سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ئوسترالیا کۆبووەوە

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ئوسترالیا کۆبووەوە

ئێوارەى سێشەممە 2021/6/29 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە خاتوو پۆڵا گانلى، باڵیۆزى ئوسترالیا لە عیراق کرد کە دواى دەستبەکاربوونى یەکەمجارە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ ئەوەى لە نزیکەوە دۆخى هەرێمى کوردستان و دید و بۆچوونى سەرکردایەتیى هەرێم لەبارەى پرسەکانەوە بزانێت.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ بردەودانى پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ ئوسترالیا دەربڕى و سوپاسى پشتگیرى و هاریکاریى وڵاتەکەى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆردا کرد.

لاى خۆیەوە خاتوو گانلى جەختى لەوە کردەوە کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە دۆخى عیراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و خوازیارى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکاریى نێوانیانە، هەروەها باسى لە ڕۆڵى پێشمەرگەى لە تێکشاندنى داعشدا کرد و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان بەتایبەتى ئاوارەى مەسیحى و ئێزدی دووپات کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شەڕى تیرۆر و هۆکار و مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش، پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و هەڵمەتى کوتان بە ڤاکسینى دژى پەتاکە، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تاوتوێ کران.

Top