کونسوڵی گشتیی ئێران: وڵاتەكەمان هۆكاری كەمبوونەوەی ئاوی كوردستان نییە

کونسوڵی گشتیی ئێران: وڵاتەكەمان هۆكاری كەمبوونەوەی ئاوی كوردستان نییە

 

نەسروڵلا ڕەشنوودی کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی دەنگی ئەنادۆڵی راگەیاندووە كە بەهۆی کەمبارانی و کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی لە هەرێمی كوردستان، هەندێک جار پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران درێژ دەکرێت بەوەی ژمارەیەک بەنداوی نوێی دروست کردووە.

ڕەشنوودی دەشڵێت وشکەساڵی  دیاردەیەكی جیھانییە و شتێکی ئاساییە، ئێرانیش بێ بەش نەبووە لە وشکەساڵی و لەئێستادا لە هەمان کێشەدایە. ڕوونیشی كردەوە كە وڵاتەكەی هۆکارنییە بۆ کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

کونسوڵی گشتیی ئێران دووپاتیشی كردەوە كە ئەوەی لە دەزگاکانی راگەیاندن باسی لێوە دەکرێت کە گوایە ئێران هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق و هەرێم، دوورە لە ڕاستییەوە، ئاشكراشی كرد كە وڵاتەكەی نیگەرانە لەهەمبەر ئەو وشكەساڵییەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.

لە بابەتێكی دیكەشدا نەسروڵلا ڕەشنوودی باس لەوەش كرد كە قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە، ساڵانەش پێشانگای زۆری کاڵای ئێرانی لە لێرە دەکرێنەوە، هۆكاری ئەم یادبوونەشی گەڕاندەوە بۆ پەیوەندیی باشی نێوان هەردوو لا، هەروەها هەبوونی مەرزە ھاوبەشەکان، لەگەڵ نزمیی نرخی کاڵاکانی ئێران و بەرزی کوالێتیی زۆربەی كاڵاو شتومەكی ئێرانی.

 

 

 

 

 

Top