لە داردا،پۆترێتی خاڵكاری

لە داردا،پۆترێتی خاڵكاری

كیڤان هەر لە سەرەتاوە بە وردەكاری هاتە نێو دنیای نیگار، دوور نییە ئەو حەزی وردخوازی و وردەكارییە لە میراتی خێزانەكەیەوە بەدەستی هێنابێت، هەزاران خێزانی كورد لە دەڤەری بارزان و لەناو جەرگەی كوردستانەوە بە دەستی بەعسی داگیركەر، راپێچی كۆمەڵگەی زۆرەملێ دەكرێن، ماڵباتەكەی كیڤان لە كۆمەڵگەیەكی زۆرەملێی نزیك قوشتەپە نیشتەجێ دەكرێن، داگیركەر هەر بەوەندە نەوەستا، لە ساڵی 1982دا رەشبگیرییەكی دەست پێ كرد، هەشت هەزار نێرینەی كورد (لە نێویاندا باوكی كیڤان)ی بەرەو بیابانی رۆژاوای عیراق راپێچ كرد، لەوێشدا زیندە بە چاڵی كردن.

ئا/تاریق كارێزی

لە داردا،پۆترێتی خاڵكاری

دایكانی سەربەرزی ئەو ماڵباتانەی كورد، ناچار بوون بۆ رۆڵەكانیان هەم دایك بن، هەمیش باوك، بۆ دابینكردنی بژێویی ژیان، گەرموگوڕكردنی بەرهەمی كاری دەست یەكێك بوو لەو رێكارانەی كە خانمانی سەربەرزی ئەو ماڵباتە كوردانە پەنایان بۆ برد، لە هەلومەرجێكی زۆر دژوار و لە سایەی گوشاری داگیركەردا، ئەو خانەوادە ستەم لێ كراوانە گوزەرانیان دەكرد.
كیڤان بە حوكمی بچووكیی تەمەن لەو ئەنفالە رزگاری بوو، ئەو هەر لە منداڵییەوە لە نەخشی ئەو كارە دەستییانەوە حەزی وردەكاری و هونەری نیگاری لە لا دەڕسكێت، لە قۆناغی یەكەمدا هەوڵی دا بە رەنگ لەسەر كەرەستەی وەك (كاغەز، كانڤاس، كارتۆن) لە شێوەی نیگاری پڕ لە وردەكاریدا، كار و هونەر بكات، هونەردۆستان لە چەند پیشانگایەكدا بەرهەمی كیڤانیان لە نێو شەپۆلی ناوەندی هونەردا بینی، ئەو بوو بە خاوەن مۆركێكی تایبەت و، وردەكاری و وردەكاریی زیاتر لە بەرهەمدا.

لە داردا،پۆترێتی خاڵكاری

لە هەنگاوێكدا كە خۆی لە گۆڕینی كەرەستە و تەكنیكدا دەبینێت، كیڤان ئەم جارەیان هەر بە سەلیقەی وردەكارانەی خۆیەوە، داری كردووەتە كەرەستەی نەخشاندنی بەرهەمی هونەرەكەی، كەسایەتی و ناودارانی كوردیش كرۆك و ناوەرۆكی بەرهەمەكانی ئەون، لەم هەنگاوەدا پەنای بردووەتە بەر تەكنیكی خاڵكاری، بە خاڵخاڵی رەش پۆرترێت دەنەخشێنێت، ئەمەش هەوڵێكی دروستە بە ئاراستەی زیاتر نزیك كردنەوەی هونەری نیگار لە هەست و خولیاو، زەین و ویژدانی رۆڵەكانی نەتەوە.

لە داردا،پۆترێتی خاڵكاری

خاڵكاری لە رچەی هونەری نیگاردا شێوازێكی باوە، بەرهەمی كیڤان لەم رووەوە لەوەدا تایبەتمەندیی خۆی گەڵاڵە دەكات، كە خەڵكاریی تێكەڵ بە كەرەستەیەكی رەقی وەك دار كردووە، ئەمەش بە شێوەیەكی خۆڕسك تێكەڵ بە هەستی كوردانەی ئەو بووە، كوڕی ماڵباتی نێو نەتەوەیەكی بێبەش لە ئازادی، ئازارچەشتەی دەستی ستەمی داگیركەر، چاوەڕوان ناكرێت گوتاری دیدەییانەی ئەو لە دەرەوەی بازنەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیانەدا بێت، كیڤانیش (پەیوەست بە هەست و نەست و ویژدانی خۆی) لە رێچكەی ئەو گوتارە، لای نەداوە.

Top