محەمەد عوسمان: داهاتی پەرتووكەكەم بە تووشبووانی تالاسیما دەبەخشم

محەمەد عوسمان:  داهاتی پەرتووكەكەم  بە تووشبووانی تالاسیما دەبەخشم

 

محەمەد عوسمان كەریم، ناسراو بە (محەمەد كوردە) وێرای ناجێگیری باری تەندروستی بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی تالاسیمیا، گەنجێكی ورە بەرزە و بە گەشبینیەوە دەروانێتە ژیان، وەك خۆی باسی دەكات بەهۆی ئەو ژینگە و ئەو بارودۆخەی بەسەریدا هاتووە، توانیویەتی ببێتە خاوەنی كۆمەڵێك شیعر، لە دیمانەیەكیشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی ژیانی تایبەتیی خۆی و سەركەوتنەكانی دەكات.

 

گوڵان : كۆمەڵایەتی

 

محەمەد كوردە ساڵی 1995 لە گەڕەكی كوردستانی هەولێر لەدایك بووە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، بەهۆی ناجێگربوونی رەوشی تەندروستی تووشی گرفتی گەورە بووە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «تەمەنم زۆر كەم بوو، دایك و باوكم سەردانی چەند دكتۆریان پێ كردم، تەنانەت یەكێك لە دكتۆرەكان بە دایك و باوكمی گوت پارەی سەرف مەكەن لەم منداڵە، چونكە دەمرێت، بۆیە ماڵەوەمان بێ هیوا دەبن و، روو دەكەنە شاری مووسڵ و لەوێ دوای چەند پشكنینی تەندروستی، بۆیان بە دەردەكەوێت كەوا من تووشبووی تالاسیمام، ئەوكاتە تەمەنم ساڵێك بوو، ئیتر لەگەڵ ژینگەی نەخۆشخانە بووم بە هاوڕێ، تاكو تەمەنی شه‌ش ساڵی زیاتر تەمەنێكی منداڵی بوو، بۆیە بیركردنەوە لە نەخۆشییەكە بوونی نەبوو، ئەو هۆكارە دەروونییانەش كاریگەرییان لەسەرم دروست نەكرد، بەڵام دوای ئەوەی تێكەڵاو دەبم لە ژینگەی قوتابخانە و خەڵك، ئیتر لە قوتابخانە و دەرەوە پرسیارە بێ وەڵامەكان زیاتر دەبوون لەبارەی منەوە، پرسیاری بە ئازار بوون و بەشێكی پرسیارەكانیش لە سەر ئەوە بوو، بۆچی رەنگت زەردە، یان دەیانگوت: تۆ لە 18 ساڵی دەمری، منیش بێ وەڵامدانەوە و بە كۆڵێك خەمەوە سەرم دادەنواند، بەڵام كەسێك پرسیاری نەدەكرد، بۆچی زیرەكی لە پۆلەكە و لە یەكەمەكانی، پرسیارەكان پەیوەندییان بە ئەوانەوە نەبوو، بەمشێوە بەردەوام بووم تا پۆلی نۆیەم بنەڕەتی، لە تەمەنی 15 ساڵی ئیتر ژیانێكی تایبەتم دەست پێ كرد و دڵنیا بووم لەوەی گەشبینی لە بیركردنەوەكانم دەمگەیێنێتە سەركەوتنەكانم. دووكانم دانا و لە دووكانەكەم بەردەوام كارم دەكرد و تاوەكو ئێستاش بەردەوامم».

ئەو گەنجە لە درێژەی وتەكانیدا دەڵێت: «بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە بێ وەڵامەكان، چووم بۆ بە دوای گەڕانی وەڵامەكاندا لە رێگەی خوێندنەوەی پەرتووك و خۆڕۆشەنبیركردن لە جومگەكانی ژیان، لە خوێندن بەردەوام بووم تاكوو قوناخی 12ی بنەڕەتی و توانیم نمرەیەك بەدەست بهێنم، كە لە كۆلێژی پەروەردەی مەخموور بەشی كوردی وەربگیرێم، ئیتر بەهۆی زیاتر تێكەڵاوبوون لەگەڵ كتێب و ژینگەی ئەدەبی بەشی كوردی، هەندێ كات دەقی بچووكم دەنووسی و وامدەمزانی دەقن، نازانم سەر بە چ ژانەرێكی ئەدەبی بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی جگە لە خوێندن كاری دووكانیشم دەكرد، بۆیە نەمتوانی لە كۆلێژی پەروەردەی مەخموور بەردەوام بم و، خۆم گواستەوە بۆ كۆلێژی پەروەردەی هەولێر لە بەشی كوردی، ماوەی سێ ساڵیشە كۆلێژم تەواو كردووە و دانەمەزراوم، بەڵام لە دوای دەرچوونم راستەوخۆ وەكو مامۆستای وانەبێژ دەست بە كار بووم، لە رۆژانی زانكۆ بە قووڵایی چووم بۆ نێو دەقە ئەدەبییەكان و هەوڵم دا، دەقەكان بڵاو بكەمەوە لە ئەكاونتی خۆم، ئەمە بوێرییەكی باش بوو كە هەوڵم بۆی دا، دواتر لە دوای تەواو بوونی كۆلێژ نەمتوانی رێگری بكەم لە ئیلهامە شیعرییەكان و خستمە سەر لاپەڕەكان،

ئەمەش بەهۆی ئەو ژینگە و بارودۆخانەی بەسەر مندا هات، توانیم ببمە خاوەنی كۆمەڵێك شیعر، دوای سێ ساڵ لە نووسینی شیعر بە هاوكاریی هەندێ كەس توانیم پەرتووكەكەم بە چاپ بگەیەنم و بیكەم بە پڕۆژەیەكی خێرخوازیی مرۆڤایەتی، كە داهاتی پەرتووكەكەم بە تووشبووانی تالاسیما ببەخشم و، تۆزێك لە ئازارە جەستەیی و رۆحییەكان چارە بكەم.»

محەمەد كوردە ئەوەش دووپاتیدەكاتەوە كە: «خێزانەكەم تا كۆتا خاڵەكانی گشت سەركەوتنەكانم هاندەرێكی باش و پڕ لە وزە بوون بۆ سەركەوتنی من .» لە بارەی نەخۆشییەكەشی دەڵێت: «دایك و باوكم هەڵگری نەخۆشییەكەن، بەڵام من و دوو خوشكم تووشبووی نەخۆشییەكە بووین، خوشكێكیشم بە منداڵی كۆچی دوایی كرد.» سەبارەت بە كار و ئامانجی داهاتووشی گوتی: «بە راستی دەمەوێ ئەم پڕۆژەیە بە سەركەوتوویی تەواو بێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنم، نەك تەنیا من، بەڵكوو بەشێكی زۆر لە تووشبووانی تالاسیما لە بوارە جیاجیاكان خاوەن بەهرەی جوانن بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین، هاوكارییان بكەین، بۆ ئەوەی لەو بارە دەرونییە نائارامە رزگاریان بكەن.»

وەك خۆی باسی كرد، داواكاریی ئەو لە هاووڵاتیان ئەوەیە كەوا «هاوكار بن لە یارمەتیدانی ئەم توێژە، نەك ورووژاندن و قسەی ناشرین بەرامبەر بە تووشبووان بكەن.» گوتیشی: «داواكارم هەموو لایەنە حكوومی و حزبیەكان بە هەموو شێوەك هەوڵ بدەن بۆ دابینكردنی چارەسەر و هاوكاریكردنی ئەم پڕۆژەیە، داواكاریی تایبەتیشم بۆ مامۆستایانی ئایینی ئەوەیە كەوا بە هیچ شێوەیەك دوو تووشبوی تالاسیما لە یەكدی مارە نەكەن، چونكە نامانەوێت توشبووی زیاتر دروست بكرێت، هیواداریشم پاڵپشتیمان بكەن بۆ ئەوەی بتوانین لە شوێنە گشتیەكان و خوێندنگە و گشت دام و دەزگاكان سیمینار بكەین لە پێناو راگرتنی تووشبووی نوێ.

 

Top