محەمەد سەلیم چوروككایا نووسەری كتێبی – ئایەتەكانی ئاپۆ- بۆ گوڵان:   دیكتاتۆریەتی ناو پەكەكە تێكەڵەیەكە لە ستالینیزم و ئەسەدیزم و بەشێك لە كلتوری ئاغایەتیی ناوچەی ئورفە

محەمەد سەلیم چوروككایا  نووسەری كتێبی – ئایەتەكانی ئاپۆ- بۆ گوڵان:     دیكتاتۆریەتی ناو پەكەكە تێكەڵەیەكە لە ستالینیزم و ئەسەدیزم و بەشێك لە كلتوری ئاغایەتیی ناوچەی ئورفە

 

 

محەمەد سەلیم چوروككایا یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی پێشووی پەكەكە و، لە دەستی دیكتاتۆریەتی پەكەكە چووەتە هەندەران و ڕیزەكانی پەكەكەی جێهێشتووە و، لەم ماوەیەی دواییشدا چیرۆكی تێگەیشتنی لە دیكتاتۆریەتی پەكەكە و هەوڵەكانی سەرانی پەكەكە بۆ تیرۆركردنی، لە كتێبیكدا بە ناونیشانی (ئایەتەكانی ئاپۆ) چاپ كردووە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم كتێبە و هەروەها تێڕوانینەكانی بۆ ئێستای سەركردایەتیی پەكەكە و كارە دوژمنكارییەكانیان دژی هەرێمی كوردستان، ئەم دیدارەمان لەگەڵ ئەنجام دا،ئەویش بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.

 

* لە كتێبەكەتدا بە ناونیشانی (ئایەتەكانی ئاپۆ) باس لە دروستكردنی دیكتاتۆر دەكەیت، ئایا پێناسە و تەفسیری دیكتاتۆر لای ئێوە چییە؟

- من تا ساڵی 1991 لە زیندانی دیاربەكر ئازاد نەكرام، نەمدەزانی دیكتاتۆریەت لە ناو پەكەكەدا چۆن دروست كراوە، بۆیە گەڕامەوە ناو پەكەكە، هاتم بۆ ماوەی ساڵێك سەیری ڕەفتارەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانم كرد و، هاوكاتیش گوێم گرت و خوێندمەوە، سەرەنجام بۆم دەركەوت، ئەو دیكتاتۆریەتەی لە ناو پەكەكەدا دروست كراوە، تێكەڵەیەكە لە ستالینیزم، ئەسەدیزم، سەدامیزم و هەروەها بەشێك لە ئاغایەتیی ناوچەی ئورفە پێكهاتووە، ئەمەش واتە پەكەكە لە بەشێكیدا تەریقەتە و بەشێكی دیكەشی مافیایە، ئەمەش وای كردبوو، كە باوەڕبوون بەو میتۆدە، لە ڕاددەبەدەر لەناو پەكەكە گرنگ بێت و، بیركردنەوەش لە ناو پەكەكە نییە، تەنیا ئەوە نەبیت كە دەبێت بە باش و خراپ بڕوابوونی خۆت بە پەكەكە بسەلمێنێت و، بە پێچەوانەوە ئەگەر بیر بكەیتەوە و بۆچوونێكی دیكەت هەبێت، ئەوا ژیانت دەكەوێتە مەترسییەوە، ئەمەش بێگومان گەوهەری دیكتاتۆریەت دەسەلمێنێت و پێناسە و تەفسیرە بۆ دیكتاتۆریەت.

* ئەوەی ئێستا دەبینین ئەوەیە كە پەكەكە بە حیساب ماوەی 40 ساڵە خەباتی چەكداری دەكات و، لەژێر دروشمی ئازادیی كوردستاندا ژمارەیەكی هێجگار زۆر لاوی كوڕ و كچی كوردستانی بە كوشتن داوە، بەڵام بە كردەوە سەلماندوویەتی خۆی بڕوای بە كوردستان نییە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە، پەكەكە لە سەرەتادا بە دروشمی (كوردستانێكی دیموكراتی و یەكگرتوو و سەربەخۆ) دەستیان پێ كرد، بەڵام لەم ڕێیە لایان دا و، ئێستا ئەوەی بایەخی پێ نادەن، كوردستانێكی دیموكراتی و یەكگرتوو و سەربەخۆیە، تەنانەت بڕوایان بە دەوڵەتی كوردستانیش نییە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەو هەموو گەنجانەی كوردستانیان بۆ ئامانجی خۆیان كردە قوربانی و لە ئامانجە سەرەكییەكە، كە ئازادیی كوردستانە، دوور كەوتوونەتەوە، ئەمەش كارەساتێكی گەورەیە بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان. لە ناو پەكەكە چەند چینێك هەن، چینێك ئەو خەڵكانەن كە زوڵمی داگیركارییان بینیوە و لە پێناوی قەزیەكەدا دوای پەكەكە كەوتوون و بۆ كوردستان و كوردایەتی چەكیان لە شان كردووە و، نوێنەرایەتیی چەوسانەوەی ملیۆنەها كورد دەكەن، ئەم چینە كراونەتە سووتەمەنی و توانای هیچ بڕیاردانێكیان نییە، چینێكی دیكەش هەیە كە لەسەر پشتی ئەو خەڵكە سوود لە چەوسانەوە و ئازارەكانی نەتەوەی كورد دەبین، دەیانەوێت ئامانجەكانی خۆیان بەدی بهێنن، ئەوجا ئەو ئامانجە بوون بە سەرۆك بێت، یان ئەندام پەڕلەمان، یانیش سەرۆكی شارەوانی و.. هتد. لە هەرەمی سەركردایەتیشدا ئەوەی پێی دەگوترێت (ئەنجومەنی سەركردایەتی) ئەو كەسانەن كە پەیوەستن بە دەوڵەتانی (سووریا و توركیا و ئێران و عێراق)ـەوەو، بە كۆی ئەو خەڵكانە دەگوترێت ئەنجومەنی سەركردایەتیی پەكەكە، ئەم ئەنجومەنی سەركردایەتییەش جڵەویان بە دەستی ئەو دەوڵەتانەوەیە كە دوژمن و داگیركاری كوردستانن، ئەمە وای كردووە كە ئەو خەڵكە كوردپەروەرەی بۆ كێشەیەكی ڕەوا قوربانی دەدات، لە ناو ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەدا بە ناكامی بمێنێتەوە، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو چینەی خوارەوەی پەكەكە كە بوونە سووتەمەنی بەدەست ئەو سەركردایەتییەوە و، بە نییەتێكی پاك خەبات دەكەن، دەبێت باش بزانن كە پەكەكە هیچ خێرێكی بۆ كوردستان نییە، دەبێت ئەو گەنجانە هۆشیار ببنەوە و لەسەر ئەم ناهەقییەی بەرامبەریان دەكرێت، بێنە دەنگ.

*  ئەوەی ئێستا كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان بە دەستی هێناوە، ئەزموونی فیدڕاڵیی هەرێمی كوردستانە لە عێراقدا، ئەمەش هیوا و ئامانجی هەموو كوردە، ئایا هۆكارەكەی چییە كە ئێستا پەكەكە دەیەوێت ئەم قەوارەیە بڕووخێنێت؟

- لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا ئەوە بۆ یەكەمین جارە لە بەشێكی كوردستان كە باشوورە، فیدڕاڵییەتێك دروست بووە و، سەرۆكێك بۆ گەلەكەی هەڵبژێردراوە و دەتوانێت ئەم هەرێمە فیدڕاڵییە بەڕێوە ببات، بەڵام دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان (عێراق، ئێران، توركیا، سووریا) چاویان بەم هەرێمە هەڵنایەت و، لە ڕوانگەی خۆیانەوە ئەم هەرێمە وا دەبینین كە كاریگەریی لەسەر كوردی پارچەكانی دیكە دروست دەكات و، ئەوانیش لە پارچەكانی دیكە داوای هەمان ئەزموونی فیدڕاڵی دەكەن، بۆیە هەر چوار دەوڵەتە داگیركارەكەی كوردستان بە بەكارهێنانی چینەكەی سەرەوەی پەكەكە (ئەنجومەنی سەركردایەتیی پەكەكە) و حەشدی شەعبی، دەیانەوێت ئەم ئەزموونە بڕووخێنن، بە ڕووخاندنی ئەم ئەزموونە هەر چوار دەوڵەتەكە ئیسراحەت دەكەن، كەواتە ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشكرا دەكات، كە پەكەكە بووەتە داردەستی پڕۆژەی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان و، هەمان ئامانجی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان جێبەجێ دەكات، من لە سەرەتادا ئاماژەم بەوە كرد، كە پەكەكە سەرەتا لە ژێر ناوی دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستان دروست بوو، بەڵام ئەوەی دەبینین ئێستا ئەوەیە كە ئامانجی پەكەكە بووەتە ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دروست نەبێت، لەمەش خراپتر ئەوەیە كە ئامانجی بووەتە ئەوەی كە ئەزموونی فیدڕاڵیی هەرێمی كوردستان بڕووخێنێت. سەرنج بدەن، بە هۆكاری پەكەكەوە توركیا لە عەفرینەوە تا قەندیل شەڕی كوردستان دەكات و دەیەوێت كوردستان و ئەزموونەكەی تێك بدات، لە شنگالیشەوە تا دەگاتە كەركووك پەكەكە بە هاوكاری لەگەڵ حەشدی شەعبی و چەند لایەنێكی توركمانی، پێكەوە كاردەكەن، تا كوردستان بخەنە نێوانی مقەست و پارچە پارچەی بكەن، ئەگەر پەكەكە ئەم ئامانجەی نییە، خۆ چیاكانی باكووری كوردستان زۆر لە چیاكانی باشوور سەختترن، ئەی بۆ ناچن لەوێ دژی سوپای توركیا بجەنگن، بەڵام وەڵامەكەی ئەوەیە كە پەكەكە لە باكووری كوردستان تێك شكاوە و ڕووخاوە، ناتوانێت تەنیا یەك فیشەك بتەقێنێت، لەمەش زیاتر پرسیاری دیكە ئەوەیە كە پەكەكە بۆ لە قەندیل ماوەتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە لە قەندیل شەش كەس هەن كە بە حیساب وەك ئەنجومەن سەركردایەتیی قەندیل دەكەن، كە لە هەموو ژیانیاندا نەچوونەتە ناو شەڕ و هیچ كاتێك لەگەڵ سوپای توركیا شەڕیان نەكردووە و، تەنانەت فیشەكێكیان بەرامبەر مریشكێكی توركان نەتەقاندووە، بۆیە ئەم شەش سەركردەیە، شەش كەسی ترسنۆكن و ئیرادەی شەڕكردنیان نییە و لەژێر ئیرادەی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان ماونەتەوە و، بەرنامەی ئەو دەوڵەتانە جێبەجێ دەكەن.

* وێڕای ڕەفتارە ئاشكرا و دوژمنكارییەكانی پەكەكە دژی هەرێمی كوردستان، سەرۆك مسعود بارزانی شەڕی كورد-كوردی حەرام كردووە، بەڵام لە بەرامبەردا پەكەكە هێرش دەكاتە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئایا هۆكاری ئەمە چییە؟

- ئەم پەیامەی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر زۆر بە گرنگ دەزانم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە پێش مەلامستەفا بارزانی كورد، یەكتریان دەكوشت، بەڵام مەلا مستەفا بارزانی ئەو دیاردەی نەهێشت، ئێستاش سەرۆك مسعود بارزانی هەمان ڕێبازی مەلا مستەفا درێژە پێ دەدات كە شەڕی كورد- كوردی حەرام كردووە، ئەم پەیامەی بارزانی وەك ئەو پەیامەی تەوراتە كە یەكەم پەیامی ئەوەیە كە دەڵێت: ( مەكوژە) بۆ ئەمڕۆ كوردستانیش پەیامی (یەكتری مەكوژن) زۆر گرنگە. لە ئێستا هەندێك كورد هەن دەڵێن (براكوژی هەیە، با برا كوژی نەمێنت) بەڵام لە هەقیقەتدا و لە ساحەكەدا براكوژی نییە، ئەوەی هەیە، هێرشی چەكدارانی پەكەكەیە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بۆیە هەقە هەموو نیشتمانپەروەران ڕوو لە پەكەكە بكەن و پێی بڵێن: سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە و شەڕی كورد- كوردی حەرام كردووە، ئەگەر ئێوەش ئیرادەتان هەیە، گۆڵمەز لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دوور بخەنەوە و بڕیار بدەن برای خۆتان نەكوژن، ئەو كاتە شەڕی براكوژیش كۆتایی پێ دێت.

* ئێستا پەكەكە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەتە بەڵا و ڕێگەیەكی نەهێشتووەتەوە كە بتوانرێت بە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئایا لەم حاڵەتەدا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ پەكەكە بكات؟

- بە ڕای من ئەم پرسە بە پلەی یەكەم پەیوەستە بەوەی ئایا پارتی و یەكێتی لە سەر شێوازی مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پەكەكە دەگەنە لێكتێگەشتنێكی هاوبەش و، لەسەر ئەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشە ڕێك دەكەون؟ ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر ئەم پرسە گەیشتنە ڕێككەوتن، ئەوا پێویستە ئەم پرسە ببرێتە پەرلەمانی كوردستان و، لەوێ بڕیارێكی دروست بدرێت، بڕیارەكەش گرنگە ئەم پەیامە لە خۆی بگرێت: هێزی پێشمەرگەی كوردستان كاتێك دژی داعش شەڕی دەكرد، دەوڵەتان هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیان كرد و، ئەمەش جیگەی سوپاس و ستایشە و دەبێت چەك تەنیا لە دەستی پێشمەرگەدا بێت و، چەك لای هیچ لایەكی دیكە نەبێت، ئەگەر ئەم بڕیارە درا، ئەوا دەبێت وێنەیەكی بدرێتە پەرلەمانەكانی (عێراق و توركیا و ئێران) هەروەها دەبێت وێنەیەكی بدرێتە نەتەوە یەكگرتووەكان و، داوا بكرێت، مۆڵەتێك بدرێتە پەكەكە و، داواش بكرێت توركیا هێزەكانی خۆی بكشێنێتەوە لە باشوور و، حكومەتی هەرێم داوای ئەوە بكات، كە خۆم خاكی خۆم دەپارێزم، لەم حاڵەتەدا پەكەكە، یان دەبێت بڕوات، یانیش دەبێت بڕیارێكی دیكە بدات، كە لەگەڵ بارودۆخی هەرێمدا بگونجێت، بەمەش بیانووی توركیا نامێنێت و هەرێمی كوردستانیش پارێزراو دەبێت.

* بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە سەركردایەتیی قەندیل دەڵێت: هێزی پێشمەرگە دێتە ناوچەكانی گەریلا، ئایا ئەمە هیچ لۆژیكێك قبووڵی دەكات؟

- پێش هەموو شت چەكدارانی پەكەكە لە باشوور میوانن و هێزی پێشمەرگە خاوەن ماڵە، بۆیە هەرگیز ئەوە قبوڵ نییە، هێزی پێشمەرگە لە خاكی خۆیدا مۆڵەت لە گەریلا وەربگرێت، ئەمە كارێكە قبووڵ ناكرێت و مایەی گاڵتەجاڕییە.

* ئامانجی سەرۆك مسعود بارزانی ئەوەیە كە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان هەمیشە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕوویەكی گەش و جوانی هەبێت، ئایا لەم ڕووەوە چۆن دەتوانین ئەم ئامانجە بەدی بهێنین؟

- گومان لەوەدا نییە كە ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی كاریگەریی لە سەر كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان هەیە، بەڵام بەداخەوە كاركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كوردانی هەر چوار پارچە و ڕەوەندی كوردی لە ئەوروپا وەك پێویست نییە، ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن ڕەوەندی كورد لە ئەوروپا دەژین، ئەم ژمارەیە شتێكی ئەوتۆی لە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كەمتر نییە، بەڵام ئێمە لە ئەوروپا لە شارێكی بچووك لە نەورۆزدا حەوت جەژن دەكەینەوە، بۆیە ئەگەر سەرۆك بارزانی، یان پەرلەمانی كوردستان بڕیار بدات لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بۆ كوردان ڕۆژی 21ی ئادار جەژنی نەوروزە و هەموو پێكەوە بە چالاكییەكی گەورە ئەم جەژنە یاد دەكەینەوە، ئەمە دەبێتە پرسێكی زۆر مەزن، بۆیە دووبارەی دەكەمەوە ئێستا سەرۆك بارزانی سیمبولێكە بۆ هەموو كورد، بەڵام دەبێت هەموومان هاریكاریی بكەین، بۆ ئەوەی كاریگەریی ئەم سیمبولە زیاتر دەربكەوێت.

 

Top