ناتالیا بۆ گوڵان ژیان: بۆ ئافرەتی هونەرمەندی كورد سەختە

ناتالیا بۆ گوڵان ژیان: بۆ ئافرەتی هونەرمەندی كورد سەختە

هۆزان ناتالیا خانمە دەنگخۆشی كوردی ئەرمینیا، سەرەتا لە ئۆكراینا وەك گۆرانیبێژ دەركەوت، دواتر بەهۆی بارودۆخێكی تایبەتەوە ناچار بوو روو لە ئەڵمانیا بكات، هۆزان 18 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، سەرەڕای بارودۆخی نەخوازراوی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، ناتالیا بەردەوام بووە لە كاری هونەری و بەرهەمی نویی بلاوكردۆتەوە، كە دواینیان گۆرانی ( بو تە نابم)ـە كە بە كلیپ بڵاوی كردۆتەوە.

 

ناتالیا لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری گوڵان باسی لە دووركەوتنی چەند ساڵی پێشووی لە هونەر كرد و گوتی: «من لە ئەڵمانیا لە شاری بەرلین دەژیم، ماوەی هەشت ساڵ سەرقاڵی خوێندنی زانكۆ بووم، ئەو توانایەشم نەبوو كاری هونەری و زانكۆ بەیەكەوە بكەم، چونكە من دوو كۆلێژم لە ماوەی هەشت ساڵدا تەواو كرد، ئەمە هۆكاری سەرەكیی دووركەوتنەوەی من بوو لە كاری هونەری، خۆتان دەزانن كاری هونەری ماندووبوونێكی زۆر و پارەیەكی زۆر و كاتێكی زۆریشی دەوێت تاوەكو بەرهەمێكی نوێ بڵاودەكەیەوە، ئەمەش بۆ من سەخت بوو.»

ناتالیا دەربارەی گرنگیی هونەر و گۆرانی بۆ میللەتی كورد دەڵێت: «بە درێژایی مێژوو هەمیشە میللەتی كورد لەلایەن دوژمنانی دووچاری كوشتن و ئاوارەیی و دەربەدەری بووەتەوە و، خاك و وڵات و كەلتوور و زمانی بەر هێرشی داگیركەران كەوتووە و هەوڵی بنبڕكردنیان داوە، جگە لە گیانفیدایی و شۆڕشی چەكداری میللەتی كورد بۆ پاراستنی كەلتوور و زمان و فەرهەنگی خۆی، بەردەوام پەنای بۆ هونەر بردووە و، توانیویەتی زمان و كولتووری خۆی بپارێزێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە گۆرانیگوتن و هونەریش شۆڕشە، بەڵام شۆڕش بە دەنگ و هونەر، ئەم كارە بۆ هونەرمەندانی وەكو ئێمە بە حوكمی ئەوەی لە دوورە وڵاتی دەژین تا راددەیەكی زۆر زەحمەت بوو، بەڵام لە هەمووان زیاتر هانی دەداین كە بەردەوام بین لەسەر ئەو خەباتە».

ناتالیا پێیوایە ژیانی ئاسایی بۆ ئافرەتی كورد سەختە و كاتێكیش روو لە كاری هونەر و گۆرانی بكات، ئاستەنگ و گرفتەكانی زیاتر و چەندبارە دەبنەوە، لەم بارەیەوە دەڵێت: «بۆ ئافرەتی كورد بە گشتی ژیان سەختە و بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگ و گرفت دەبێتەوە، هونەرمەند ئەگەر ئافرەت بێت ئەوا ئاستەنگەكانی زۆرتر و سەختتر دەبن، منیش ئەگەرچی لە خانەوادەكەم زۆر هاوكارییان كردووم بۆ بەردەوام بوون لە كاری هونەری، بەڵام دیسان ئاسان نەبوو، كاتێك رووم لە دەرەوەی وڵات كرد ژیان ئاسان نەبوو و، پێویستی بەوە بوو بژێوی ژیان پەیدا بكەم، بەڵام هەوڵم دا دەست لە كاری هونەری بەرنەدەم، چونكە دەمزانی لە ئەورووپا دەرفەتی زیاترم بۆ دەڕەخسێت، كە بتوانم بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ درێژە بە كاری هونەری بدەم، سوپاس بۆ خودا ئەو دەرەفەتم بۆ هاتە پێش و بووە هۆی ئەوەی ئاشنایەتیم لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی كورد لە ئەوروپا زیاتر بێت، تا ئێستاش بەردەوامم لە كاری هونەری، بەڵام پەیداكردنی بژێوی ژیان بۆ هونەرمەندێكی ئافرەتی كورد لە ئەوروپا كارێكی ئاسان نییە».

سەبارەت بەوەی كە ئایا ئاشنایەتیی لەگەڵ هونەرمەندانی كورد لە باشووری كوردستان هەیە؟ ناتالیا لەبارەوە گوتی: «ئەو دەرەفەتەم بۆ نەڕەخساوە كە سەردانی كوردستان بكەم و لە نزیكەوە ئاگاداری ژیان و گوزەرانی كوردان بم، بۆیە ناتوانم بڵێم هونەری كوردی بە گشتی و ئافرەتان بەتایبەتی لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە، ئەگەرچی ئەو ساڵانەی لە ئەوروپا ژیاوم تا راددەیەك ئاشنایەتیم لەگەڵ هەندێكیان پەیدا كردووە، كە هونەرمەندی زۆر بە توانان، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە پێم گەیشتوون، كوردستان لە زۆر رووەوە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لە رووی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە، ئێستا كورد حوكمڕانیی وڵاتی خۆی دەكات و وڵات ئازادە، هەروەها هونەریش پێشكەوتووە، هیوادارم ئەم دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ و لە نزیكەوە ئاشنای وڵاتی خۆم بم و پێشكەوتنەكانی بەچاوی خۆم ببینم.»

ناتالیا تیشك دەخاتە سەر پەیوەندی خۆی و هونەرمەندانی كورد دەڵێت: «بەداخەوە تا ئێستا دەزگایەك، یان رێكخراوێك نییە كە هونەرمەندانی كورد كۆ بكاتەوە، هەڵبەتە تێكەڵی و پەیوەندیم لەگەڵ بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی كوردستان هەیە، بەڵام لەو ئاستەدا نییە پێی دڵخۆش بین، من هەر كارێكی هونەریی نوێ بكەم، سەرەتا راوبۆچوونی چەند هونەرمەندێكی بەئەزموون و داهێنەر وەردەگرم، ئینجا بەرهەمەكانم بڵاودەكەمەوە».

سەبارەت بە هونەرمەندە كۆنەكان و كاریگەرییان لەسەر كاروانی هونەریی كوردی، ناتالیا دەڵێت: «بێگومان هونەرمەندە نەمرەكان بە هەردوو رەگەزەوە كاریگەرییان لەسەر ئێمە هەبووە، چونكە لە رێگەی رادیۆی یەریڤانەوە گوێمان لە گۆرانییەكانیان دەبوو و بەردەوام دەمانگوتەوە، ئەوەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی كاری هونەری ئەنجام بدەین».

Top