سوودەكانی كەرەنتینە بۆ نیكۆل كیدمان

سوودەكانی كەرەنتینە بۆ نیكۆل كیدمان

خانمە ئەكتەری ناسراوی هۆڵیود (نیكۆڵ كیدمان) رایگەیاندووە كە ماوەی كەرەنتینەی لە شاری ناشڤیلی ئەمریكا بەسەر بردووە و بە كاتێكی ناخۆشی وەسف كرد، بەڵام ئەوەشی راگەیاند كە لەو ماوەیەدا بەهرەیەكی نوێی پەیدا كرد.

كیدمان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئەنستاگرام رایگەیاند: «لە كاتی كەرەنتینە ناچاربووین لە ماڵەوە بمێنینەوە، كاتێكی زۆرمان لە بەردەست بوو و، پێویست بوو خۆمان بە كارێكەوە سەرقاڵ بكەین، بۆیە منیش ئەو كاتەم بە دەرفەت زانی، بۆ ئەوەی خۆم فێرە زمانی ئیتاڵی بكەم»، ئەم ئەكتەرە بە رەچەڵەك ئوسترالییە وێنەیەكی خۆی بڵاوكردۆتەوە كاتێك سەرقاڵی خوێندنەوەی كتێبێكی ئیتاڵییە و، لەژێر وێنەكەدا نووسیویەتی: «لەو كاتەی كە لە ماڵەوەم هەوڵم داوە فێری زمانی ئیتاڵی ببم، ئەم زمانە هیوای زیاتری پێ بەخشیوم، من هەمیشە ئیتاڵیام خۆشویستووە، بەڵام توانای فێربوونی زمانی ئیتاڵی لەم كاتەدا وەك رزگاركەر و نیعمەتێك بوو بۆ من». پێشتر چەند جارێك نیكۆڵ كیدمان رایگەیاند بوو كە ئارەزوو دەكات فێرە زمانی ئیتاڵی ببێت، ئەمەشی بە كارە گرنگەكانی دانا. جێگای وەبیرهێنانەوەیە كیدمان بۆ بەسەربردنی كەرەنتینە لەگەڵ كیس ئۆربانی هاوسەری و كچەكانی ئەمریكای هەڵبژارد، هەروەها لەو ماوەیەدا بەشداریی لە ئاهەنگێكدا كرد، بۆ پشتگیری لە كارمەندانی كەرتی تەندروستی لە ئەمریكا.

سەرچاوە الیوم السابع

Top