فەرهاد عوسمان: پێویستە حكومەت بۆ نەوجەوانانی خانـەی بێ سەرپەرشتان پلانێكی درێژخایەنی هەبێت

فەرهاد عوسمان:  پێویستە حكومەت بۆ نەوجەوانانی خانـەی بێ سەرپەرشتان پلانێكی درێژخایەنی هەبێت

 

 

فەرهاد عوسمان توێژەری كۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی/ هەولێر لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە رەوشی منداڵانی بێ سەرپەرشت دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە لەڕووی یاساییەوە نەوجەوانان لە خانەی بێ سەرپەرشتان بۆیان هەیە تا تەمەنی 18 ساڵی و تا تەواو كردنی خوێندن بمێننەوە، بەڵام بەهۆی بێ جێگەیی دوای تەواو بوونی ئەو ماوە یاساییە گرفتی بۆ دروست كردوون و داوا دەكات بایەخی زیاتر بەو توێژە بدرێت.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

وەك خۆی باسی دەكات لە دوای دەرچوونیان لە خانەی بێ سەرپەرشتان شوێن و جێگەی مانەوەیان بۆ دابین بكرێت، هاوكات گوتی:» خانەی منداڵانی بێ سەرپەرشت لە هەولێر نزیكەی 60 منداڵن 40 كوڕ و 20 كچ بەڵام ئەم ژمارەیە جێگیر نییە و بەردەوام لە گۆڕاندایە، بە حوكمی ئەوەی هەندێك منداڵ دەگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان یان منداڵی تازەمان بۆ دێت.»

دەربارەی دۆخی منداڵەكانیش ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە گوتی:»سەرەڕای باشی بارودۆخی منداڵەكان لە خانەكان و دابینكردنی پێداویستیەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێم و كەسانی خێرخواز كە جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە، بەڵام چەند كەم و كوڕی و گرفتێكمان هەیە، زۆرجار منداڵمان بۆ دێت كە هی ئەوە نین بێنە خانە یان راستەوخۆ تێكەڵی منداڵان و نەوجەوانانی خانەكەمان بكرێن، بۆ نموونە كە منداڵ توندوتیژی بەرامبەر كراوە یان دایك و باوك مامەڵەی جیابوونەوەیان دەبێت بەهۆی بێ جێگەیی حاكم رەوانەی لای ئێمەی دەكات، لە هەموو ئەوانە خراپتر منداڵێك لە نیوەی شەودا بە هەر هۆكارێك لە هۆكارەكان لەسەر شەقام نووستووە و بەبێ زانینی هۆكارەكان دیسان راستەوخۆ رەوانەی خانەی بێ سەرپەرشتان دەكرێت، بێ ئەوەی بزاندرێت كە ئەو منداڵە رەفتاری چۆنە یان چ نەخۆشییەكی گوازراوەی هەیە، رەنگە ئەو نەوجەوانە كۆمەڵێك رەفتاری خراپی هەبێت كە بەیەك شەو رەفتاری وا فێری منداڵەكان بكات ئێمە نەتوانین بە یەك ساڵ چارەسەری بكەین، هەروەها زۆرجار نەوجەوانی كچمان بۆ دێت كە هەڕەشەی لەسەرە لە كاتێكدا كەسی هەڕەشەلێكراو نابێت بێتە خانەی بێسەرپەرشتان بەڵكو بنێردرێتە شەڵتەرەكان، هاوكات نەوجەوانان بەپێی یاسا تاوەكو تەمەنی 18 ساڵی یان خوێندن تەواو دەكەن بۆیان هەیە لای ئێمە بمێننەوە، لەبەر ئەوە پێویستە حكومەت بۆ ئەو نەوجەوانانەی تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو دەكەن بۆ هەردوو رەگەز پلانێكی درێژخایەنی هەبێت، لانی كەم شوێنی نیشتەجێ بوونیان بۆ دابین بكات، هەروەها لە ئیشێكدا دایان بمەزرێنێت، چونكە كە بوونە خاوەن كارێك ئەوكات دەتوانن شوێنی نیشتەجێ بوون بۆخۆیان دابین بكەن، بەداخەوە تاوەكو ئێستا تەنیا لە رێگەی خێرخوازان خەمی لێ خواراوە، ئەویش بە سیستەم و پڕۆگرام نییە، لە كاتێكدا ئێمە بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیمان هەیە، پێویستە كۆمپانیاكان ناچار بكات كە ئەولەویەتی دامەزراندن بدەن بەو گەنجانەی لە خانەی بێشسەرپەرشتان دەردەچن».

Top