خانمان لە رێگەی سیستمی كیتۆ دایت كێشیان دادەبەزێنن

خانمان لە رێگەی سیستمی  كیتۆ دایت كێشیان دادەبەزێنن

 

سیستمی كیتۆ دایت بووەتە مۆدێلێكی سەركەوتوو بۆ خۆلاوازكردن و لەدەستدانی كێشی زیادەی لەش، لە ئێستاشدا لە كوردستان پەیڕەو دەكرێت، ئەگەرچی تاوەكو ئەمڕۆ هیچ توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیەكی زانستی و پزیشكیی ئەوتۆ لەسەر چۆنیەتی رێجیمی كیتۆ نییە، چونكە ئەم جۆرە رێجیمكردنە شێوازێكی نوێیە، شارەزایانی بواری تەندروستیش پێیان باشە ئەو سیستەمە لە ژێر چاودێریی پزیشكی پسپۆڕ دەست پێ بكرێت و هاوكات هەر لە ژێر چاودێریی پزیشكدا كۆتایی پێ بهێندرێت، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە دیدی جیاوازەوە باس لە سیستمی كیتۆ دایت دەكەن.

«رۆژێك بۆ چاككردنی ددانەكانم سەردانی پزیشكەكەی خۆمم كرد، كە چوومە ژوورەوە نەمناسییەوە و وامزانی بە هەڵە چوومەتە لای دكتۆرێكی تر، كە دكتۆرەكەم بینی، حەپەسام، پێكەنی و گوتی: چی بوو منت نەناسیەوە؟ گوتم: ئەوە چۆن وا لاواز بوویت؟ دكتۆر گوتی: بە كیتۆ» ئەوە قسەی هێڤی ئەمجەدی تەمەن 28 ساڵ بوو، وەك خۆی باسی دەكات لە رابردوودا كەسێكی قەڵەو بووە، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «ساڵانێكی زۆر بوو بە دەست قەڵەوەییەوە دەمناڵاند، هاوكات بوێری ئەوەم نەبوو رێجیمێكی وشك و درێژخایەن بكەم، بەهۆی قەڵەوی تووشی زۆر نەخۆشی بووم، بەڵام كە دەستم بە كیتۆ كرد، توانیم وردە وردە كێشی لەشم دابەزێنم، ئەگەرچی لە سەرەتادا زۆر ناخۆش و قورس بوو، من رۆژانە برنجم دەخوارد و زۆریشم حەز لە شیرینی بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئیرادەم پەیدا كرد و هەموو ئەو خواردنانەم لەبەرچاو كەوتن، سەرەتا لە رێگەی فەیسبووك خشتەی خواردنەكانم پەیدا كرد، بەڵام گرفتی دیكەی تەندروستیم بۆ پەیدا بوو، ئێستا هەم دەچمە هۆڵی وەرزشی، وەرزش دەكەم و هەم سیستمی كیتۆ دایت ئەنجام دەدەم، بەڵام تاكە گرفتم ئەوەیە كە زوو زوو مەزاجم تێكدەچێت.»

ڤیان قادر ئافرەتێكی تەمەن 34 ساڵە وەك خۆی باسی دەكات سوودی زۆری لە سیستمی كیتۆ دایت بینیوە و لەم بارەیەوە دەڵێت: «كیتۆ ئەو بەرنامە خۆراكییەیە كە لە جیهاندا بۆ دابەزاندنی كێش و چارەسەركردنی نەخۆشی و كەمیی ڤیتامینات بەكاردێت و بەپێی ئەنجامەكان كۆمەڵێكی زۆر هاووڵاتی سوودیان لێی بینیوە، من بەشبەحاڵی خۆم لە رێگەی كیتۆ دایت 15 كیلۆ لە كێشم دابەزاندووە، پێشتر زۆر رێگەم تاقی كردەوە، بەڵام هەموویان بێ سوود بوون، تەنانەت كاردانەوەی خراپیشی لەسەر تەندروستیم دروست كرد و تووشی كەمخوێنی بووم، ماوەی ساڵێكە كیتۆ دەكەم و زۆریش ئاسوودەم.»

د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوە و سەرەتا باسی ئەوەی كرد كە «كیتۆ لە فەرهەنگی پزیشكیدا بە ڕێگا چارەسەرێكی خۆراكی دادەنرێت بەڵام خواردنێكی دروست نییە، بەڵكو ڕێگا چارەسەرێكی خۆراكییە و پزیشكان بۆ چارەسەری هەندێك نەخۆشی بەكاری دێنن. خۆراكی دروستی تاكێكی دروست ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دیاری كردووە بەوەی پێكدێت لە: (٥٠٪) كاربۆهێدرات و (٣٠٪) چەوری و (٢٠٪) پڕۆتین. كیتۆ بە شێوەیەكی زانستی بەوە پێناس دەكرێت، كە ئەو جەمە خۆراكییەیە و پێكدێت لە (٥٪) كاربۆهێدرات و (٧٥٪) چەوری و (٢٠٪) پڕۆتین؛ ئەمەش یەك مانا دەدات كە ڕێگایەكی چارەسەرە بە بەكارهێنانی خۆراك بەڵام نابێت خەڵك بێ ڕاوێژی پزیشك كیتۆ بكەن.» گوتیشی: «لەو ماوەی ڕابردوودا خەڵكێكی زۆر پرسیاری كردووە، ئایا كیتۆ باشە یان خراپە؟

ڕێسای كیتۆ، بریتییە لە گۆڕینی بڕی پێكهاتەكانی خۆراك، لە ساڵی (١٩٢٠)ـەوە جۆرە شێواز و گۆڕان لە پێكهاتەی خۆراك وەكو چارەسەر بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی گەشگە (فێ = خووداری) بۆ منداڵان داهێنرا، كە: بڕێكی كەم لە كارباهێدرات (٥٪) و بڕێكی تەواو لە پڕۆتین (٢٠٪) و بڕێكی زۆر چەوری (٧٥٪) لە خۆ دەگرێت.

 

Keto Diet (KD)= 75% Fat, 20% Protein, 5% CHO

KD = high fat + adequate protein + low CHO

 

* بەكارهێنانەكانی: هەروەك گوتم لە ساڵی (١٩٢٠)ـەوە كیتۆ بۆ چارەسەر كردنی نەخۆشیی خووداری لە منداڵان بەكار هاتووە؛ هەروەها بەكارهێنانیتری هەیە، وەك:

١. خووداری.

٢. ئۆتیزم.

٣. شێرپەنجەی مێشك.

٤. نەخۆشیی لەرزۆكی و پاركینسۆن.

٥. شیزۆفرینیا و شكستە خۆیی.

٦. نەخۆشیی شەقیقە و چەندەها نەخۆشیی دی، وەكۆ: شەكرە و قەڵەوی و ...هتد.

كیتۆ دەبێت بە ڕاوێژی پزیشك دەست پێ بكرێت، چونكە ئەوانەی نەخۆشیی گورچیلەیان هەیە؛ بۆی هەیە نەخۆشییەكەیان ڕووەو خراپتر بچێت و لێیان تیر بكات. هەروەها كیتۆ بە گشتی بۆ شەش مانگ هەتا ساڵێك دەكرێت.. خۆی لە ڕاستیدا دوو جۆری كیتۆ هەیە؛ ئەوانیش:

ا. كیتۆی كورت: لە بەینی (٢ - ٣) حەفتە.

ب. كیتۆی گەورە: كە لە بەینی (٦ - ١٢) حەفتەیە.

* كاردانەوە لاوەكییەكان: وە نەبێت كیتۆ بێ زەرەر بێت. نەخێر، زۆر جار ئەگەر لە ژێر چاودێری پزیشك نەبێت، ئەوا ڕەنگی ببێتە هۆی تیرتركردنی هەندێك نەخۆشیی مێتابۆلیزمی، وەكو: قەبزی و ناڕەوانی، ڕشانەوە، ڕەوانی و زگچوون، زگ ئێشان، بەردی گورچیلە، وەستانی گەشە، شاشبوونی هێسك، تێكچوونی ماسوولكەی دڵ (Cardiomyopathy)؛ نەخۆشیی دائی ملوك، كەمبوونی ڤیتامین د، دابەزینی شەكر، بەرزبوونەوەی ئاستی چەوریی ناو خوێن، كەمخوێنی (كەمخوێنی بە هۆی كەمیی ئاسن).

ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ ماوەی یەك ساڵ كیتۆی تەواو كرد، ئەوا نابێت یەكسەر بێتەوە سەر خۆراكی ئاسایی، بەڵكو دەبێت بەرە بەرە و لە ژێر چاودێریی پزیشك بێت.»

Top