ڤیان سەبری: پاراستنی سنووری هەرێمی كوردستان ئەركی هاوبەشی هەولێرو بەغدایە

ڤیان سەبری: پاراستنی سنووری هەرێمی كوردستان ئەركی هاوبەشی هەولێرو بەغدایە

 

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ھەندێک ناوچە ھەن کە لە ڕووی ئەمنییەوە توندوتۆڵ نین و لە لایەن پەکەکەوە دەقۆزرێنەوە، هاوكات ئاماژەی بەوە كرد كە زۆر گرنگ و پێویستە ھەماھەنگی و ھاریکاریی نێوان وەزارەتی بەرگریی فیدراڵی و وەزارەتی پێشمەرگە پتەوترو زیادتر بكرێت، بە تایبەتیش زیادكردنی ژمارەی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ھەرێمی کوردستان .

ڤیان سەبری ڕوونی كردەوە كە سەردانی ناوچەی باتیفایان كردووە لە قەزای زاخۆ بۆیان دەركەوتووەو کە ھەندێک ناوچە ھەن لە ڕووی ئەمنییەوە توندوتۆڵ نین و لەلایەن پەکەکەوە دەقۆزرێنەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە  كە زۆر پێویستە پاڵپشتیی لۆجستی، کامێرای چاودێری و ڕادار، هاوكات پاڵپشتیی دارایی لە لایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە زیادبکرێت. لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ڤیان سەبری باسی لەوە كرد كە لەگەڵ جومعە عناد وەزیری بەرگریی عێراق  كۆبووەتەوەو بە تێروتەسەلی گفتوگۆیان كردووە لەسەر كێشەكانی ناوچە سنوورییەكان و بەرپرسیارێتیی پاراستنی سنووری هەرێمی كوردستان كە هاوبەشە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

 

Top