دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بۆ گوڵان:   رێككەوتنی بەغدا و هەولێر سەركەوتنی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان و پووچەڵكردنەوەی هەموو دژایەتیكردنەكانی حكومەت بوو

دكتۆر بەشیر حەداد  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بۆ گوڵان:     رێككەوتنی بەغدا و هەولێر سەركەوتنی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان و پووچەڵكردنەوەی هەموو دژایەتیكردنەكانی حكومەت بوو

 

 

بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی تریلیۆنێك و 200 ملیار دینار، پاڵپشتییەكی ئیداریی و یاسایی بەخشییە جێبەجێكردنی ماددەی 11ی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد.

 

* دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر، دواجار یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 لە پەرلەمان تێپەڕێندرا، بەڵام لە رووی جێبەجێكردنەوە، كاتێكی زۆر بوو ماددە و بڕگەكانی ئەم یاسایە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێستا كە دەنگۆی ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان بۆ شەش مانگی نیوەی ساڵی 2021 بڕیاری لەسەر دراوە، هەرێم و ناوەند گەیشتوونەتە رێككەوتنێك، ئایا دەتوانین بڵێین ئەمە سەرەتایەكی دڵخۆشكەرە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە، بەتایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی 11ی پەیوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق؟

- سەرەتا دەبێت بزانین بۆچی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە دواكەوت، هەمووان ئاگادارن دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا كەوتە گفتوگۆ، بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە ناو بودجەی ساڵی 2021 و، دوای گفتوگۆیەكی چڕ و چەندین جار سەردانی شاندی سیاسی و تەكنیكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و، دانوستاندنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە ناو بودجەكەدا دیار بكەن، لەبەرئەوەی بابەتی بودجە زیاتر بە سیاسی كرا، بۆیە لە سەرەتادا كێشەیەكی زۆر دروست بوو، چەندین بیانوو و پاساو دۆزرایەوە، بۆ ئەوەی ئاستەنگ لە بەردەم گەیشتن بە رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەت دروست بكرێت، هەر لەسەرەتادا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڵوێستی باش بوو، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی فشار و پاڵەپەستۆكانیان لە سەر حكومەتی ناوەندی زیاد كرد و، زەحمەتیان خستەبەردەم راپەڕاندنی كارەكە و، نەیاندەویست ئەو رێككەوتنە رووبدات، بەردەوام بیانوویان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەهێنایەوە، گوایە هەرێمی كوردستان داتاو زانیاریی تەواو نادات و پابەند نەبووە بە جێبەجێكردنی ئیلتزاماتەكانی خۆی و، نەوت و داهاتەكانی تەسلیمی حكومەتی فیدڕاڵی ناكات، تەنانەت دەیانگوت داتاو ژمارەی تەواوی فەرمانبەران نانێرێت و هەرێم رێگانادات دیوانی چاودێریی فیدڕاڵی بێتە هەرێمی كوردستان و وردبینی لە ژمارە و حیساباتەكاندا بكات، هەر لەبەر ئەم بڕوبیانوو و پاساوانە گفتوگۆكان زۆر درێژەیان كێشا و، نزیكەی 25 جار شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد، هەرجارە و بە بیانوویەك رێگا نەدەدرا كارەكە بكرێت، تا دواجار بەهیمەتی هەموو لایەك و بە پەیوەندیی راستەوخۆی بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ماندووبونی شاندەكە بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی حكومەت و، هەوڵ و تەقەلای فراكسیۆنە كوردستانییەكان، توانرا رێككەوتنەكە بخرێتە چوارچێوەیەكەوە، ئەم رێككەوتنە لە ناو یاسای بودجەی ساڵی 2021 جێگای بكرێتەوە، بە زەحمەت لە ناو پەرلەمان توانرا یاساكە تێپەڕێندرێت و دەنگی لەسەر بدرێت. بەمەش دوای دەنگدان و تێپەڕاندنی یاساكە ئێمە چووینە قۆناغێكی دیكەی بەدواداچوون و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی یاساكە بەگشتی، بۆ هەموو عێراق و بەتایبەتی ماددەی 11ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە، دیسانەوە دوای دەنگدان لەسەر یاساكە هەندێك لایەن ویستیان تەگەرە بخەنە سەر جێبەجێكردنی یاسای بودجە، بۆیە تەماشا دەكەین تاكو ئەمڕۆش ئەم یاسایە بە تەواوی جێبەجێ نەكراوە، تا ئەمڕۆش هیچ پارێزگایەكی عێراق چ لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بێت، یان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، یەك دیناریان بۆ نەچووە، بۆ ئەوەی لە پرۆژە و ئاوەدانكردن و خزمەتگوزاریدا خەرج بكرێت، ئەمەش واتە جگە لە مووچە هیچی دیكە خەرج نەكراوە، بۆ ئەمەش لە پەرلەمان چەندین جار نووسراوی فەرمیمان بۆ حكومەت كردووەو، داوامان كردووە پێویستە ماددەكانی بودجە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، لەو دواكەوتنەی جێبەجێكردنی بودجە، دیارە ناردنی پشكی هەرێمی كوردستانیش دواكەوت، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی لەسەر شانی بوو، جێبەجێی كرد و، پاساوەكانی وەزارەتی دارایی و لایەنە سیاسییەكانی بەغدای بڕی و شاندێكی دیوانی چاودێریی عێراق بۆ وردبینیی تەواو هاتە هەرێمی كوردستان و، لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان و داهاتە نانەوتییەكانی كۆڵییەوە و، هەموو زانیاری و داتاكانی داهاتی نەوتی پێشكەش بە وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای سۆمۆ كرد و، داتاو ژمارەكانی فەرمانبەرانیش وردبینی تێدا كراو پێشكەش كرا. بە شێوەیەكی گشتی هەرێم هەر ئیلتیزامێكی لەسەر بوو جێبەجێی كرد، تا لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، ئەمەش سەرەتایەكی باش و دڵخۆشكەرە بوو.

* هاتنی ئەم بڕە پارەیە وەكو پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 چۆن لەسەری رێككەوتوون و، وردەكارییەكانی چییە؟ ئایا حكومەتی ناوەندی بە یەكجار پشكی شەش مانگی رابردووی هەرێم دەنێرێت، یان بە شێوەی سولفە دەبێت؟

- تەرخانكردنی 200 ملیار دینار دوای ئەوەی بە مەقاسە و كردارێكی ژمێركاری ئەو ئیلتزاماتەی لەسەر هەرێم هەیە، لە داهاتی نەوتی و نانەوتی لە پشكی هەرێم كەم كرایەوە، ئەو 200 ملیار دینارە ماوەتەوە، ئەمەش دەبێت لە 1/1/2021 تا 31/12/2021جێبەجێ بكرێت، بەمەش پێویستە حكومەتی ناوەندی ئەو شەش مانگەی رابردوو كە دەگاتە یەك تریلیۆن و 200 ملیار دینار، بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت و، لەمانگی حەوتی ئەمساڵیشەوە مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت، ئەم بڕیارە جێگای ئومێد و دڵخۆشییە، بەڵام نابێت ئەو راستییە لە بیر بكەین كە ئەمەش دیسان بڕیارە، ئێمە لە مەسەلەی بودجە و ناردنی پارە و شایستە داراییەكانی هەرێمەوە ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ بەغدا هەیە، لە ئێستادا پاساوەكانی نەناردنی پشكی هەرێم كۆتایی هات و وەزارەتی دارایی ناتوانێت بڵێت من پارە نانێرم، چونكە پاڵپشتییەكی یاسایی و ئیداریی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانیش هەیە، ئەمەش پەیوەستە بە ئیلتزاماتی هەرێمەوە، واتا ئیلتزاماتەكانی هەرێم پێش وەختە تێكڕای ناوەندی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتە، كە بەنرخی سۆمۆ و نیوەی داهاتی نانەوتی بە باج و گومرگ و داهاتەكانی دیكەی سەروەرییەوە، پێش وەختە لە پشكی هەرێمی كوردستان بڕدرا.

* گەیشتن بەم رێككەوتنە و كۆتاییهاتنی ورەكارییەكانی ژمێركاری و وردبینی، تاچەند بە سەركەوتنێكی دیكەی دیپلۆماسیی هەرێم دادەنرێت، بەتایبەتی بەرامبەر ئەوانەی بەردەوام حكومەتی هەرێمیان بەوە تۆمەتبار دەكرد، كە پابەندی ئیلتزاماتەكانی سەرشانی نەبووە؟

- پەسەندكردنی بودجە و جێگیركردنی پشكی هەرێم لە ناو بودجەكە و ئەم بڕیارەی دوایی ئەنجومەنی وەزیران، جوانترین وەڵامە بۆ ئەو لایەنە و كەسانەی كە هەموو گرفت و كێشەكانیان دەخستە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەردانی 25 جاری شاندی حكومەتی هەرێم و پێدانی هەموو زانیاری و داتاكان و وردبینی تێیدا، ئەوجا گەیشتینە ئەم رێككەوتن و بڕیارە گرنگە، ئەمە نیشانەی پووچەڵبوونەوەی هەوڵی هەموو نەیارانی كورد و ئەو لایەنە سیاسییانەیە، كە دەیانگوت حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتبارە بە جێبەجێ نەكردنی ماددەی 11 لە یاسای بودجەدا، هەروەها هێمایەكە بۆ سەركەوتنی دیپلۆماسییەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، رێككەوتنی ئەمجارە زۆر بە زەحمەت لەدایكبوو، چونكە هەندێك لایەنی سیاسی لەبەغدا زۆر بە توندی و ئاشكرایی دژایەتی ئەو رێككەوتنەیان دەكرد، تا ئەو ئاستەی دەیانگوت (ناهێڵین یەك دینار بچێتە هەرێمی كوردستان) تەنانەت وایان بە شەقام و خەڵكی خۆیان نیشان دەدا، كە ئەوە هەرێمی كوردستانە هۆكاری برسێتی و نەهامەتیی خەڵكی بەسرا و دیوانییە و ناسرییە و شارەكانی دیكەی عێراقە، هەموو نەهامەتی و وێرانی و كەمتەرخەمییەكانیان دەخستە ئەستۆی هەرێمی كوردستان، گوایە هەرێم نەوت نادات و بەشی خۆی و ئێوەش دەبات، ئەمە لەكاتێكدا هەرێم پێش ئەوەی نەوتەكەشی بفرۆشێت، بەشەكەی لە بەغدا دەبڕدرا، لە بودجەی 2019 رێككەوتنەكە وابوو كە بەغدا پارەی 250 هەزار نەوتەكە ببڕێت و باقییەكەی بدات، كەچی پشكەكەی هەرێمی نەدا، ئەوەتا زیاتر لە ساڵێكە بەغدا یەك دیناری نەناردووە و پارەیەكی زۆری لەسەرە، ئەم راستییە لە لایەن جەماوەر و خەڵكی سەرشەقامەوە ئاشكرابوو، ئێمە بەردەوام لە راگەیاندنەكانیان ئەم راستییەمان پێ دەگوتن كە ئەوە بەرپرسەكانی ئێوەیە بەشی ئێوە نادات و خزمەتگوزاریتان پێشكەش ناكەن، جارێكیان شاندی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكاندا پێی گوتن، ئەگەر دەزانین ئەو پارەیەی هەرێم دەبڕن بۆ ئەوەی خزمەتی شارەكان و هاووڵاتیانی خۆتانی پێ بكەن و شارەكان ئاوەدان بكەنەوە، ئێمە رازین، ئەوە زیاتر لە ساڵێكە بەشی هەرێمی كوردستانتان نەناردووە، دینارێكتان نەداوە بە خەڵكی خۆتان، باشە گریمان حكومەتی ناوەند رێژەی 12% دەداتە هەرێمی كوردستان، باشە 88%كەی دیكە چیی لێ دێت و دەیدات بە كێ؟ ئەوەتا بژێویی خەڵك و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە شارەكانی عێراق دەبینین، ئاوی خواردنەوەیان نییە و پیس بووە، بارودۆخی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی شارەوانی و قوتابخانە و تەندروستیش هەر باس ناكرێت، كە لە چ بارودۆخێكی خراپدان، باشە هەموو ئەو پارەیەی عێراق بۆ كوێ چوو؟ چیتر خەڵكی بڕوا بەو قسانە ناكات، لە هەموو خۆپیشاندانەكانی زیقار و گۆڕەپانی تەحریر، لە یەك خۆپیشاندان نەمان بینی لافیتەیەك دژی هەرێمی كوردستان بەرز بكرێتەوە، ئەوان گەیشتنە ئەو راستییەی كە هەرێمی كوردستانیش وەكو ئەوان لە بودجە و داهاتی عێراق بەشخوراوە.

* واتا بەم نزیكانە ئومێد هەیە بەشێك لەو یەك تریلیۆن و 200 ملیار دینارە بگاتە هەرێمی كوردستان؟

- من ئومێدەوارم بەشێك لەو بڕە پارەیەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، كە یەك تریلیۆن و 200 ملیار دینارە، بگاتە هەرێمی كوردستان، ئەو پارەیە هەمووی بەیەكجار نایەت، بە دوو سێ قۆناغ دەنێردرێت، ئەوجا بڕیار وایە 200 ملیار دینارەكە مانگ لە دوای مانگ بێت و ببێتە هۆی بووژانەوە و هۆكاری باشبوونی باروبژێوی ژیانی خەڵك و فەرمانبەرانی كوردستان. ئەگەر هەندێك كاری دوژمنكارانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەكرێت، هیچ هۆكارێكی دیكەی ئابووری و دارایی رێگر نییە لە جێبەجێنەكردنی ئەو بڕیارە، عێراق لە ئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوتی بە 45 دۆلار خەمڵاندووە، لە كاتێكدا ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت لە سەرووی 70 دۆلاردایە، خۆ ئەگەر باری دارایی عێراق باش نەبووایە، ئەمە ئەركێكی دەستووری و یاساییە لەسەر شانی حكومەتی ناوەندی فیدراڵی، چۆن ئەركی پێدانی مووچەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە ئەستۆی ئەوانە، بەهەمان شێوە ئەركی سەرشانی حكومەتی ناوەندییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بدات.

* ئایا ئەم رێككەوتنە رێگاخۆشكەر نییە بۆ نزیكبوونەوەی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا، بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی دیكەی وەكو رێككەوتنی شنگال و ئاساییكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان؟

- ئەمە هەنگاوێكی باش بوو لە حكومەتی ناوەندییەوە، هەڵوێستی بەڕێز كازمی هەڵوێستێكی بوێرانە بوو، سەرەڕای بوونی هەندێك ناڕەزایەتی بەوەی پەلە نەكرێت و وردبینییەكانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق تەواو بێت، بەڵام بەڕێز كازمی پێی راگەیاندن، بەتەنیا خۆی بڕیار دەدات كە ئەو بەشەی هەرێمی كوردستان دەبێت بنێردرێت، چونكە بڕیاری جێبەجێكردنی دەستوور و یاسای بودجەیە، ئێمەش پێمان وایە ئەمە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە و خەمخۆریی هەموو عێراقە، ئومێدەوارم ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی بەشی هەموو پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بنێردرێت و، بە زووترین كات بەشە بودجەی پارێزگاكان خەرج بكرێت. تەنانەت ئەمە ببێتە رێخۆشكەرێك بۆ جێبەجێكردنی هەموو رێككەوتنەكانی دیكەی وەكو رێككەوتنی شنگال و چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیكەی نێوان هەرێم و عێراق و، بە هەمان رۆحییەتەوە چارەسەر بكرێت، بۆ نموونە كێشەكانی ئەمنی و سەربازی و كردنەوەی ناوەندەكانی هاوبەش و دروستكردنی هێزی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكان و، گەڕانەوەی هەموو پارتە سیاسییەكان بۆ ناو كەركووك، ئێمە پێشوازیمان لە باڵیۆزی ئەمریكا كرد، بابەتێك كە لەگەڵیدا باسمان كرد، هەڵوێستی باشی ئەوان و وڵاتانی دۆست بوو، كە جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر ئاسایی بكرێتەوە و پێشێلی مافەكانی هەرێم و خەڵكی كوردستان نەكرێت.

 

Top