ئێران.. گەشتی دەرەوە لە تۆمەتبارانی بڵاوكردنەوەی تۆمارەكەی زەریفی قەدەغەكرا

ئێران.. گەشتی دەرەوە لە تۆمەتبارانی بڵاوكردنەوەی تۆمارەكەی زەریفی قەدەغەكرا

 

دادگای باڵای ئێران فەرمانێكی دەركردووە بە  قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵات بۆ هەندێك لەو کەسانە، کە تۆمەتباركراون بە دزەپێکردن و بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران.

لەم بارەوە غولام حسێن ئیسماعیلى وتەبێژی دادگای باڵای ئێران لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاندووە  ئەم فەرمانە هەموو تۆمەتبارەكانی ئەم كارە دەگرێتەوە، بەڵام بە ئاشكرا ناوو ناسنامەی هیچ یەكێكی لەو تۆمەتبارانە ئاشكرا نەكرد.

وتەبێژی دادگای باڵای ئێران ئاماژەشی بەوە كرد كە داواکاری گشتیی ئێران داوای كردووە  لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانە بەردەوام بێت، تەنانەت كۆمەڵێك لەو کەسانەی  كە تۆمەتباركراون خراونەتە ژێر چاودێریکردنێکی توندەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە مانگی نیساندا، تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراوی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوکرایەوە، کە تێیدا باسی  لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و هەژموونی خامنەیی و قاسم سلێمانی و سوپای پاسداران لەسەر چالاکییە دیبلۆماسییەکان ئاشکراکردبوو،  كە بووە مایەی توڕەبوونی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران.

 

 

Top