حاخام دانیال ئیدری تایبەت بۆ گوڵان:   لەماوەی 35ساڵ كاركردنم لە چەندین وڵاتی جیهاندا ئەزموونی سەركەوتووی پێكەوەژیانی وەك هەرێمی كوردستانم نەبینیوە

حاخام دانیال ئیدری تایبەت بۆ گوڵان:     لەماوەی 35ساڵ كاركردنم لە چەندین وڵاتی جیهاندا ئەزموونی سەركەوتووی پێكەوەژیانی وەك هەرێمی كوردستانم نەبینیوە

 

 

دیمانە: مەریوان نەقشبەندی

 

بۆ یەكەمجار لە دوای كۆچی (كۆچپێكردنی) جووەكانی كوردستان و عێراق بۆ دەرەوە، «حاخام»ێكی گەورەی جووەكان بە ناوی (دانیال ئیدری) كە هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكایە و لەچەند وڵاتی دنیا سەرپەرشتیی پرۆسەی رێكخستنەوەی كاروباری ئایینی جووەكانی كردووە، دێتەوە كوردستان و دەیەوێ بە سوودوەرگرتن لە سەقامگیری و ئاشتی و لە چوارچێوەی ماف و یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان و دەستووری عێراق لەپاڵ رێكخستنەوەی كاروباری ئایینی ئەو جووانەی كە لە كوردستان و عێراق ماونەتەوە، پرۆسەی پەرەپێدانی ئاشتی و پێكەوەژیانی ئایینییش لە هەرێمدا پەرە پێ بدات و ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش لە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بەبێ وێنە لەناوچەكەدا وەسف دەكات و، دەخوازێت تا كۆتایی ژیانی لە كوردستان بمێنێتەوە. گۆڤاری گوڵان بە پێویستی زانی ئەم دیمانە و گفتوگۆیەی لەگەڵدا ئەنجام بدات.

 هەوڵدان بۆ بونیادنانی كەلتووری پێكەوە ژیان

سەبارەت بە چۆنیەتی گرتنەبەری بواری ئایینی و دەستپێكردنی قۆناعی خۆتەرخانكردنی بۆ ئایینی جوو، حاخام دانیال گوتی: «لە تەمەنی 16ساڵیمەوە دەستم بە خوێندنی ئایینی جوو لە زانكۆیەكی ئەمریكا كردووە و وەك مەرجێكیش بۆ وەرگرتنی ئەركی حاخامێتی پێویستە زیاتر لە 50 كتێبی تایبەت بە شەریعەت و تەفسیری ئایینەكەمان بخوێنیت و، دوای ئەوەش دەبێ تاقیكردنەوەیەكی زۆر زەحمەت ئەنجام بدەیت، كە لە هەزار پرسیار پێكهاتووە و تێیدا پلەیەكی بەرز بێنیت، بۆیە لە تەمەنی 16ساڵیەوە هەتا 25 ساڵی لەم خوێندنەدا بووم و دوای سەركەوتنم و وەرگرتنی پلەی حاخام ساڵی 1990 بەرەو رووسیا بەڕێكەوتم، بۆ رێكخستنەوەی كاروباری ئایینیی جووەكان لەو وڵاتە، ئەوكات هێشتا كۆمۆنیستەكان لە رووسیا باڵادەست بوون، منیش زمانی رووسیم نەدەزانی، بۆیە بە ئەركێكی قورس دەستم پێ كرد، لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا، بەتایبەتیش كە نزیكەی 70ساڵ بوو، جووەكان لە رووسیا نەیاندەوێرا خۆیان دەربخەن. دوای ماوەیەك توانیم ناوەندێكی ئەكادیمی و ئایینی و كولتووری بكەمەوە لە چوارچێوەی یاساكانی رووسیا و لە ماوەی چوار ساڵدا پەرستگەی جووەكان و قوتابخانە و سەنتەری رۆشنبیریی تایبەت بە كۆمەڵگەی جووەكانمان كردەوە و، توانیمان ژمارەیەكی باش لە خەڵكی ئەو وڵاتە پێگەیەنێم، كە بتوانن كاروباری خۆیان بەرێوە ببەن.دواتر بەرەو شاری كیڤ لە وڵاتی ئۆكرانیا بەڕێكەوتم بۆ هەمان ئامانج كە لە روسیا ئەنجامم دا. دیارە لە ئۆكرانیا دوای هۆلۆكۆست هەموو ناوەندە ئایینییەكانی جووەكان داگیر كرابوون، كاتێ رۆیشتمە ئەوێ داوام لە حكومەت و بەرپرسانی ئەو وڵاتە كرد، ئەو شوێنانەمان بۆ بگەڕێننەوە و ئەوەشیان بۆ كردین و توانیمان لەماوەی چەند ساڵێكدا كە وەك رابین (حاخامی) جووەكانی ئۆكرانیا كارم كرد، نزیكەی 70 پەرستگە و شوێنی تایبەت بە جووەكان وەربگرینەوە و كۆمەڵگەی جوو لەو وڵاتەدا ببووژێنینەوە. ئەو كات رێكخراوی (یو ئیس دی ئەی- USDA)ی ئەمریكی بە فەرمی داوایان لێكردم، وەك گەورە حاخامی ئۆكرانیا دەستبەكاربم و بەڵێنیان پێدام، هاوكاریم بكەن، بۆ پەرەپێدانی پێكەوەژیان و سەرپەرشتی و فێركردن لە ئۆكرانیا و منیش ئەو ئەركەم قبووڵ كرد.لەو كاتەدا ئۆكرانیا لە تەنگژەی ئابووریدا بوو كە خەڵكی ئەو وڵاتە بە زەحمەت بژێویی ژیان و خۆراكیان دەست دەكەوت. بۆیە لە رێگەی ئەو رێكخراوە خێرخوازییە ئەمریكییەوە بە هەزاران تەن خۆراك و پێداویستیم پێگەیشت و منیش لەگەڵ هەموو پارێزگارەكانی وڵاتی ئۆكرانیا كۆبوومەوە و داوام كرد ئەم كۆمەكە مرۆییانە بەسەر هەموو خەڵكی ئەو وڵاتەدا دابەش بكەن، بەبێ رەچاوكردنی ئایینی و رەچەڵەكیان. لەو كاتەدا بەهۆی كاریگەریی كۆمۆنیستەكان لەسەردەمی یەكێتی سۆڤیەت زۆربەی شوێنە ئایینییەكانی جووەكان و كریستیانەكان و موسڵمانەكان داخرابوون و كرابوونە شتی دیكە، بۆیە من داوام لە حكومەتی ئۆكرانیا كرد، هەموو ئەو شوێنانە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنەكانیان و لە بەردەم باوەڕدارانیان بكرێنەوە. خۆشبەختانە حكومەتی ئۆكرانیا ئەمەی قبووڵ كرد و، منیش لە بەرامبەردا گرێبەستێكم لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییە ئەمریكییەكە ئەنجامدا كە بەپێی ئەو گرێبەستە هەر ساڵ 5000 تەن خۆراك و دەرمان و پێداویستی مرۆیی لە ئەمریكاوە بگەیەنمە ئۆكرانیا و بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەم شێوەیە هاوكاریی خەڵك و حكومەتی ئۆكرانیام كرد، لە رێگەی كردنەوەی 52 ناوەندی دابەشكردنی كۆمەك لە سەرتاسەری ئۆكرانیا. بەم شێوەیە بەهۆی ئەم كارە خێرخوازییەوە و ئەم پەیوەندیە باشەمان لەگەڵ حكومەت و خەڵكی ئۆكرانیا نزیكەی 20 پەرستگەی جووەكان (سیناگو) لە سەرتاسەری ئۆكرانیا كرانەوە و 20 حاخام تیایاندا كاری ئایینیی خۆیان دەكرد و، بوە شوێنی عیبادەتی جووەكان، بەهۆی ئەم هاوكارییانەش لەهەموو كۆڕ و كۆنفرانسەكانی گەورە بەرپرسانی ئۆكرانیا سوپاس و ستایشیان دەكردم، بۆ ئەو پرۆسەیەی لەو وڵاتەدا بەڕێوەم برد.ئیتر من ئۆكرانیام بەجێهێشت و بەرەو بیلاڕووسیا بەڕێكەوتم بۆ رێكخستنەوەی كۆمەڵگەی جووەكان لەو وڵاتەش، چونكە هیچ كەس و ناوەندێك نەبوو بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی ئایینی و كولتووریی جووەكان. لەوێش بەهەمان شێوە كاروباری جووەكانم رێكخستەوە و دامەزراند، ئەوكات رۆیشتمە وڵاتی چین كە ژمارەیەك لە بزنێسمانە جووەكان بۆ كاری بازرگانی لەوێ بوون، بەڵام لە بەر ئەوەی خواردنی (كۆشیر) نەبوو، كە خواردنێكی تایبەت بە جووەكانە، هەروەك چۆن موسڵمانەكان هەموو خواردنێك ناخۆن، ئەگەر (حەڵاڵ) نەبێت. ئەو ماوەیەی لە چین بووم هەشت ناوەندی تایبەت بە جووەكانمان دروست كرد، بۆ ئاسانكاریی كاری ئایینی و بزنێسی جووەكان لەو وڵاتە، دوای منیش 10 ناوەندی دی كرانەوە، كە ئێستا لە چین 18 ناوەندی ئایینی و كولتووریی جووەكان هەیە و منیش داوام كرد هەشت رابین (حاخام)ی جوو بڕۆن بۆ چین بۆ سەرپەرشتیكردنی كاری ئەو جووانەی كە لەوێن، یان ئەو بزنێسمان و گەشتیارە جووانەی كە هاتوچۆی چین دەكەن. دوای چین لەسەر داوای جووەكان بەرەو كیشوەری ئەفریقیا و وڵاتی (سیرالیۆن) بەڕێكەوتم. لەو كیشوەرە لەماوەی 10 ساڵدا كە لەوێ مامەوە، توانیم لە 10 دەوڵەتی ئەفریقیا ناوەندی ئایینی و رۆشنبیری و كولتووریی تایبەت بە جووەكان بكەمەوە و بووژاندنەوەی ئابووری و پەیوەندی زۆر باشی كۆمەڵایەتیمان لە نێوان جووەكان و خەڵكی ئەفریقیا دروست كرد.

 كەلتوری پێكەوەژیان لە كوردستان

سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشاوە

لەبارەی بیرۆكە و هۆكاری هاتنی بۆ كوردستان حاخام دانیاڵ گوتی: «ژمارەیەك گەشتیاری جوو لە وڵاتە جیاجیاكانی دنیاوە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام هاتبوونە كوردستان و رەوشی ئاسایش و پێكەوەژیان و دیمەنی جوانی كوردستانیان بە چاوی خۆیان بینیبوو. ئەم گەشتیارە جووانە لە كوردستان لەگەڵ جووەكانی كوردستان یەكتریان بینیبوو، پێیان گوتبوون هەموو ئایینەكان لە كوردستان مەلا و قەشە و مەتران پیاوی ئایینی (موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و بەهائی و زەردەشتی و ئەوانی دی) پیاوی ئایینیی خۆیان هەیە، بەڵام جووەكان كەسیان نییە، بۆیە ئەم گەشتیارە جووانە دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان داوایان كردبوو لە باوكی خێزانی من (خەزووری حاخام دانیال) كە ئەویش حاخامی كوردە جووەكانی دەرەوەی كوردستانە، كە كوردانی جوو لە كوردستان داوای حاخامێك دەكەن و، منیان راسپارد بۆ ئەوەی ئەم ئەركە لەئەستۆ بگرم. بەڵام كاتێك هاتمە كوردستان ئەو كات هەرێمی كوردستان لە سەروبەندی ریفراندۆمی ساڵی 2017 بوو، بۆیە هەستم كرد، كاتەكەی گونجاو نییە بۆ ئەو كارە ئایینییە مرۆییەی كە من دەمەوێ دوور لە سیاسەت پێی هەڵسم و نەبمە هۆی كێشە بۆ كوردستان و عێراق و كۆمەڵگە ناكۆكەكانی ناوچەكە، چونكە من دەمزانی كە حەساسیەت هەیە بەرامبەر جووەكان و رەنگە مەترسی لەسەر ژیانیشم هەبووبێت، كوردە جووەكانی ناو كوردستانیش هەر بۆچوونیان وەها بوو كە لەو بارودۆخەدا بگەڕێمەوە بۆ ئەمریكا باشترە. دوای ئەوەش من ویستم جارێكی دیكە بگەڕێمەوە بۆ كوردستان، بەڵام سنوور و فڕۆكەخانەكانی هەرێم بە رووی دەرەوەدا داخرابوون، بۆیە چاوەڕێم كرد بۆ ماوەیەكی دی، بەڵام دیسانەوە بەداخەوە بەهۆی پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتنم بۆ كوردستان نزیكەی دوو ساڵ دواكەوت.»

 بە نیازم پاشماوەی تەمەنم

لە كوردستان بەسەربەرم

لە بارەی بەرنامە و پلانی لەكوردستان حاخام دانیال دەڵێت: «گەڕانەوەی من بۆ كوردستان بۆ دوو ئامانجە، یەكەمیان كۆكردنەوە و سەرپەرشتیكردنی كاروباری ئایینی ئەو جووانەیە كە لەناوچە جیاجیاكانی هەرێم دەژین و كاتی خۆی كۆچیان نەكردووە بۆ دەرەوە و بەبێدەنگی لێرە ماونەتەوە، دووەمیشیان بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردنی ئەو خەڵكانەی كوردستانە كە پێویستیان بە هاوكارییە. من كە هاتمەوە بۆ كوردستان لە بەشی دووەمەوە دەستم پێكرد، چونكە ئەزموونێكی باشی هاوكاریكردنی گەلانم هەبوو، لەو وڵاتانەی وەك حاخامێكی جوو خزمەتم تێدا كردبوون، بۆیە دەمەوێ هەمان ئەزموون لەكوردستان و ئەگەر بكرێت عێراقیش دووبارە بكەمەوە، بۆیە سەرەتا سەردانی خانەی منداڵە بێ سەرپەرشتەكان و نابینایان و نابیستەكان و بەساڵاچووان و نەخۆشخانەی چارەسەركردنی شێرپەنجە و ئەو شوێنانەم كرد كە پێویستیان بە هاوكاری و دڵنەواییە و دوای گوێگرتن لەخواست و داواكاریەكانیان بڕێك دیاری و هاوكاریم پێشكەش كردن. بە هەموو توانایەكیشمەوە بەردەوام دەبم لەم هاوكارییانە.چونكە لە تەوراتدا هاتووە كە دەبێ هاوكاریی خەڵك بكەین، بەبێ جیاوازی و لە هەر ئایین و نەتەوەیەك بێت. بۆیە لەگەڵ سەرپەرشتیارانی ئەو خانە و نەخۆشخانانە و لەگەڵ خەڵكی تریش لە چین و توێژەكانی كوردستان گفتوگۆم كردووە و گفتوگۆش دەكەم، تا بزانم چۆن باشتر هاوكاریی خەڵكی كوردستان بكەم.»

ئەوەشی خستەڕوو لە بارەی چۆنیەتی كۆكردنەوەی مێژوو و كولتوور و رۆڵی جووەكان لە كوردستان لەبەرنامەیدایە، كتێبێك بە چاپ بگەیەنن و ئەو پێكەوەژیانە جوانەی نێوان جووەكان و پێكهاتە ئایینیەكانی دیكە لە كوردستان بەدیار بخەنەوە و بیخەنەوە بەرچاو و هزری نەوەی نوێی كوردستان. هەر لەو بارەیەوە گوتی: «هیوادارم لە پڕۆگرامەكانی خوێندن و ناوەندە رۆشنبیری و ئەكادیمیەكانی كوردستاندا ئەم وێنە جوانەی پێكەوەژیان و پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكان بخەینەوە بەرچاوی خەڵكی كوردستان و هەموو دنیا.» گوتیشی: «بەشی یەكەمی ئامانجی هاتنم بۆ كوردستان ئەوەیە كە ژمارەیەكی بەرچاو لە خانەوادە جووەكانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم كە وەك ئاماژەم بۆكرد، بە بێدەنگی و دوور لە كێشە لەماڵی خۆیان ماونەتەوە، پەیوەندییان پێوە كردووم تا كاروباری ئایینییان بۆ رێك بخەمەوە و وەك حاخامی كوردستان لەگەڵیان بم و بەو هیوایەم هەتا كۆتایی ژیانم لەكوردستان بمێنمەوە و بۆ هیچ وڵاتێكی دیكە نەڕۆم.دەمەوێ ئەو 70ساڵە ناخۆشەی كە جووەكان ناچاربوون بە بێدەنگی و دوور لە رێوڕەسمە ئایینییەكانیان و بێ پیاوی ئایینی بیگوزەرێنن، ئێستا لە سایەی ئازادیی كوردستان و ستراتیژیەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئازادی ئایینی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، كۆمەڵگەی جووەكان بتوانن لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە و بەشدار بن لە خۆشی و ناخۆشیەكانی كوردستاندا.»

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئاخۆ بەنیاز نییە كولتوور و كەلوپەل و دەستنووس و تەوراتەكانی جووەكان لە كوردستان لە مۆزەخانەیەكدا كۆبكاتەوە؟ حاخام دانیال ئیدری گوتی: «لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو جووانەی كە شارەزایی و زانیاریی راست و دروستیان لەسەر شوێنەوار و كەلوپەلی جووەكان و دەستنووس و تەوراتەكانیان هەیە، لە ژیاندا نەماون، یان كۆچیان كردووە و لەوڵاتە جیاجیاكانی جیهان دەژین، رەنگە زەحمەت بێت بەتەنیا خۆمان بەم كارە هەڵسین، بەڵام كۆبوونەوە لەگەڵ جووەكانی كوردستان دەكەم و ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكار بن بۆ دەستنیشانكردن و نۆژە‌نكردنەوەی شوێنەواری جووەكان، یان كردنەوەی مۆزەخانەیەكی تایبەت بە جووەكان لەژێر سەرپەرشتی حكومەتی هەرێم كە ئامادەبێت بۆ كرانەوە لەبەردەم ئەو گەشتیارانەی لەدەرەوە دێنە كوردستان ئەوە ئێمەش زۆر پێمان خۆش دەبێت. دیارە ئەو ماوەیەی لێرە بووم لەگەڵ نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان دیدارم هەبووە و خۆشحاڵی و هاوكاریی خۆیان بۆ كارەكەم دەربڕیوە.

 لە ئەزموونی 35 ساڵمدا تەنیا كەلتووری پێكەوەژیانی كوردستان سەرسامی كردووم

سەبارەت بە تێبینی و هەستی لەسەر خەڵك و چین و توێژە جیاجیاكانی كوردستان، كاتێك دیداری لەگەڵ كردوون و سەردانی ناچە جیاجیاكانی كوردستانی كردووە، گوتی: «لەماوەی 35 ساڵ ئەزموونم لەكاری حاخامیدا كە لەچەندین وڵاتی دنیا كاری ئایینی و مرۆییم كردووە، هیچ شوێنێكم وەكو كوردستان نەبینیوە كە خەڵكەكەی بەڕێز و بەئومێد بێت و خۆشەویستی بۆ خاك و ئاشتی و پێكەوەژیان هەبێت، شوێنێكم نەدیوە وەك كوردستان هەست بە ئارامی و خۆشەویستی خەڵك بكەم. هەر لە فڕۆكەخانەوە كە داخلی هەرێمی كوردستان بووم، تا ئەمرۆ كە دەمبینن جلی حاخامم لەبەردایە، بە جۆرێك خۆشەویستییان بۆ دەربڕیوم كە بۆم وەسف ناكرێت. خەڵك سەرە دەگرن بۆ وێنەگرتن لەگەڵم لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان، بۆیە سوپاسگوزاریم بۆ خەڵكی كوردستان ئەوەندە زۆرە كە ناتوانم بۆتانی دەربڕم. بەڵێن دەدەم كاتێ بڕۆمەوە بۆ وڵاتی خۆم ئەم پێكەوەژیان و سەقامگیریە كۆمەڵایەتیە ئەم خۆشەویستیەی خەڵكی كوردستان بۆ پیاوێكی ئایینی جوو بۆ هەموو هاوڕێ و هاوپیشە و منداڵەكانم و بۆ میدیاكانیشی باس دەكەم. كوردستان بە هەموو پێوەرێك نموونەی پێكەوەژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتییە.»

سەبارەت بە یاساكانی پەرلەمانی كوردستان و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایانە و سەقامگیری ئایینی و پەرەپێدانی ئاشتی و ئازادی ئەم كەسایەتیە ئایینیە جووە دەڵێت: «لەگەڵ ئەوەی من دەزانم كە هەرێمی كوردستان هێشتا بەشێكە لە عێراق و دەوڵەت نییە، بەڵام ئەوەی لە كوردستان دەیبینم لە گرنگیدان بەلایەنی مرۆیی و مافی پێكهاتەكان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی تەواو جیاوازە لەو وڵاتانەی من سەردانم كردوون، لە پێشكەوتووترین وڵاتی دنیا، دەبینی كەوا لایەنی ماددی باڵی كێشاوە بەسەر هەموو شتێكدا و كەس گرنگی بە رەوشی ئایینی و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگە نادات، بەڵام لە كوردستان هەریەك لە جێگای خۆی لە بواری جیاجیا گرنگی تایبەتی پێ دەدرێت. دەبینین حكومەتی هەرێم مامەڵەیەكی جوان و ئیجابی لەگەڵ هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەكات، هیوادارم ئێمەی جووەكانیش بەپێی هەمان یاساكانی كوردستان لەو ئازادی و پێكەوەژیانە سوودمەند بین و جووەكانی كوردستانیش وەك ئایینەكانی دیكە رابینێكیان هەبێت كە ئیشوكاری ئایینی و مەراسیمەكانی شەبات و مەراسیمە ئایینیەكانی دیكە بۆ جووەكان لەچوارچێوەی یاساكانی كوردستاندا ئەنجام بدەن»

 كوردانی جوو لە عیبادەتكردنیشدا

تایبەتمەندیی كوردانەی خۆیان پاراستووە

سەبارەت بە هیوا و خەونی كوردانی جوو لە دەرەوەی كوردستان و لە ئیسرائیل بۆ خاك و وڵاتی ئەسڵیان چییە و ئاخۆ هێشتا تایبەتمەندییە كوردانەكەیان هەر ماوە و هەوڵیانداوە مێژوو و كولتوور و رۆڵی جووەكان لە كوردستان بۆ نەوەكانیان باس بكەن و بیپارێزن؟ حاخام دانیال ئیدری گوتی: «كوردانی جوو كە رەوەندێكی ئێجگار گەورەن و پێش 70ساڵ كۆچیان كردووە بۆ ئیسرائیل و چەندین وڵاتی دنیا، زۆربەی هەرە زۆریان هێشتا بە كولتوور و جلوبەرگ و تایبەتمەندییە كوردییەكەیانەوە ماونەتەوە و تەنانەت لە شێوازی عیبادەتیان رەنگدانەوەی كوردانەی خۆیان پاراستووە و لە بۆنە نەتەوەییەكانی وەك نەورۆز و جەژنەكاندا بە هەمان شێوەی كوردەكان ئاهەنگ دەگێڕن و چێشت و خواردنی كوردانەیان پاراستووە، «بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم كوردە جووەكان عەشقێكی تایبەتیان بۆ وڵاتی خۆیان هەیە و حەز دەكەن بگەڕێنەوە وڵات و شوێنەوارەكانی خۆیان ببینن.»

 خۆشحاڵم یەكەم دیدارم ..لەگەڵ گۆڤاری گوڵانە

لە كۆتایی ئەم گفتوگۆیەدا حاخام دانیال ئیدری گوتی: «حەز دەكەم ئەوەتان پێ بڵێم كە لەو رۆژەوەی هاتوومەتە كوردستان چەندین كەناڵ و میدیای كوردستانی و بیانی ویستوویانە دیدارم لەگەڵ ساز بكەن و لێدوانیان بۆ بدەم، بەڵام تەنیا بۆ گۆڤاری گوڵان قسەم كردووە و ئەمەش نیشانەی رێز و پێزانینی منە بۆ گۆڤاری گوڵان، من دەزانم گۆڤاری گوڵان گۆڤارێكی بەناوبانگە لە كوردستان و چەندین كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی و رۆشنبیر بابەتی تێدا دەنووسن و بۆچوونەكانیان تێیدا بڵاو دەبێتەوە بۆیە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم. هیوادارم لە رێگەی گۆڤاری گوڵانەوە پەیامی من بگاتە سەرجەم بەرپرسانی حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم و هەموو لایەنەكان كە ئەویش دڵفراوانییانە بۆ قبووڵكردنی سەرپەرشتیكردنم بۆ كاروباری ئایینی جووەكان لە كوردستان وەك حاخامێك كار بكەم دوور لە سیاسەت. من بە چاوی رێزەوە دەڕوانمە ئەو هەوڵانەی حكومەتی هەرێم كە زەمینەی عیبادەتی بۆ هەموو ئایینەكان رەخساندووە و هەموو مزگەوت و كەنیسە و پەرستگەی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەیانپارێزێت، داواكارم هەمان هەلیش بۆ جووەكان بڕەخسێنن، تا بتوانین مەراسیم و نوێژی ئایینی خۆمان لە سیناگۆی خۆمان بكەین. پلانی ئایندەشم ئەوەیە كە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بە هاوكاری حكومەتی هەرێم ئەنجام بدەم، كە كەسایەتییە ئایینیەكانی هەموو جیهان تێیدا بەشدار بن، بۆ ئەوە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە بواری پێكەوەژیان و ئازادیی ئایینی بەهەموو دنیا بناسێنین.

***

* بەسوپاسەوە (د.ڤیان یوسف) هاوكار بووە لە وەرگێڕانی ئەم گفتوگۆیە لە زمانی رووسییەوە بۆ كوردی و بەپێچەوانەشەوە

Top