بێریڤان ئەنوەر: ئومێدم ئەوەیە هەلی كار بۆ كۆمەڵێك خانم دابین بكەم

بێریڤان ئەنوەر:  ئومێدم ئەوەیە هەلی كار  بۆ كۆمەڵێك خانم دابین بكەم

 

 

ئافرەتی كورد لە دێرزەمانەوە وێڕای ئەركی دایكایەتی و بەڕێوەبردنی كاروباری ناوماڵ، شان بە شانی پیاو كاری كردووە و لە پەیداكردنی بژێویی رۆژانەی خێزانەكەی بەشدار بووە، ئەمڕۆش جێگەی خۆشحاڵییە خانمان رووبەڕووی نەریتە چەقبەستووەكان دەبنەوە و پشتیان بە تواناكانی خۆیان بەستووە، هاوكات ژمارەیەكی زۆری ئافرەتان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە مەیدانی كار بوون و بوونی خۆیان لە مەیدانەكە سەلماندووە. بێریڤان ئەنوەر یەكێكە لەو خانمانە و باسی ژیانی خۆی بۆ گوڵان دەكات.

 

بێریڤان ئەنوەر چێشتلێنەرێكی دەستڕەنگین و بە سەلیقەی شاری سلێمانییە. ئەو تەمەنی 36 ساڵە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە، وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات ماوەی حەوت ساڵە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆی و خانەوادەكەی كار دەكات و چەندین جۆر كاری جیاوازیشی لە شوێنی جیا جیا كردووە و لە ئێستاشدا لە نێو ماڵەكەی خۆیدا چێشتخانەیەكی خنجیلانەی تایبەت بە خۆی هەیە. لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە هەنگاوەكانی سەركەوتنی خۆی دەكات و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دوای مردنی باوكم و بە هۆی قەیرانی ئابووری و خراپیی باری دارایی خانەوادەكەم بڕیارم دا لە چوارچێوەی ماڵ دەربچم و كارێك بكەم بۆ ئەوەی بە داهاتەكەی هاوكاری خانەوادەكەم بكەم، سەرەتا لە چێشخانەیەكی سلێمانی چایچی بووم، دواتر بووم بە كاپتن، پاشان بە دەزگاچی واتە خواردنم تێ ئەكرد، دواتر بووم بە شێف لە چێشتخانەیەك و ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام بووم، پاشان بیرم كردەوە لەوەی ببم بە خاوەنی ئیشی خۆم، بۆ ئەم مەبەستە بەشێكی ماڵەكەی خۆمم جیاكردووەتە و ڕۆژانە بە پێی داواكاری خواردنەكان دروست دەكەم دلیڤەریشمان هەیە، سوپاس بۆ خوا لە كارەكەم سەركەوتووم و خەڵك لێمان ڕازین و بەردەوامم.» گوتیشی: «بە كاركردنم لە رووی دەروونییەوە زۆر ئاسوودەم، چونكە خاوەن كاری خۆمم و كەس بۆڵە بۆڵم بەسەردا ناكات، من لە رابردوودا شاگرد بووم و ناڕەحەتی و ناخۆشی زۆرم بینی، ئەگەرچی ئەمڕۆ بە جەستە زۆر شەكەت و ماندووم، لەسەرەتاوە بەبێ ئەوەی كەس هاوكارم بێت و دەستی یارمەتیم بۆ درێژ بكات، توانیم پشت بە هێز و تواناكانی خۆم ببەستم و هەموو بەربەستەكان بشكێنم، لەبەر ئەوەی دایكێكی نەخۆشم هەیە و ناتوانم لە دەرەوەی ماڵ كاربكەم، ئێستا هەم چاوم لە دایكمە هەمیش كارەكەم لە ناو ماڵی خۆماندا دەكەم، برایەكم هەیە لە خۆم بچووكترە، ئەو هاوكارمە و بە دلیڤەری خواردنەكانم بۆ موشتەرییەكانم دەبات، هەروەها كچێكیشم لەگەڵدایە كاری پاككردنەوەم بۆ دەكات، هەمیشە خۆزگەی ئەوە دەخوازم كە ئیشەكەم ئەوەندە گەورە بووایە، بمتوانیبا هەلی كار بۆ كۆمەڵیك خانم بڕەخسێنم بۆ ئەوەی ئەوانیش لەسەر پێی خۆیان بوەستن، دڵخۆش دەبم كە ئافرەتێك دەبینم بە رەنجی شانی خۆی بژێوی ژیانی پەیدا دەكات و چاوەڕێی بەزەیی كەس ناكات.»

 

Top