ئایا وەرزی هاوین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سنووردار دەكات

ئایا وەرزی هاوین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سنووردار دەكات

وا پێشبینی دەكرا كە رەنگە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وەرزی هاویندا لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و رێژەی شێ، دوچاری كزبوون بێت و رێژەی بڵاوبوونەوەی كەم ببێتەوە، بەڵام ئەوەی بینرا، ئەوەیە كە لەگەڵ هاتنی وەزری هاویندا پەتاكە هێشتا كۆتایی نەهاتووە و، ڤایرۆسی كۆرۆنا وەكو خۆی ماوەتەوە، جەخت لەوەش كراوەتەوە كە هاتنی وەرزی گەرما بەس نییە بۆ رێگرتن، یان كەم بڵاوبوونەوەی كۆڤید19. لە زۆربەی لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی هەوا، بە تەنیا كاریگەرییەكی كەمی هەیە و نابێتە ئەگەری زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵكو چڕی و گردبوونەوەی دانیشتوان و قەرەباڵغی هۆكاری بەهێزترن. ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وەرزەكانی پاییز و زستاندا لەبەر چەند هۆكارێك زیاتر بڵاودەبێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ پابەند نەبوون بە هەنگاوە دروستەكانی خۆپاراستن، لەبەر ئەوەی كە مرۆڤ هەڵگری سەرەكیی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، هەڵسەنگاندنی چەندێتی كاریگەرییی پلەی گەرمی و رێژەی شێداری و تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەسەر ڤایرۆسەكە كارێكی قورسە. لە لێكۆڵینەوەی دیكەدا هاتووە كە هەندێك لە جۆرە نوێیە گۆڕاوەكانی New variants ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ژینگە و كەش و وەرزی جیاوازدا توانای گەشەكردن و ژیانیان هەیە، هێشتا زانیاریی دروست لەبەردەستدا نییە، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەش و وەرزی جیاوازدا چۆن رەفتار دەكات.

 

Top