ئەمڕۆی سینەما و ئەكتەری سینەمای كوردی -2

ئەمڕۆی سینەما و ئەكتەری سینەمای كوردی -2

حەیدەر عەبدولڕەحمان

ئایا هەموو ئەكتەرێك دەتوانێت ببێت بە ئەكتەری سینەمایی؟

زۆرینەی ئەكتەرانی سینەما لە جیهاندا تەنیا كاری سینەمایی دەكەن و، لەو بوارەدا ئەزموونێكی دەوڵەمەندییان هەیە، لەوە راهاتوون كە چۆن هەلسووكەوت لەگەڵ كامێرا بكەن و، چۆن پارێزگاری لە جەستە و پێرفۆرمانسی خۆیان بكەن، دواتر ئەو داهاتەی بەهۆی ناودارێتی و وەرگرتنی خەڵات لە فیستیڤاڵە جیهانییەكانەوە بە دەستیان هێناوە، هەروەها ئەو هەموو عروزاتەی لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بۆیان دەخرێتە روو، ئەو كاتەی بە دەستەوە نادەن کە دەرفەتێك بدۆزنەوە بۆ كاری درامی، یان شانۆیی.

ئەو ئەكتەرانە چەند ئەوەندەی ناوداریەتیان زۆرتر دەبێت،كرێی كار كردنیان گرانتر دەبێت، ئەوەندەش بەپراكتیك كار بۆ سینما دەكەن، بەشێوەیەكی سروشتی رێچكەی راستەقینەی نواندنی خۆیان ئەنجام دەدەن و ئەو نواندنە دەكەن كە سینەما دەیەوێت .

بەڵام واقیعی فیلمسازی لە كوردستاندا بۆ ئەكتەر  شتێكی دیکەیە، لە بەر ئەوەی پیشەی ئەو ئەكتەرانەی لە سینەمادا كار دەكەن، تەنیا سینەما نییە، بەڵكو بۆ هەندێكیان شانۆ بووە، بۆ هەندێكی دیكەشیان دراما، یان ئەكتەرێكی كۆكتیل بوون و بەشێوەیەكی میللییانە دروست بوون، بەتایبەت شانۆكارە كلاسیكییەكان، كە لای ئەوان فۆرمی نواندن و پێرفۆرمانسی ئەكتەر، لە نێوان هونەری شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنی و سینەمادا ئاوێتەی یەكتر بوون و،  زۆر لە ئەكتەرانی كورد لەكاتی كاركردن لەو هونەرانەدا، تایبەتمەندی خۆیان  نادەنە پاڵ هەر یەك لەوان، بۆیە زۆر جاران لە ئەنجامی ئەو تێكەڵاوبوونەو جیاوازی پێ‌ نەكردنەیان، هەندێ‌ لەو ئەكتەرانە دوچاری شكست بوون وەك ئەكتەر، لە هەمان كاتیشدا ئاسەوار و كاریگەرییەكی نێگەتیفانەیان  بەسەر بەرهەمیشدا بەجێ‌ هێشتووە، فاكتەری سەرەكیی ئەو تێكەڵاوكردنە لەوەدایە، كە زۆرینەی ئەكتەرانی كورد بەگشتی لەسەر بونیادێكی ئەكادیمی پەروەردە نەكراون و،  لە هونەری شانۆوە پەڕیونەتەوە سەر دراما، پاشان لە دراماوە بازیان داوەتە سەر سینەما، خۆیان و ئەو فۆرم و ستایلە تەقلیدییانەی پێیانەوە نوساوە، بە گۆڕینی  هونەرەكان  لێیان جیا نەبووتەوە و  لە هەر سێ‌ بواردا،  بە یەك فۆرم نواندنیان  كردووە.

روویەكی دیكەی فاكتەرەكان ئەوەیە كە ئەزموونی زانستی و پیشەیی ئەكتەری كورد لەگەڵ سینەمادا ئەزموونێكی زۆر لاوازە و هەرگیز وەك ئەكتەرێكی پرۆفیشناڵ پشتی پێ‌ نابەسترێت، ئەوەی هەیە كۆمەڵە بەرهەمێكی لاوازە، كە نە لەگەڵ تەكنیكی ئەمڕۆی سینەمادا دەگونجێت‌، نە لەگەڵ فۆرمە جیاوازەكانی ئەمڕۆی پێشكەوتنی سینەمادا هاوكووفە.

بۆیە دەرهێنەر ناچار دەبێت كە هەندێ‌ جار سەركێشی بكات و ئەو ئەكتەرە كلاسیكییە بێ‌ ئەزموونانەی بواری شانۆ و دراما، بۆ سینەما بەكاربهێنێت، كە بەزەقی پێرفۆرمانسی شانۆییان پێوە دیارەو، هەمان ئەكشن و ئیلقاو دەنگی شانۆیی و دەرخستنی جەستە بۆ سینەماش بەكار دەهێننەوە.

ناكرێت هەندێ‌ دەرهێنەر بەتوانست و ئەزموونی هیچ ئەكتەرێكی شانۆیی فریوخواردوو بێت و،‌ وای بۆ بچێت كە ئەو ئەكتەرە هەمان ئەو سەركەوتنانە بەدەست بهێنێت كە لە شانۆ، یان درامادا بەدەستی هێناوە، نەخێر، هەندێ‌ لەو ئەكتەرە جیاوازانە دەبنە بارێكی گران بەسەرشانی سینەماوە.

ئەوەی بۆ سینەما گونجاوە هیچ لەو ئەكتەرانە نین كە قاڵبێكی شانۆییان وەرگرتووە، بەڵكو تەنیا ئەكتەرە خاوەن ئەزموونەكانی سینەمان، كە لە چەندین ئەزمووندا توانای خۆیان لە بەرهەمەكاندا دەرخستووە، یان كاراكتەری سرووشتیی شەقامن، لەوانەی نەكەوتوونەتە ژێر كاریگەریی هیچ فۆرمێكی تەقلیدی، كە هەندێ‌ لەوانە هیچ جۆرە نواندنێكیان نەكردووە، بەڵام دەرهێنەر لە كاتی وێنەگرتندا بەو شێوەیە دروستی دەكات، كە ئەو دەیخوازێت‌، ئەوەتا زۆر لەو ئەكتەرانەی لە شەقامەوە هێندراونەتە ناو سینەما، هەندێكیان ئێستا بوونەتە ئەكتەری جیهانی و چەندین خەڵاتی سینەماییان لە جیهاندا بەدەست هێناوە، بۆ نموونە كاراكتەری (وەحشی) كە لە فیلمی (رسالة) ی مستەفا عەقاد، بە رم حەمزەی مامی پێغەمبەر (د.خ) دەكوژێت‌، ناوی عەلی سالم قەدارەیە و خەڵكی لیبیایە، لە ژیانیدا كاری نواندنی نەكردووە، كاتێ‌ مستەفا عەقادی دەرهێنەر لە هوتێل چاوی پێی دەكەوێ‌، بۆ ئەو رۆڵە هەڵیدەبژێرێت.

عەلی سالم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا دەربارەی رۆڵەكەی لە فیلمی (رسالة) گوتی: «دوای ئەوەی دایكم فیلمەكەی بینی، لە ماڵ دەریكردمە دەرەوەو هاواری بە سەرمادا كرد، کە چۆن تۆ پێ‌ دەنێیتە ماڵەكەم، کە تاوانباری بە كوشتنی ئیمام هەمزەی مامی پێغەمبەر».

ئەو جۆرە ئەكتەرانەی سەرشەقام كە لەلایەن دەرهێنەرەوە بۆ بینینی رۆڵی هەندێ‌ لەو كاراكتەرانە بژار دەكرێن، تەنیا روخسار و رەنگ و شێوەی لێكچونیان لە كاراكتەر، دەبنە هۆكاری راكێشانی ئەو كەسایەتییانە بۆ ناو دنیای سینەما.

 ئەزموونی ئەكتەری كورد لە گەڵ سینەمادا، بە قەد كورتیی تەمەنی سینەمای كوردی ئەزموونێكی كورتە، نەك هەر ئەكتەر، هەموو رەهەندە هونەرییەكانی سینەما بەگشتی لە دەستپێكدان و تا ئێستا نەكەوتوونەتە  سەر پێ‌، كە خاوەنی شوناسێكی سەربەخۆ نەبێت.

Top