر ئاسانە، بەكارهێنەر لە رێگای بلوتوسەوە وێنەكە بۆ پرینتەرەكە دەنێرێ و ئەویش پرێنتی دەكا.

خاڵێكی بەرچاوی پرینتەرەكە ئەوەیە كە دەكرێت لە ڤیدیۆی جوڵاویشدا وێنە پرێنت بكا، واتە لە هەر شوێنێك بە گونجاوی دابنێ بیوەستێنێ و بیكاتە وێنە و چاپی بكا. جگە لەوەش دەتوانرێت بەهۆی پرۆگرامێكەوە وێنەی پێنج مۆبایل پێكەوە تێكەڵ بەیەك بكا و كۆلاژێك دروست بكا.

تایبەتمەندییەكی سەرنج راكێشی پرینتەرەكە ئەوەیە كە دەبێتە ریمۆت كۆنترۆڵی كامێرای مۆبایل بە جۆرێك كە دەتوانی وێنەكە بە خودی پرینتەرەكە بگری.

Top