ئەتالیا ئۆمێر تایبەتمەندی بواری ناسیۆنالیزم بۆ گوڵان: نایەكسانی لە سەر ئاستی جیهان بووەتە هۆی هاتنەئارای ناسیۆنالیزمێكی ڕاستڕەوی نالیبڕاڵی

ئەتالیا ئۆمێر  تایبەتمەندی بواری ناسیۆنالیزم بۆ گوڵان:  نایەكسانی لە سەر ئاستی جیهان بووەتە هۆی هاتنەئارای ناسیۆنالیزمێكی ڕاستڕەوی نالیبڕاڵی

 

 

ئەتالیا ئۆمێر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئایین، ناكۆكی و ئاشتییە لە ئەنستیتوتی كرۆك بۆ دیراساتی ئاشتیی نێودەوڵەتی لە سكووڵی كیۆف بۆ كاروبارە جیهانییەكان لە زانكۆی نۆتردام، لە زانكۆی هارڤارد بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئایین و سیاسەت بەدەستهێناوە، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، لە نێویاندا (ئایین، توندوتیژی و بنیاتنانی ئاشتی، هەروەها تیۆر و میتۆدەكانی دیراساتی ئایینی). بە شێوەیەكی دیاریكراو شارەزا و تایبەتمەندە لە بوارەكانی ئایین، ناسیۆنالیزم، بنیاتنانی ئاشتی، وەرچەرخانی تەنگژە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە پرسی ناسیۆنالیزم و هۆكارەكانی هەڵكشانی لە ماوەی ڕابردوودا لە سەر ئاستی جیهان و، چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* چۆن پێناسەی ناسیۆنالیزم دەكەیت، و ئایا خەسڵەتە بنەڕەتییەكانی چین؟

- ناسیۆنالیزم دیاردەیەكی مۆدێرنە و لە ڕووی بنەڕەت و تەشەنەكردنیەوە پەیوەندییەكی پتەوی بە بەرفراوانبوونی هێزە كۆڵۆنیاڵییە مەسیحییە ڕۆژئاواییەكانەوە هەیە لە سەدەی 15، من وا تێگەیشتووم كە ناسیۆنالیزم بریتییە لە چیرۆكێك كە شەرعییەتێكی سیاسی دەستەبەر دەكات و، جەخت لەسەر كۆنترۆڵكردنی ژێرخانی دەوڵەت دەكاتەوە و، دواتر كار لەسەر بە كۆمەڵایەتیكردن و خۆبەرهەمهێنانەوە دەكات، لە ڕێی چەندین میكانیزمی جیاوازەوە.

* ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە لەسەر ئاستی جیهان ناسیۆنالیزم لە هەڵكشاندایە، ئایا پاڵنەرە بنەڕەتییەكانی ئەم هەڵكشانە چین؟

- من پێم وانییە مەسەلەكە ئەوە بێت كە ناسیۆنالیزم لە ناو چووبێت، بەڵكو ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، بریتیە لە دەركەوتنەوەی فۆرمە نالیبراڵی و دوورەپەرێزكارەكان (هەرچەندە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت، كە سەرجەم فۆرمەكانی ناسیۆنالیزم لە ڕووی هاووڵاتیبونەوە ڕاددەیەكی دیاریكراوی لەخۆگرتن و دوورەپەرێزكردن لەخۆدەگرن، لە نێویاندا سنوورە زمانەوانییەكان) ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان بۆتە هۆی دەركەوتنی فۆرمێكی ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەوی دوورەپەرێزكاری، بریتییە لەو نایەكسانییە قووڵەی لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی سیاسەتە نیولیبڕاڵییەكانەوە هاتووەتەدی، شەپۆلی ئاوارە و پەنابەران، و گەشەكردنی كۆمەڵگە نامەسیحییەكان لە ئەوروپا و ئەمریكا، هەروەها بوونی ئامرازەكانی وەك سۆشیال میدیا و زانیاریی چەواشەكارانە، بڵاوبوونەوەی ئاسانی تێ ورەكانی پیلانگێڕی.

* هەندێ لە توێژەران ناسیۆنالیزم گرێ دەدەنەوە بە پۆپۆلیزم، یان ئەوەی پێی دەڵێن ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتخوازی، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە لە كاتێكدا مەرج نییە ناسیۆنالیزم پۆپۆلیزم دەسەڵاتخوازی، یان شۆڤینییەت لەخۆ بگرێت، بەڵام ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەدی دەكەین، بریتیە لە فۆڕمێكی ناسیۆنالیزمی دژ بە دیموكراتی، فاشیستی و شۆڤێنی و تاكڕەوی كە چەند چەمكێكی خەیاڵكردی داڕشتووە، وەك «سەردەمی زێڕین»، ئەویش لە پێناو پاساوهێنانەوە بۆ ڕەوتە ڕەگەزپەرستییەكان و پراكتیزە داخراوەكان و (چیرۆكەكانی پەیوەست بەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ڕۆژگارە كۆنە باشەكان بووەتەوە)، بۆ نموونە، وەك دروشمی «ئەمریكا مەزن بوو». ئەمەش هاوشانە بە گومانێك بەوەی دامەزراوەكان هەڵگری مەیلێكی خۆوێرانكارن. دەتوانین سەرنجی ئەم ڕەوتانە بدەین لە چەندین شوێنی جیاوازدا، كە دەبینین ناسیۆنالیستە ئیتنییە-ئایینییەكان زمان و دەستەواژەی یەكتر بەكار دەهێنن بۆ دەستنیشانكردن و بە ئامانجگرتنی دوژمنەكان لە ناوەوە و دەرەوە، بە دڵنیاییەوە هەر لە سەرەتاوە بە ئامانجگرتنی لایەنی دیكەی ناوخۆیی بەشێكی دانەبڕاو بووە لە ناسیۆنالیزمی مۆدێرن، بۆ نموونە، دادگاكانی پشكنین لە ئیسپانیا، ئامرازێك بوون بۆ بنیاتنانی نەتەوە.

* ئایا پێت وایە ڕەوتی جیهانیبوون گەیشتووەتە دوا وێستگەی خۆی، یان پێچەوانە بووەتەوە و گەڕانەوە بۆ ناسیۆنالیزم بووەتە پەرەسەندنێكی حەتمی، لە ئەنجامی ناڕازیبوون، یان نائومێدی لە جیهانیبووندا؟

- من پێم وایە بە جیهانیبوون لە ئارادا ماوە، بەڵام لە ڕێی سیستم و لۆژیكی نیولیبڕاڵیزمەوە درێژ بە خۆی دەدات، هەروەها چەندین ڕەوتی جیهانی هەن كە پەیوەستن بە دادگەریی كۆمەڵایەتییەوە، كە خاڵ دەخەنە سەر پیتەكان و شێوازە جیهانییەكانی باڵادەستی و ئیستیغلالكردن و، دەسەڵات ئاشكرا دەكەن.

* ئەوانەی گوزارشتیان لە نیگەرانیی خۆیان كردووە لە بارەی سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزم، ئاماژە بەو ڕاستییە دەكەن كە لە ڕووی مێژووییەوە ناسیۆنالیزم كاولكاری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمەش سەری كێشاوە بۆ شەڕی وێرانكار و چەوساندنەوەی كەمینەكان و لەناوبردنی دیموكراسی، ئایا پێت وایە ئەمانە بانگەشەی ڕاست و دروستن، یان زیادەڕەوی لەخۆ دەگرن؟

- ئەمانە بانگەشەی گەورەن، بەڵام ئیشكالییەتیش لەخۆ دەگرن، چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی یەك شت نییە و هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە، مایەی قووڵكردنەوەی مافەكانی مرۆڤ بن، من هەمیشە دەگەڕێمەوە بۆ قسەكانی هانا ئارێنت، گەورە فەیلەسوفی جوولەكەی ئەڵمانی كە لە میانەی جەنگی دووەمی جیهاندا، پەنابەرێكی بێ ڕەگەزنامە بوو، ئاماژە بەوە دەكات، بابەتێك هەیە پەیوەستە بە مافی هەبوونی مافەكانەوە، كە لە ڕۆژگاری هاوچەرخدا لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا بەدی دێت، پێم وایە دەكرێت گفتوگۆ لە بارەی ماناكانی هاووڵاتیبوون و ئینتیماوە بكەین، كە مەرج نییە داخراو و توندوتیژ بن و، ئەو خەڵكانەی بە هۆی گوتاری ناسیۆنالیستییەوە دوچاری پەراوێزخستن بوونەوە، دەبێت چارەسەری ئەو ناڕەوایەتییانەیان بۆ بكرێت، كە لە ڕووی مێژووییەوە دووچاری بوونەتەوە.

* هەندێك لە توێژەران باس لە ناسیۆنالیزمی داخراو دەكەن، پێناسەی ئێوە بۆ ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە چییە و، ئایا پێت وایە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی كە هەندێ لە دەوڵەتان سیاسەتێكی دەرەكیی گۆشەگیر بگرنەبەر؟

- من گریمانەی ئەوە دەكەم كە ئێوە مەبەستتان لە پێكەوەژیانی گوتارێكی ناسیۆنالیستیی داخراوە لەلایەك و، سیاسەتی نیولیبڕاڵی- كە سوود بە نوخبەیەكی ئابووری دەگەیەنێت- لەلایەكی دیكەوە، ئەمە ئەو دۆخەیە كە لە پەیوەندی بە تەوژمێك كە پێی دەڵێن كەسێكی بەهێز لە ئێستادا ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە، كە ئاماژە بە نارێندرا مۆدی و دۆناڵد ترەمپ دەكرا لەم ڕووەوە، لەگەڵ سوودوەرگرتنیان لە سیاسەتە نیولیبڕاڵییە جیهانییەكان، زۆرێك لەو كەسانەی دەنگیان پێدان، لەسەر بنەمای گوتارێكی ڕەگەزپەرستی بوو، بۆ بە ئامانجگرتنی «ئەوانی دیكەی» نێو كۆمەڵگە (بە تایبەتی موسڵمانەكان) كە بەهۆی  سیستمی ئابووریی جیهانگەراییەوە لە پێگەیەكی تەواو لاوازدان.

* ئێوە هاونووسەری كتێبی «ناسیۆنالیزمی ئایینی»ن، دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین، ئێوە چۆن پێناسەی ئەم چەمكە دەكەن و چۆن لە كارلێكی نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم دەڕوانن؟ ئایا یەكتری بەهێز دەكەن، یان دژ بە یەكترن؟

- بەڵێ، ئەم دووانە گرێدراون لەگەڵ یەكدا، هەروەك لەو نموونەیەی سەرەوەدا لە بارەی دروستبوونی ناسیۆنالیزمەوە ئاماژەم پێ كرد، بەهۆی دادگاكانی پشكنینەوە، كە سرووشتێكی ئایینی هەبوو، دواتر سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم وەك پرۆژەیەكی سیاسیی ڕۆژگاری مۆدێرنیتە، هاوشان بوو بەوەی ئایین پێگە سەنتراڵییەكەی لەدەست دا، بۆ داڕشتنی سەرجەم لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئەوروپا، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا چەمكی «عەلمانی» خاڵی نییە لە ئایین، بەڵكو بە شێوەیەكی ئینتیقائی بووەتە پێكهێنەری.

* ئەوە ڕوونە كە پرسی ئایین بە قووڵی ڕۆچووەتە نێو كێشە و ناكۆكیی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلەوە، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و، ئایا پێتان وانییە ئەمە فاكتەرێك بووبێت بۆ زیاتر ئاڵۆزكردن و قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكە؟

- ئەگەر وەڵامێكی كورتی ئەم پرسیارە بدەینەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین: بەڵێ، چونكە ئەوەی ئاشكرایە و ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە تەنانەت ڕاڤەكردن و لێكدانەوەی عەلمانی بۆ ناسیۆنالیزمی ئیسرائیلی، بەندە بە گەڕانەوە بۆ نێو دەقەكانی تەورات و ڕاڤەكردنی ئینتیقائییانەی مێژووی جوو، بە تێپەڕبوونی ساڵ و بە جێگیربوونی داگیركارییەكە ئەوا مشتومڕەكان بۆ پاساوهێنانەوە و شەرعییەتدان بە توندوتیژی، بەردەوام دژ بە فەلەستینییەكان زیاتر و زیاتر بەرگ و لێكدانەوەیەكی یەهودیی بە بەردا كرا، لە ئێستاشدا ڕێكخراوە بە ناوبانگەكانی مافەكانی مرۆڤ لەسەر بنەمای باڵادەستی جوولەكە بارودۆخەكە بە «ئەپارتهاید» وەسف دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە هەموو شتێك لە ڕوانگەیەكی تێڕوانینە یەهودییەكەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە كە هەموو شتێك لە ژێر سایەی سیستمێكدا ئەنجام دەدرێت، كە فەزڵی جوولەكە دەدات بەسەر كەسانی ناجوولەكەدا (دووبارە ئەمە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان یەهودییەت و ئیتنییەت و سیاسەت و نەریتە ئایینییەكان دەخاتەڕوو)، هەروەها ڕەهەندێكی دیكەی زەقی ئایینی هەیە، كە كاریگەریی هەبووە لەسەر ڕەوتی پەرەسەندنەكان، ئەمەش ڕۆڵی زایۆنیزمی مەسیحی لەخۆ دەگرێت، لەم كەیسەدا، ئایین پەیوەندییەكی تەواوی هەیە بە شرۆڤەكردنی ڕەهەند و پەرەسەندنە سیاسییەكانەوە، هاوشان بە واقیعی كۆڵۆنیاڵی، داگیركاری و چۆنیەتی تێكەڵبوونی دەسەڵات بەم پرۆسانە، بە درێژایی چەندین دەیە، هەروەها پرسی دژە سامیبوونیش لە ئارادایە، كە بەهۆی ئەو جینۆسایدەوە دروست بوو، كە ڕووبەڕووی جوولەكە بووەوە لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهانیدا، كە بووە هۆی چەسپاندن و جێگیركردنی پرۆژەی سیاسی ئیسرائیل لەسەر حیسابی فەلەستینییەكان، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ناتوانین بە بێ شرۆڤەكردنی ئەوەی كە چۆن ڕەگ و ریشەی هەیە لە نێو توندوتیژیی مەسیحییەتی تەقلیدی لە دژی جوولەكە، لە دژە سامیبوونی هاوچەرخ تێبگەین.

* بۆچوونت چییە لەبارەی چەمكی ناسیۆنالیزمی مەسیحی بەتایبەتی لە ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا، كە هەندێ لە توێژەران پێیان وایە ئەمە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە بیروباوەڕی مەسیحی و لاوازكردنی دیموكراسییەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؟

-لە ڕاستیدا زۆرێك لەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێ كردن، لە پەیوەندی بە پۆپۆلیزمی ڕاستڕەوەوە، بەسەر ئەم چەمكەشدا جێبەجێ دەبێت، دامەزراوە دیموكراتییەكان دووچاری داخوڕان بوونەتەوە و پانتاییە دیموكراتییەكانیش بەرتەسك دەبنەوە .

 

Top