سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەکات

ئەمڕۆ شەممە 19 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کرد .
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا لە بواری ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی و ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و خراپ بەکارهێنانی پارە بۆ کاری نایاسایی و پشتیوانیکردنی تیرۆر.
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی ، مامەڵە لە گەڵ لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق دەکات کە بنکەکەی لە هەولێرە ، وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار و تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی کاروباری بانکیی لە هەرێم .
سەرۆکی حکومەت وێڕای ئامادەیی دەربڕین بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ بانکی ناوەندی عێراق ، دووپاتیشی کردەوە کە ڕێکخستنەوەی سیستەمی بانکی، دەکرێ ببێتە بنەمایەکی گرنک و بەهێز بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی پڕۆسەی وەبەرهێنان و بەدەستهینانی متمانەی بانک و دامودەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان.

Top