پاش چاكبوونەوە لە كۆڤید19

پاش چاكبوونەوە لە كۆڤید19

  پاش چاكبوونەوە لە كۆڤید19 ئەگەر ئارەزووی خواردنت باش بێت، ئەوا پێویستە كە خۆراكێكی هاوسەنگ و تەندروست بخۆیت، ژەمەكان لەكاتی خۆیاندا بن، لەگەڵ گرنگیدان بە خواردنی گۆشت، پەلەور، ماسی، هێلكە، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكانی وەك: گوێز و باوی و فستق كازو، شیر، ماست، پەنیر، دانەوێڵەی تەواو Whole cereals، پەتاتە، هەموو جۆرەكانی سەوز ە و میوە، هاوكات لەگەڵ كەمكردنەوەی چەوری و شەكر و خوێدا. ئەگەر ئارەزووی خواردنت كەم بۆتەوە كە یەكێكە لە كاریگەرییەكانی كۆڤید19، ئەوا لەوانەیە كە: لە سەرەتای دەستكردن بە خواردن هەست بە پڕبوونی گەدە و تێربوون بكەیت، هاوكات لەگەڵ بەلاوەنانی ژەمەكان، یان نەخواردنیان، لەوانەشە كەمێك كێشی لەشت دابەزێت، لێرەدا هەر كە كەمێك ئارەزووی خواردنت هەبوو، ئەوا پێویستە دەرفەتەكە بقۆزیتەوە و خۆراكی دەوڵەمەند بە پرۆتین و وزە بخۆیت، بەمەبەستی هاندانی زووچاكبوونەوە و رێگرتن لە ونكردنی كێشی لەش. بەگشتی واباشترە كە سێ ژەمی سەرەكی و سێ ژەمی بچووك لە نێوان ژەمە سەرەكییەكاندا بخورێت، لەگەڵ دانیشتن بە دروستی لەكاتی خواردندا، ئینجا لەسەرخۆ خواردن، جۆری خۆراك بە پێی حەزی كەسی و بەرزیی كوالێتی هەڵبژێرە، بەر لە خواردن هەوایەكی پاك هەڵبمژە، ئەمە هاندەر دەبێت بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردن.

 

Top