بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی مستەفا قەرەسوو دەداتەوە..

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی مستەفا قەرەسوو دەداتەوە..



(بۆ جووڵەپێكرنی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان،
حكوومەتی هەرێم مۆڵەت لە كەس وەرناگرێت)

سایتی (ڕۆژنیوز)ی پەكەكە چەند لێدوانێكی مستەفا قەرەسوو، بەناوی ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی پەكەكەی بڵاوكردووەتەوە. قسەكانی ناوبراو، هاوشێوەی قسەكانی هەفتەیەك لەمەوبەری كاڵكانی هاوڕێی، پڕاوپڕن لە چەواشەكاریی و هەڵگێڕانەوەی ڕاستییەكان و هەوڵی فریودانی ڕای گشتی و لەخشتەبردنی گەلی كورد و كوردستانیان.
قەرەسوو، دیسان وەك عادەتی هەمیشەیی سەرانی پەكەكە، دەیەوێت هەڵاتنی پەكەكە بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان و شەڕفرۆشتنەكانیان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و یاساشكێنیەكانیان، بە ناكۆكیی نێوخۆیی و شەڕی خۆیان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناوبێنێت!.. ئەمەش چەواشەكاریی و هەڵگێڕانەوەی هەڵكەوتەكانە، دەرككردنی مەرامەكانی سەرانی پەكەكەش لەم چەواشەكارییە، زیرەكییەكی ئەوتۆی ناوێت. وەك چۆن مەرامی قەرەسوو لە چەندبارەكردنەوەی ناوهێنانی گەلی كورد و كوردستان كە ساڵانێكی زۆرە لەبیریان كردبوو و ئەسڵەن بە تانە و تۆمەتیان ناودەبردن، لای هەمووان ڕوون ئاشكرایە.
قەرەسوو، ئیدیعا دەكات گوایە (گەریلا دەزانن لە پێناوی چیدا شەڕ دەكەن)! ئەمە، یەكێكە لە دیارترین چەواشەكارییەكانی سەرانی پەكەكە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چونكە سەرانی پەكەكە ساڵانێكی زۆرە، گەنجانی كورد بەنێوی مافی كورد و كوردستانەوە لەخشتەدەبەن، كەچی لە پێناو مەرامگەلێكی ئایدیۆلۆجی عەنتیكەدا شەڕیان پێدەكەن و بەكوشتیان دەدەن. ئەوان، سەدان جاران، بگرە ڕۆژانە بەڕووی دنیای دەرەوەدا دووپاتی دەكەنەوە، تەنیا هەوڵ بۆ دیموكراتیزەكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن و باوەڕیان بە مافی نەتەوەیی و خاكێك نیە بەناوی كوردستانەوە، كەچی کاتێک کە دەكەونە بەردەم چەكدار و كەسوكارەكانیان، ئەوجا بەزمانی كوردی ئیدیعای نەتەوەییبوون و خەباتی نەتەوەیی دەكەن.
لە قسەكانیدا، قەرەسوو، زۆر باسی داگیركاریی دەكات، لەوێدا ناوبراو هەوڵ دەدات سێ حەقیقەتی سەر ئەرز لەبیر خۆی و خەڵك بباتەوە. ئەوە هەرێمی كوردستانە بە ئاشكرا دژی هەر داگیركارییەكە و بۆچوونی فەرمی خۆی بە دەنگی بەرز و بێ چەندوچوون بە هەمووان ڕاگەیاندووە، ئەمەش مافێكی ڕەوایە. دووەم، ئەوە پەكەكەیە لەو شوێنانەی بۆیان هەڵدێت، لەگەڵ ئەوەی هیچ مافێكی لەو شوێنانە نیە مافی پەنابەریی نەبێت، كەچی وەك داگیركار هەڵسوكەوت لەگەڵ خاك و خەڵكەكەیان دەكات. سێیەمیش، سەرانی پەكەكە و هەموو دنیاش دەزانن، بوونی پەكەكەیە بووەتە پەردەیەکی ناشرین بۆ داگیركارییەكی ناڕەوا. مەعلوومیشە، تاكە ڕێگەچارە بۆ لادانی ئەو پەردەیە لەسەر ئەو ناڕەوایەتییە، نەمانی پەكەكەیە لەو شوێنانە و كۆتایهێنانە بە گێچەڵ و شەڕفرۆشتنەكانی بە خەڵكی كوردستان.
قەرەسوو، چەند جارێك باسی ویژدان و ئەخلاق دەكات، بێ ئەوەی بزانێت، یەكەمین بنەمای ویژدان و ئەخلاقی هەر گرووپێكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی، ڕاستگۆییە. ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵكی خۆی و خەڵكانی دیكەش. سەرانی پەكەكە كە دەیان ساڵە بەناوی كوردایەتی و خەباتی نەتەوەییەوە گەنجانی كورد لەپێناو ئامانجگەلێكی ئایدیۆلۆجی بەسەرچوو كە دوورونێزیك پەیوەندیی بە نەتەوەی كورد و مافە نەتەوەییەكان و ئازادی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانەوە نییە بە كوشت دەدەن، بە هیچ كلۆجێك مافی ئەوەیان نییە قسە لەبارەی ویژدان و ئەخلاقی سیاسی بكەن.

لە كۆتاییدا، قەرەسوو و سەرانی پەكەكە دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جووڵەپێكردن و جێگۆڕكێی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەمنییەكان، مۆڵەت لە هیچ كەس و لایەنێك وەرناگرێت، ئەوە سەرانی پەكەكە و چەكدارەكانیانن كە پێویستە ڕێزی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بگرن. ئەوە ڕاستییە و وەك ڕۆژ ڕووناک دیارە كە شەڕی ئەوان دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیی و دامەزراوە شەرعییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بوونیان لە مەتین و گارە و بەرواری و باتیفا و شوێنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییان بە (دیموكراتیزەكردنی) ئەم وڵات و ئەو وڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و (برایەتی گەلان)ەوە نییە.
دەبێ سەرانی پەكەكە ئەوەش چاك بزانن، چەواشەكارییەكانیان لە پرسیاریی هەمیشەیی نێودڵی چەكدارەكانیان و كەسوكارەكانیان قوتاریان ناكات: ئێمەتان بۆچی هێنا و لەپێناوی چیدا ئێستا لە مەتین شەڕی پێشمەرگەمان پێدەكەن؟ .

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢١

Top