بەشێك لە هەوڵەكانی دەستەی ژینگە بۆ چارەسەركردنی گرفتە ژینگەییەكان

بەشێك لە هەوڵەكانی دەستەی ژینگە بۆ چارەسەركردنی گرفتە ژینگەییەكان

 

زۆرن ئەو گرفتانەی رۆژانە رووبەڕووی پێكهێنەرەكانی ژینگە دەبنەوە و پێویست بە دۆزینەوەی رێگەچارەی كورتخایەن و درێژخایەن دەكەن، ئەمانەی لای خوارەوەش بەشێكن لەو گرفتە ژینگەییانەی كە بەپێی توانا توانیومانە رێگەچارەی خێرا و كارایان بۆ بدۆزینەوە:

گرفتی یەكەم: سووتاندنی بەئەنقەستی دارستان و پاوانەكان، كە لەسەرپێچییەوە خەریكە دەگاتە ئاستی تاوان.

 چارەسەر: هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ژینگە و دارستان، هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی دارستان و پاوان، ناردنی نووسراو بۆ وەزارەتی داد، بۆ دامەزراندنی دادگای ژینگەیی.

گرفتی دوەەم: بەكارهێنانی دەبەی پلاستیكیی ئاوی خواردنەوە.

چارەسەر: فەرمانمان بۆ دەستە و فەرمانگەكانی ژینگە دەركرد، بە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی دەبەی پلاستیكیی ئاو و جگەرەكێشان لە نێو بینای دەستە و فەرمانگەكانی ژینگەدا و، تەنیا بەكارهێنانی ئاوی خاوێنی نێو ساردكەرەوە و پەرداخی لە كارتۆن دروستكراو، بۆ ئاو و چا و قاوە، كە بەئاسانی شی دەبنەوە.

گرفتی سێیەم: پەرش و بڵاوی لە كاری 220 رێكخراوی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان.

چارەسەر: پێكهێنانی بۆردێكی ژینگەیی لەسەر ئاستی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، هەر بۆردێكیش رێكخراوە ژینگەییەكانی سنووری خۆی لەخۆ دەگرێت.

گرفتی چوارەم: غازەكانی كلۆر فلۆر كاربۆن كە زیان بە ژینگە و چینی ئۆزۆن دەگەیەنن.

چارەسەر: داواكردن لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی، كە رێگە نەدەن بە هاوردەكردنی ئەو جۆرە لە ئامێرەكانی بەفرگر و ساردكەرەوە و سپلیت، كە هێشتا غازەكانی كلۆر، فلۆر، كاربۆنیان تێدا بەكار دەهێندرێن.

گرفتی پێنجەم : گۆڕانی كەشوهەوا.

چارەسەر: بەهەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق و نوێنەرانی بەشێك لە وەزارەتەكانی عێراق و لیژنەی نیشتمانیی گۆڕانی كەشوهەواو، نوێنەرانی رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، بە هاوكاریی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان، بەڵگەنامەی بەشدارییە نیشتمانییەكانمان لەبارەی گۆڕانی كەشوهەواوە راگەیاند.

6- گرفتی شەشەم: چۆڵبوونی گوندەكان و مەترسیی بەبیابانبوون.

چارەسەر: ناردنی پێشنیازێك بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان، بەمەبەستی دەرچواندنی بڕیارێك بۆ بایەخدان بە گوندەكان و دیاركردنی رۆژێكیش لە هەرێمدا، بەناوی رۆژی گوند.

7- گرفتی حەوتەم: فڕێدانی كەلوپەل و خۆراكی ماوەبەسەرچوو.

چارەسەر: نووسراومان بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كرد، بۆ ناردنەوەی مەواد و خۆراكی ماوەبەسەرچوو، بۆ ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتووە، بۆ ئەوەی نە لەسەر زەوی خۆمان بسووتێندرێن و، نە بشخرێتە ژێر خاكی خۆمان.

8- گرفتی هەشتەم: خراپی و مەترسییەكانی بەنزین و گازی كوالێتی نزم لە بازاڕدا، لەسەر ژینگە و مرۆڤ.

چارەسەر: نوسراومان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كرد، سەبارەت بە خراپیی و مەترسیی ئەو بەنزین و گازەی لە بازاڕدا هەیە، لەسەر ژینگە و مرۆڤ و، بەشداریش بووین لە كۆبونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، سەبارەت بە كوالێتیی بەنزین.

9- گرفتی نۆیەم: كەمیی كادری ئەندازیاریی ژینگەیی.

چارەسەر: سەردانی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشنیاركردنی كردنەوەی بەشی ئەندازیاریی ژینگەیی لە كۆلێژی ئەندازیاری و، بەرەوپێشبردنی بەشی ژینگە لە كۆلێژی زانست.

10-: گرفتی دەیەم: نەبوونی مەرجەكانی رووبەری سەوز لە پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا.

چارەسەر: سەردانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ باسكردنی پێویستیی دانانی مەرجە ژینگەییەكان لە سەرەتای پڕۆژەكانی وەبەرهێنانداو، وەبەرهێنان لە دابینكردنی سەرچاوەی وزەی خاوێن.

11- گرفتی یازدەیەم: هەبوونی مین وەك پیسكاریی خاك لە هەرێمدا.

چارەسەر: سەردانی بەڕێز سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین و، ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی دەزگا.

12- گرفتی دوازدەیەم: كەمیی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.

چارەسەر: دەستپێكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە، كە دەستەو 14 وەزارەتەكە، هەر دوو مانگ جارێك بەشداریی تێدا دەكەن.

13- گرفتی سێزدەیەم: پێشێلكردنی مافی ئاژەڵان.

چارەسەر: دەستەی ژینگە لە لێژنەیەكی هاوبەشدا سەردانی باخچەی ئاژەڵانی هەولێری كرد و، لەگەڵ بەشی كارگێڕیی باخچەكە كۆبوونەوەو، لە ئەنجامدا لێژنە یاداشتێكی 10 خاڵیی ئامادە كرد و، دەستەی ژینگەش ئاراستەی پارێزگای هەولێری كرد و پێشنیارەكانی لێژنەش ئەمانە بوون:

یەكەم: پێویستە باخچەی ئاژەڵان رەزامەندیی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دی بەدەست بهێنێت.

دووەم: لیستی تۆماری تایبەتی هەبێت لای فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لەبارەی جۆر و ژمارە و رەگەزی باڵندە و ئاژەڵەكان و شوێنی هاوردەكردنیان.

سێیەم: شوێنی تایبەتی هەبێت بۆ جیاكردنەوەی ئەو ئاژەڵانەی كە نەخۆشن و چارەسەر وەردەگرن.

چوارەم: كۆگای تایبەتی هەبێت، بۆ ئەو خۆراكانەی كە رۆژانە دەدرێنە ئاژەڵەكان.

پێنجەم: دابینكردنی سەلامەتیی گشتی بۆ كارمەندان و گەشتیاران، بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان.

شەشەم: زیادكردنی رێژەی سەوزایی.

حەوتەم: گرنگیدان بە خاوێنیی حەوزی ئاو و، خاوێنكردنەوەی بەردەوام.

هەشتەم: هەڵواسینی تابلۆی زانیاری لەبارەی هەموو ئاژەڵەكانەوە.

نۆیەم: دانانی كەلوپەلی خۆماڵی و فۆلكلۆری و كاری دەستی لەو كوشكانەی لە ناو پڕۆژەكەدان.

دەیەم: سەرپەرشتییكردن و چاودێریكردنی ئاژەڵەكان لەلایەن ڤێتێرنەریی هەولێرەوە.

14- گرفتی چواردەیەم: كەمیی هۆشیاریی ژینگەیی.

چارەسەر: سەردانیكردن بۆ لای بەڕێز وەزیری رۆشنبیری و گەیاندنی 14 راسپاردەی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگە بە بەڕێزیان، بۆ زیادكردنی رووبەری هۆشیاریی ژینگەیی و رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری لە پاراستنی ژینگەدا، هەروەها نووسراومان بۆ بۆردی وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف كرد، بۆ ئەوەی لە وتاری هەینیدا باس لە ئادابی سەیران و پاراستنی ژینگە بكەن.

15- گرفتی پازدەیەم: كەمیی پەیوەندی بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.

چارەسەر: پێشوازیكردن لە نوێنەرانی كونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ژاپۆن، بۆ باسكردنی گرفتە ژینگەییەكانی هەرێم.

16- گرفتی شازدەیەم: كەمیی رووبەری سەوزایی.

چارەسەر: هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی رێكخراوە ژینگەییەكان، بۆ بەشداربوون لە هەڵمەتی نەمام چاندن، لە باخچە و پاركەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا.

 17- گرفتی حەڤدەیەم: كێشەی نەبوونی هێلانە بۆ باڵندە كۆچەرییەكان.

چارەسەر: (پڕۆژەی هەناسەیەك لە ئاسمان)مان لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان كردەوە، كە لەلایەن (رێكخراوی داكۆكیكاران لە مافی ئاژەڵ)ـەوە رێكخرابوو، بۆ دانانی 50 هێلانە و شوێنی دان و ئاو بۆ باڵندەكان.

18- گرفتی هەژدەیەم: راوكردن و بەندكردنی باڵندەكان.

چارەسەر: بەردەوام بەشداربوونی نوێنەرانی دەستەی ژینگە و فەرمانگەكانی ژینگە، لەگەڵ بەرێزان پارێزگاران و قایمقامی قەزاكان، لە ئازادكردنی باڵندە كێوی و كۆچەرییەكان.

19- گرفتی نوزدەیەم: نەبوونی فەرمانگەی ژینگە لە پارێزگای هەڵەبجە.

چارەسەر: واژۆی رەزامەندییمان دا، لەسەر پێشنیازی پارێزگاری هەڵەبجە، بە دانانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بەكار دەبن.

20- گرفتی بیستەم: نەبوونی پسپۆڕی لای بەشێك لە رێكخراوە ژینگەییەكان.

چارەسەر: سەردانی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانمان كرد و، پێشنیازی ئەوەمان بۆ كردن، كە لەكاتی تۆماركردنی رێكخراوە ژینگەییەكاندا هەماهەنگییان لەگەڵ دەستەی ژینگە هەبێت، بۆ دیاركردنی پسپۆڕێتیی وردی رێكخراوە ژینگەییەكان.

21- گرفتی بیست و یەكەم: كەمیی رۆڵی ئافرەتان لە بواری ژینگە پارێزیدا.

چارەسەر: سەردانی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانی حكومەتی هەرێممان كرد، بۆ باسی یەكسانیی جۆری كۆمەڵایەتی و، نرخاندنی رۆڵی خانمان لە پاراستنی ژینگەدا.

22- گرفتی بیست و دووەم : مەترسییەكانی پاشماوەی نەخۆشخانەكان.

چارەسەر: سەردانی بەڕێز وەزیری تەندروستییمان كرد، بۆ باسكردی زیاتر دانانی ئۆتۆكلەیڤ و پڕۆژەی سەوزكردنی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان.

23- گرفتی بیست و سێیەم: كەمیی هۆكاری گواستنەوەی گشتیی و تاوەرەكانی گەیاندن.

چارەسەر: سەردانی بەڕێز وەزیری گواستنەوە و گەیاندنمان كرد، بۆ باسكردنی گرنگیی گواستنەوەی گشتی و، پێكهێنانی لێژنەیەك لە نێوان دەستەی ژینگە و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بۆ باسكردنی كاریگەرییەكانی تاوەر و ئەنتێنەكان.

24- گرفتی بیست و چوارەم : نەبوونی یەكەی یەكسانیی جۆری كۆمەڵایەتی.

چارەسەر: بەفەرمانێك بەرپرس و ئەندامانی یەكەی یەكسانیی جۆری كۆمەڵایەتی لە دەستەی ژینگە دیار كران، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی دەستەی ژینگە لە كار و چالاكییەكانی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانماندا بكەن.

25- گرفتی بیست پێنجەم: نەبوونی رووبەری سەوزایی ستاندارد لە هەندێك پڕۆژەكانی پێشوودا.

چارەسەر: داهێنانی میكانیزمی لەبری سەوز، بۆ پابەندكردنی خاوەن پڕۆژەكان، بۆ سەوزكردنی هەمان رێژەی داواكراو و بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی و شارەوانیی لە قوتابخانەكان، نەخۆشخانەكان، پاركە چۆڵەكانی نێو گەڕەكەكان.

 

Top