ئەزموون" لە به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" وه‌رگیر

ئەزموون

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" لە به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی ٥٥مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" له وڵاتی کۆماری چیک وه‌رگیرا.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چواره‌مین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر و بەرهەمی کومپانیای "میتوس فیلم"ی بەڕلین و کومپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی؛ له به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی Crystal Globe له ٥٥مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" Karlovy Vary له وڵاتی کۆماری چیک وه‌رگیرا و ئه‌م فیلمه کوردییه به ئاماده‌بوونی هه‌ندێک له ستافه‌که‌ی له یه‌که‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له‌م فێستیڤاڵه گرینگه‌ پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان نمایش ده‌کرێت و بۆ به‌ده‌ستهێنای "گۆی بلۆری" له‌گه‌ڵ ١١ فیلم له وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ڕکابه‌ریی ده‌کات.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" گرینگترین ڕووداوی سینه‌مایی‌ ئەورووپای ناوەندیی و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپایە و یەکێکە لە گرینگترین فێستیڤاڵەکانی سینەمای دنیا کە په‌نجاوپێنجه‌مین خولی به نمایشی به‌رهه‌می وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له دوو به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی Crystal Globe و به‌شی پێشبڕکێی "ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات" East of the West و هه‌روه‌ها له دوو به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی، له‌وانه: به‌شی "نمایشه تایبه‌ته‌کان" Special Screenings و به‌شی "ڕێزلێنان له ڕێکخراو‌ه‌ی فیلم" The Film Foundation Tribute له ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٨ی ئۆگۆستی ٢٠٢١ له شاری کاڕلۆڤی ڤاری له وڵاتی کۆماری چیک به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

Top